Monday, August 29, 2016

مه‌سرور بارزانی: ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ ئارادایه‌





ئه‌مڕۆ 29-8-2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ نه‌دیم زه‌هاوی په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیا تیشكی خسته‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفرادۆم و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ئارادایه‌. 

له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و جه‌خت له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ش كرا كه‌ تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش دان. 

په‌یوه‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ‌، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی و هاوپه‌یمانی جیهانی به‌ سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌یه‌ كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد و جه‌ختی له‌ گرنگی رێككه‌وتنی سیاسی ‌بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌له‌دوای داعش كرده‌وه‌. 

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌و جیاوازییه‌ سیاسیه‌كان و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا ، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كاته‌كه‌ی به‌ گونجاو دانا و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ئارادایه‌.

Friday, June 17, 2016

مه‌سرور بارزانى: فیدڕالیزم له‌ عێراق ئه‌نجامی نه‌بووه‌




له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆیته‌رز مه‌سرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، فیدڕالیزم له‌ عێراق ئه‌نجامی نه‌بووه‌ و پێویسته‌ یان به‌ ته‌واوی عێراق دابه‌ش بكرێت، یانیش له‌ نێوان كورد و سوننه‌ و شیعه‌ كۆنفیدراڵییه‌ك دروست ببێت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان پایته‌ختێكی هاوشانیان هه‌بێت و هیچ كام له‌ پایته‌خته‌كان له‌ سه‌رووی ئه‌وانی دیكه‌ نه‌بێت. 

ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێی وایه‌، بێ متمانه‌یی له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ چیتر پێكهاته‌كان ناتوانن له‌ ژێر یه‌ك سه‌قفدا بمێننه‌وه‌. دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌: سوننه‌كان پێویسته‌ له‌م ناوچانه‌ی زۆرینه‌ن، له‌ باكوور و ڕۆژئاوای عێراق، ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یان پێ بدرێت . 

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشنیازه‌كه‌یان چاره‌سه‌ره‌، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ پێكهاته‌كان له‌ژێر یه‌ك سه‌قفدا بژین، به‌ڵكو: ده‌توانن دوو دراوسێی باش بن و هه‌ر كات دڵنیا بوونه‌وه‌، داهاتوویه‌كی باش و سه‌قامگیریان هه‌یه‌، ده‌توانن ده‌ست به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن . 

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ سوننه‌كان هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌، له‌ لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ په‌راوێز خراون و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ ڕێگه‌ خۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش) بتوانێت ناوچه‌كانی ئه‌وان بخاته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی مووسڵ، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌كانی مووسڵ پێویسته‌ پێشوه‌خته‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر قۆناغی دوای داعش بكه‌ن. جه‌ختیشی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ له‌ دوای شكستدانی داعش، گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بۆشاییه‌ك له‌ قۆناغی دوای ڕزگاركردنی ئه‌و شاره‌ هه‌بێت، له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ كاره‌ساتێكی دیكه‌.

Thursday, June 9, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاروبارى باڵیۆزخانه‌ی فلیپین لە عێراق کرد 9-6-2016





ئه‌مڕۆ 9/6/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجموومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازییكردنی له‌ ئالمه‌ر كاتۆ هه‌ڵسوڕاوی بالیۆزخانه‌ی فلیپین له‌ عێراق ئاماژه‌یدا به‌ گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی ئابووری و ئه‌كادیمی و كلتووری له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و فلیپین و هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعشدا.

له‌و دیداره‌دا باس له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ محوه‌ری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ كرا و به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا، له‌وباره‌وه‌ ئالمه‌ر كاتۆ رایگه‌یاند، به‌ناوی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستخۆشی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌تان لێده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام شتی زۆر له‌ گه‌لی كوردستان فێر ده‌بن، به‌وه‌ی له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ له‌بری هه‌مووان دژ به‌ تیرۆریستان ده‌جه‌نگن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ فلیپین ئاماده‌ی مه‌شق و راهێنانه‌ به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش.

له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی سوپاسی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه پێویسته‌ فلیپین به‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی خۆی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستاندا بگێڕێ و رایگه‌یاند،‌ سه‌ره‌تا داعش له‌ عێراق سه‌ریهه‌ڵدا و له‌ سوریا گه‌شه‌ی كرد، پاشان سه‌رانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیای گرته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیهانی. هه‌روه‌ها باسی له‌بارودۆخی هێلێ پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ كرد، به‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی پاشه‌كشه‌ به‌ داعش بكات و ناوچه‌یه‌كی زۆری لێ پاك بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و چه‌كه‌ی له‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ دایه‌ وه‌ك پێویست نییه‌‌.

هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی ئابووری، ئه‌كادیمی و كلتووری له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو، له‌مڕووه‌وه‌ هه‌ڵسوڕاوی بالیۆزخانه‌ی فلیپین رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كار ده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی خۆی له‌ هه‌ولێر.

