Monday, February 26, 2018

مه‌سرور بارزانی: هه‌میشه‌ مه‌رامێك بۆ بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سنووری هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌


مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند : ئەمریكییەكان به‌ به‌رده‌وامی جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی په‌یوندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و، هه‌ر كاتێكیش گرفت بكه‌وێته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنن. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئه‌مه‌ریكا له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌ و گرنگیشی پێ ده‌ده‌ن".
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت،:"مه‌به‌ستی ئێمه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگی وه‌ك په‌یوندی هه‌نوكه‌یی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و، ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ ئێستا له‌عێراق له‌ئارادایه‌، وێڕای تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
هه‌روه‌ها گوتی: "تائێستا چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌مان له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆشكی سپی و ئه‌مه‌ریكا به‌گشتی ئه‌نجامداوه، له‌وانه‌ش دانیشتنێكی تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ هێربه‌رت ماك ماسته‌ر، راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هه‌بووه‌، هه‌وره‌ها چه‌ندین دیدارمان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامداوه‌‌‌ و، له‌ داهاتووشدا چه‌ندین دیدارمان له‌گه‌ڵ سیناتۆر و كۆنگرێسمانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت".
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وكانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "زیاتر باسی دۆخی گشتی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌م گفتوگۆیانه‌ بوو، باسی ئه‌وه‌مان كردووه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ جێبه‌جێمان كردووه‌، به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق له‌ یه‌كه‌م مادده‌وه‌ تا دوا بڕگه‌، ئێمه‌ش پێمان وابووه‌ كه‌ ئیتر پێویسته‌ حكومه‌تی به‌غدا ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت له‌ ناردنی مووچی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم".
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاش له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌دا، مه‌سرور بارزانی رایگەیاند : ئەمریكییەكان بەردەوام باس لەوەدەكەن، پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان گرنگی تایبەت بەخۆی ھەیە و، بەردەوام دەبن لە پتەوكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە، تاكو ئێستا ئەگەر لەھەندێك شوێن پەیوەندییەكان گرفتیشیان تێكەوتبێت، ئامادەن چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ بكه‌ن و ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ھەرێمی كوردستان بەشێكی زۆر گرنگە لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست، ئەمریكاش گرنگی بەو پێگه‌ گرنگەی دەدات".
سه‌باره‌ت به‌ داعشیش، مەسرور بارزانی  گوتی: "داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی ھێناوە و ئه‌و شوێنانه‌ی داگیریان كردبوو، رزگاركراونه‌ته‌وه‌، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە داعش بەتەواوی تێكشكابێت، چونكە لە چەندین شوێن سەریان ھەڵداوەتەوە و تائێستا چه‌ند هێرشێكیان له‌ سنووری كه‌ركووك بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامداوه‌"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "بۆ ئەوەی گروپەكانی داعش و ھاوشێوەی داعش نەمێنن، پێویستە ئەو فاكته‌رانه‌ی دەبنە ھۆكاری سەرھەڵدانی ئەو گروپە تیرۆرستیانە، چارەسەر بكرێن، به‌ڵام تا ئێستا عێراق هه‌نگاوی بۆ چاره‌سه‌ركردن نه‌ناوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش، كه‌ له‌ 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 ئه‌نجامدرا و له‌ 92%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌ڵێی پێدا، مه‌سرور بارزانی گوتی، "ریفراندۆم ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژارده‌ی ژیانی خۆی له‌ داهاتوودا ده‌ستنیشان بكات، كه‌ ده‌یه‌وێت چۆن بژیت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ واقعی نین یاخۆد ناتوانین لێكدانه‌وه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی جیهان بخوێنینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دابووین ریفراندۆم رێگری له‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌كات كه‌ كرایه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ پێویستیمان به‌ گرێنتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ خوێنڕشتن و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌ده‌یان ساڵه‌ رووبه‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوونه‌ته‌وه‌ و بنبڕ بكرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ واتایه‌كی دیكه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆكرا، ئیمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش مه‌به‌ستدار بوو، چونكه‌ هه‌میشه‌ مه‌رامێك بۆ بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سنووری هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش ریفراندۆمیان وه‌ك بیانۆ به‌كارهێنا، ئه‌گینا ده‌ره‌نجامه‌كانی ریفراندۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون كه‌ هێرشێكی ناڕه‌وای له‌مجۆره‌ بكرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".

No comments:

Post a Comment