مەسروور بارزانی: لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق تێدەگەین
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی رۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد و لە دیدارێكدا رایگەیاند: "لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێدەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بۆ كریستیانەكان بەردەوام دەبین".
ئەمڕۆ 27/1/2019 مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی رۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە ههرێمی كوردستان و عێراق و پارێزگای نەینەوا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو لەبەرامبەر پێشوازیکردن و حەواندنەوە و داڵدەدانی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان له كاته سهختهكاندا.
هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان كریستیانەكان و گەلی کورد درا و جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی تێکڕای پێکهاتەکانی گەلی كوردستان كرایەوە، لەوبارەوە مەسروور بارزانی روونیکردەوە، کە گەلی کورد شانازی بە پەیوەندییە مێژووییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان دەکات، وەک خاڵێکی بەهێز لێی دەڕوانێت و رایگەیاند، لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبین.
هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە شاندی میوان، کە کریستیانەکان بە بەشێك لە گەلی کوردستان دەزانن و رایگەیاند، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە مێژوویی و پرەنسیپانە نابین، کە لە باوەری قوڵمانەوە بە رێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینیەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: "پێویستە هەمووان ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆیان بزانن و ناکرێت پەنا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان ببەن".
لەبەرامبەردا پاتریاك مار ئەگناتیۆس پاراستن و داڵدەدانی کریستیانەکانی لەلایەن خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر نیگەرانیی کریستیانەکان لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن هەندێ گروپی چەکدارەوە ناچار بەوە دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
لە کۆتاییدا نزای سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی خواست و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەگەر دەخوازن یارمەتیدەر بن، پێویستە لە زێدی خۆیانەوە ئەوەیان بۆ بکەن و لەچارەسەرکردنی رەوشەکە هاوکاریان بن.