Tuesday, March 13, 2018

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی کۆماری چین لە عێراق کرد




ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە چین ویتچینگ باڵیۆزی کۆماری چین لە بەغدا و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا دوا رەوشی ناوچەکە و پەیوەندیيەکانی چین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی پێشخستنی ئەو پەیوەندیانە تاوتوێکران.

باڵیۆزی چینی ستایشی رۆڵی هەرێمی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کرد و وتی: "هەرێم لە دابین کردنی ئارامی و ئاسایش سەرکەوتوو بووە ئەمەشیان زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات بۆ ئەوەی هەرێم لە گشت بوارەکانی تر سەر لە نوێ رێگەی پێشکەوتنی زیاتر بگرێتەبەر".

باڵیۆزی چین ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی خوازیارە لە ڕووی ئابووری و کولتووریيەوە پەیوەندیی فراوانتری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی خواستى هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندیيە هەمەچەشنەکانی هەرێم لەگەڵ چین دەربڕی و ئاماژەی بە ئەوەدا کە کۆماری میللیی چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە و خوازیارین ئەم پێگە کارایە بۆ چارەسەریی کێشە چەقبەستوەکان و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بەکار بهێنن.

Wednesday, March 7, 2018

مەسروور بارزانی له‌ به‌رده‌وامیی پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان بێده‌نگ نابین


مەسروور بارزانی  له‌ به‌رده‌وامیی پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان بێده‌نگ نابین   

مه‌سروور بارزانی، راویژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، لە بارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئەگەر پێشێلکارییە دەستوورییەکان بەردەوام بن ناتوانین بێ دەنگ بین و هەرێمی کوردستان بژاردەی دەستووریی زۆری لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی بکات".

گوته‌كانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی دیدارێكدا هات، له‌گه‌ڵ برادلی ساودن، باڵیۆزی نیوزلەندا لە عێراق و له‌ دیداره‌كه‌دا، دوا رەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بەردەوامیی هەماهەنگیی زیاتر لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە تیرۆر تاووتوێ کران.

باڵیۆزی نیوزلەندا وێڕای ستایشی رۆڵی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێم و نیوزلەندا دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتره‌ کێشەکانی هەولێر و بەغدا کۆتاییان پێبێت، تاکو زەمینەی لەبارتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بڕەخسێت.

لە بەرامبەردا مەسروور بارزانی، جەختی لە سەر بەردەوامیی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە و گووتی: "هەرێمی کوردستان وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆریستان دەمێنینەوە".

Monday, March 5, 2018

مه‌سروور بارزانی: ھەرێمی كوردستان ئەركە دەستوورییەكانی جێبەجێكردووە



مه‌سروور بارزانی: بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنی کۆی دەستوور ده‌دزێته‌وه‌

مەسروور بارزانی جەخت لە سەر دانوستانەکان لە سەر بنەمای جێبەجێكردنی دەستوور ده‌كاته‌وه‌و و رایگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان ئەرکە دەستوورییەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام لە بەغدا خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی کۆی دەستوور وەک یەك پەکێج هەیە. هه‌روه‌ها دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر ئەرکەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات تاکو زەمینە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی و گەشەکردنەوەی تیرۆر نەرەخسێتەوە.

ئه‌مڕۆ 5/3/2018 مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تۆن ئالەرس، باڵیۆزی نوێی نەرویج بۆ ئوردن و عێراق كۆبووه‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزه‌كه‌ی نه‌رویج پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە نەرویج بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ناوچەکەدا و خوازیاری فراوانترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەیه‌ لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.

باڵیۆزی نەرویج پشتگیری وڵاتەکەیشی بۆ دانووستانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردوە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەم دانوستانانە ئەنجامی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ خاتوو ئالەرس لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و ستایشی وڵاتی نەرویجی کرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانەی کە لە چوارچێوەی هاپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە.




