مه‌سرور بارزانی له واشنتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گه‌وره سیناتۆری ئه‌مریكی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئه‌مریكا و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا تاووتوێ ده‌كات.
له چواچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا، مه‌سروور بارزانی, راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد, ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی گرنگیان ئه‌نجامداوه و روونيشى كرده‌وه، ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و كۆبوونه‌وانه به‌رهه‌می باشیيان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له واشنتنه‌وه رایگه‌یاند, چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی گرنگیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ و كۆنگرێسمان و سیناتۆره‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامداوه، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا و درێژه‌دان به هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ گه‌لی كوردستان, سیناتۆرێكی ئه‌مریكیش رایده‌گه‌یه‌نێت كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد نزیكه.
ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامی سزاكانی عێراق بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری راگرتنی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پرسانه بوون كه مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له گه‌وره سیناتۆری ئه‌مریكی تاووتوێيكردن.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئاشكرای كرد, كۆبوونه‌وه‌كان پۆزه‌تیڤ بوون، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه كۆبوونه‌وه‌كان به‌رهه‌می باشیيان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.
یه‌كێك له‌و سیناتۆره ئه‌مریكیانه‌ی كه مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵی كۆبووه‌وه، گه‌وره سیناتۆری كۆمارییه‌كان، تێد كروز بوو كه به یه‌كێك له‌و به‌رپرسه ئه‌مریكانه ناسراوه كه هه‌میشه پشتگیریی له پرسی كورد كردووه و دوای كۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی، تێد كروز به كوردستان24 راگه‌یاند، پێویسته ئه‌مریكا به هه‌موو توانایه‌كییه‌وه پشتگیریی له پرسی كورد بكات و به‌مزووانه كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ده‌بینن.
تێد كروز گوتی: "من به هه‌موو توانامه‌وه پشتگیریی له كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌كه‌م, كورد هه‌میشه هاوپه‌یمانمان بوون و پشتگیریی ئه‌مریكایان كردووه، له‌كاتی زۆر زه‌حمه‌تدا پاڵپشتی ئه‌مریكایان كردووه و له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ش قوربانی زۆریانداوه".
سه‌باره‌ت به هێزی پێشمه‌رگه، تێد كروز ده‌ڵێت: "هێزی پێشمه‌رگه چه‌ندینجار ئه‌و راستيیه‌ی سه‌لماندووه كه جه‌نگاوه‌رێكی ئازا و چاونه‌ترسن, بۆیه من له‌و بڕوایه‌دام كه پێویسته ئه‌مریكا بێ هیچ مه‌رجێك پشتگیریی كورد بكات, زۆربه‌ی كاتیش ویستوومه ده‌نگی كورد بگه‌یه‌نمه به‌رپرسانی ئه‌مریكی و دڵنیاشم به‌مزووانه كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌بینم".
له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی له واشنتن، مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ سیناتۆر تیم كه‌ین كاندیدی دیموكراته‌كانی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابردوو، كۆبووه‌وه و دواتریش له‌گه‌ڵ سیناتۆری كۆمارییه‌كان كۆبووه‌وه.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی توویته‌ر، له باره‌ی زنجیره كۆبوونه‌وه و سه‌ردانه‌كه‌یدا، بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته له كاپیتۆڵ هیڵز، نووسیویه‌تی: "له به‌رامبه‌ر پشتیوانی‌یان له هه‌رێمی كوردستان سوپاسم كردن و گفتۆش له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كوردستان كرا، جه‌ختیش له‌وه كرایه‌وه كه پێویسته به‌غدا مافه ده‌ستوورییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكات".
No comments:
Post a Comment