Monday, June 6, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق کرد 6-6-2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق کرد




ئه‌مڕۆ 6/6/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ برنۆ ساكۆنامی بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایهاتنی كاره‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌ دیدارێكدا هاوكاریی سه‌ربازی كه‌نه‌دا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دا تاوتوكرا. له‌وباره‌وه‌ بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق ئاماژه‌ی به‌ كۆمپانیاكانی كه‌نه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا كۆمپانیاكانی كه‌نه‌دا توانیان شوێن پێیه‌كی قایم له‌ كوردستان دابمه‌زرێنن، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادایه‌. هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی درێژخایه‌ن بوونی دیپلۆماسی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاد بكات و له‌ هاوكاریه‌كانیشی بۆ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی سوپاسی ساكۆنامی كرد بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی گێڕای له‌ دروستكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دادا. هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست. هه‌روه‌ها سوپاسگوزاری خۆشی به‌رامبه‌ر كه‌نه‌دا نیشاندا له‌ به‌رده‌وامبوونی له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

Sunday, June 5, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازیی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری كرد





مەسرور بارزانی: كاتێك له‌ وڵاتێكدا هاووڵاتیان له‌سه‌ر ناو و ناسنامه‌ بكوژرێن، به‌ یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی وڵات هیچ مانایه‌كی نییه‌



ئه‌مڕۆ 5/6/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ فره‌نسیس فیلۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك سێناتۆر و په‌رله‌مانتار و تیمێكی رۆژنامه‌وانی پێكهاتبوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی كرا.



له‌ دیدارێكدا، كه‌(ئالن گۆپێرتێ) كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، فره‌نسیس فیلۆن باسی له‌ سه‌ردانیكردنی شانده‌كه‌ بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگی كرد به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادار بوون له‌ بارودۆخی مه‌یدانی و رایگه‌یاند، فه‌ڕه‌نسا له‌ پشتیوانی و هاوكاریكردنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.



پاشان مه‌سرور بارزانی باسی له‌ بارودۆخی مه‌یدانی به‌ره‌كانی جه‌نگ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد‌ و رایگه‌یاند، كاتێك له‌ وڵاتێكدا هاووڵاتیان له‌سه‌ر ناو و ناسنامه‌دا بكوژرێن، به‌ یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی وڵات هیچ مانایه‌كی نییه‌. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ باسی له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمی كوردستان كرد بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.



هه‌ر له‌و دیداره‌دا شاندی فه‌ڕه‌نسا، وێڕای ستایشكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ حه‌وانه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ و لێقه‌ماوانی رووداوه‌كان له‌ ناوچه‌كانی عێراق، ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، كه‌ وه‌ك ئه‌وڕووپیه‌كان له‌ڕووی مێژووییه‌ به‌رامبه‌ر كورد و كوردستان هه‌ست به‌ تاوان ده‌كه‌ن و ئاواته‌خوازن له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا قه‌ره‌بۆی ئه‌و

چه‌وتییه‌ مێژووییانه‌ بكرێته‌وه‌.


Tuesday, May 31, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد




ئه‌مڕۆ 31/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌نه‌س عه‌بده‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ حه‌واس سه‌عدون، عه‌بدولئه‌حه‌د ستیفۆ، هه‌یسه‌م ره‌حمه‌و محه‌مه‌د جوجه‌. 

له‌و ‌دیداره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی مرۆیی و پێشكه‌وتنه‌ مه‌یدانییه‌كانی سوریا و ناوچه‌كه‌، له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئیئتلافی نیشتمانی سوریا سوپاسی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌به‌رامبه‌ر ‌حه‌واندنه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان به‌ ئاواره‌كانی سوریا. 

هه‌ر له‌و دیداره‌دا له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان‌ و پێویستی به‌شداریكردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ دروستكردنی بڕیاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كاروباره‌كانی ئێستا و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌‌ گفتوگۆ كرا و هه‌موو جۆره‌ تاكڕه‌وی و پاوانخوازییه‌ك ره‌تكرایه‌وه‌، ‌كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش و به‌دیهێنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ سوریا و ناوچه‌كه‌ رۆڵ و پێگه‌ی خۆیان هه‌بێت. 

كۆبوونه‌كه‌ پاڵپشتی خۆی بۆ‌ چه‌سپاندنی مافه‌نه‌ ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووری ئاینده‌ی سوریا دووپاتكرده‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژئاوا، كه‌ شاره‌زایی و ئه‌زموونێكی باشیان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش هه‌یه‌ به‌پێویست و گرنگ دانا بۆ شه‌ڕی تیرۆریستان و پاراستنی ناوچه‌كه‌. 

هه‌روه‌ها رۆڵی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و نوێنه‌ری گه‌لی كورد له‌ ئیئتلافی نیشتمانی به‌رز نرخێندرا.