Wednesday, February 28, 2018

مەسرور بارزانی لەگەڵ چەند گەورە سیناتۆرێک كۆبووەوە

مه‌سروور بارزانی: گرنگه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رهه‌می باشيان بۆ كوردستان هه‌بێت





مه‌سرور بارزانی له‌ واشنتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ سیناتۆری ئه‌مریكی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئه‌مریكا و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا تاووتوێ ده‌كات.
له ‌چواچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا، مه‌سروور بارزانی, راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد, ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی گرنگیان ئه‌نجامداوه‌ و روونيشى كرده‌وه‌، ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌رهه‌می باشیيان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتنه‌وه‌ رایگه‌یاند, چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی گرنگیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ و كۆنگرێسمان و سیناتۆره‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامداوه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا و درێژه‌دان به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ گه‌لی كوردستان, سیناتۆرێكی ئه‌مریكیش رایده‌گه‌یه‌نێت كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد نزیكه‌.
ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامی سزاكانی عێراق بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پرسانه‌ بوون كه‌ مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ سیناتۆری ئه‌مریكی تاووتوێيكردن.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئاشكرای كرد, كۆبوونه‌وه‌كان پۆزه‌تیڤ بوون، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رهه‌می باشیيان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.

یه‌كێك له‌و سیناتۆره‌ ئه‌مریكیانه‌ی كه‌ مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵی كۆبووه‌وه‌، گه‌وره‌ سیناتۆری كۆمارییه‌كان، تێد كروز بوو كه‌ به‌ یه‌كێك له‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكانه‌ ناسراوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پشتگیریی له‌ پرسی كورد كردووه‌ و دوای كۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی، تێد كروز به‌ كوردستان24 راگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌مریكا به‌ هه‌موو توانایه‌كییه‌وه‌ پشتگیریی له پرسی كورد بكات و به‌مزووانه‌ كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ده‌بینن.


تێد كروز گوتی: "من به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌ پشتگیریی له‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌كه‌م, كورد هه‌میشه‌ هاوپه‌یمانمان بوون و پشتگیریی ئه‌مریكایان كردووه‌، له‌كاتی زۆر زه‌حمه‌تدا پاڵپشتی ئه‌مریكایان كردووه‌ و له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ش قوربانی زۆریانداوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌، تێد كروز ده‌ڵێت: "هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌ندینجار ئه‌و راستيیه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ جه‌نگاوه‌رێكی ئازا و چاونه‌ترسن, بۆیه‌ من له‌و بڕوایه‌دام كه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا بێ هیچ مه‌رجێك پشتگیریی كورد بكات, زۆربه‌ی كاتیش ویستوومه‌ ده‌نگی كورد بگه‌یه‌نمه‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكی و دڵنیاشم به‌مزووانه‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌بینم".


له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ واشنتن، مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ سیناتۆر تیم كه‌ین كاندیدی دیموكراته‌كانی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابردوو، كۆبووه‌وه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ سیناتۆری كۆمارییه‌كان كۆبووه‌وه‌.


راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی توویته‌ر، له‌ باره‌ی زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانه‌كه‌یدا، بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ له‌ كاپیتۆڵ هیڵز، نووسیویه‌تی: "له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانییان له‌ هه‌رێمی كوردستان سوپاسم كردن و گفتۆش له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كوردستان كرا، جه‌ختیش له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌غدا مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكات".



Monday, February 26, 2018

مه‌سرور بارزانی: هه‌میشه‌ مه‌رامێك بۆ بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سنووری هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌


مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند : ئەمریكییەكان به‌ به‌رده‌وامی جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی په‌یوندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و، هه‌ر كاتێكیش گرفت بكه‌وێته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنن. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئه‌مه‌ریكا له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌ و گرنگیشی پێ ده‌ده‌ن".
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت،:"مه‌به‌ستی ئێمه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگی وه‌ك په‌یوندی هه‌نوكه‌یی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و، ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ ئێستا له‌عێراق له‌ئارادایه‌، وێڕای تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
هه‌روه‌ها گوتی: "تائێستا چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌مان له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆشكی سپی و ئه‌مه‌ریكا به‌گشتی ئه‌نجامداوه، له‌وانه‌ش دانیشتنێكی تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ هێربه‌رت ماك ماسته‌ر، راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هه‌بووه‌، هه‌وره‌ها چه‌ندین دیدارمان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامداوه‌‌‌ و، له‌ داهاتووشدا چه‌ندین دیدارمان له‌گه‌ڵ سیناتۆر و كۆنگرێسمانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت".
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وكانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "زیاتر باسی دۆخی گشتی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌م گفتوگۆیانه‌ بوو، باسی ئه‌وه‌مان كردووه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ جێبه‌جێمان كردووه‌، به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق له‌ یه‌كه‌م مادده‌وه‌ تا دوا بڕگه‌، ئێمه‌ش پێمان وابووه‌ كه‌ ئیتر پێویسته‌ حكومه‌تی به‌غدا ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت له‌ ناردنی مووچی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم".
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاش له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌دا، مه‌سرور بارزانی رایگەیاند : ئەمریكییەكان بەردەوام باس لەوەدەكەن، پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان گرنگی تایبەت بەخۆی ھەیە و، بەردەوام دەبن لە پتەوكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە، تاكو ئێستا ئەگەر لەھەندێك شوێن پەیوەندییەكان گرفتیشیان تێكەوتبێت، ئامادەن چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ بكه‌ن و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ھەرێمی كوردستان بەشێكی زۆر گرنگە لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست، ئەمریكاش گرنگی بەو پێگه‌ گرنگەی دەدات".
سه‌باره‌ت به‌ داعشیش، مەسرور بارزانی  گوتی: "داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی ھێناوە و ئه‌و شوێنانه‌ی داگیریان كردبوو، رزگاركراونه‌ته‌وه‌، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە داعش بەتەواوی تێكشكابێت، چونكە لە چەندین شوێن سەریان ھەڵداوەتەوە و تائێستا چه‌ند هێرشێكیان له‌ سنووری كه‌ركووك بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامداوه‌"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "بۆ ئەوەی گروپەكانی داعش و ھاوشێوەی داعش نەمێنن، پێویستە ئەو فاكته‌رانه‌ی دەبنە ھۆكاری سەرھەڵدانی ئەو گروپە تیرۆرستیانە، چارەسەر بكرێن، به‌ڵام تا ئێستا عێراق هه‌نگاوی بۆ چاره‌سه‌ركردن نه‌ناوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش، كه‌ له‌ 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 ئه‌نجامدرا و له‌ 92%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌ڵێی پێدا، مه‌سرور بارزانی گوتی، "ریفراندۆم ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژارده‌ی ژیانی خۆی له‌ داهاتوودا ده‌ستنیشان بكات، كه‌ ده‌یه‌وێت چۆن بژیت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ واقعی نین یاخۆد ناتوانین لێكدانه‌وه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی جیهان بخوێنینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دابووین ریفراندۆم رێگری له‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌كات كه‌ كرایه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ پێویستیمان به‌ گرێنتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ خوێنڕشتن و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌ده‌یان ساڵه‌ رووبه‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوونه‌ته‌وه‌ و بنبڕ بكرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ واتایه‌كی دیكه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆكرا، ئیمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش مه‌به‌ستدار بوو، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌رامێك بۆ بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سنووری هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش ریفراندۆمیان وه‌ك بیانۆ به‌كارهێنا، ئه‌گینا ده‌ره‌نجامه‌كانی ریفراندۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون كه‌ هێرشێكی ناڕه‌وای له‌مجۆره‌ بكرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".

مه‌سروور بارزانی و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ ده‌كه‌ن






ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26/2/2018، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ جۆناسان كۆهین، یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌كان نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ ده‌كات و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك کۆنگرێسمانی ئه‌مەریکاش كۆببێته‌وه‌.
له‌ دیداری نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا، باسی جیاوازییه‌ سیاسییه‌كانی نیوان هه‌ولێر و به‌غدا و چۆنییه‌تی درووستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان هه‌ر دوو لادا و ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بیگێڕێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌.
هه‌روه‌ها مه‌سروور بارزانی، له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كۆبووه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمانی ئه‌مریكی له‌ واشنتن كۆببێته‌وه‌.
زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكایه‌ و تا ئێستا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئیداره‌ی تره‌مپ كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش ژه‌نه‌ڕاڵ هێربێرت ماكماسته‌ر راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا.