Monday, February 26, 2018

مه‌سروور بارزانی و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ ده‌كه‌ن






ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26/2/2018، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ جۆناسان كۆهین، یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌كان نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ ده‌كات و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك کۆنگرێسمانی ئه‌مەریکاش كۆببێته‌وه‌.
له‌ دیداری نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا، باسی جیاوازییه‌ سیاسییه‌كانی نیوان هه‌ولێر و به‌غدا و چۆنییه‌تی درووستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان هه‌ر دوو لادا و ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بیگێڕێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌.
هه‌روه‌ها مه‌سروور بارزانی، له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كۆبووه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمانی ئه‌مریكی له‌ واشنتن كۆببێته‌وه‌.
زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكایه‌ و تا ئێستا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئیداره‌ی تره‌مپ كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش ژه‌نه‌ڕاڵ هێربێرت ماكماسته‌ر راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا.

No comments:

Post a Comment