Wednesday, February 6, 2019

مه‌سرور بارزانی: ھەرێمی كوردستان خوازیارە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بدات




مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی پێشوازیكردنیدا له‌ نرانجان ئاران سنیگا، باڵیۆزی سریلانكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری رایگه‌یاند، كوردستان خوازیارە بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و تێکەڵاوی کلتوور و فەرهەنگ پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بدات.
ئەمرۆ 6/2/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نرانجان ئاران سینگا باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد، له‌ دیدارێكدا، كه‌ كۆنسولی فەخری سریلانکا له‌ هەولێر ئامادەی بوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە تاووتوێکران.
مەسرور بارزانی جەختی لە پەرەپێدان و پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خوازیارە بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و تێکەڵاوی کلتوور و فەرهەنگ پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بدات.
لەم دیدارەدا باڵیۆزی سریلانکا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێگەی هه‌رێمی كوردستان لە ناوچەکەدا و پشتگیری له‌ فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات و رایگەیاند، ئەو رۆڵ و پێگە و ئاسایشەی بەرقەرارە هۆکارن وڵاتەکەمان بە بایەخەوە بڕوانێتە هەرێمی کوردستان.
تاووتوێكردنی رەوشی گشتی ناوچه‌كه‌ و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تەوەرێکی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

No comments:

Post a Comment