Sunday, January 27, 2019

مەسرور بارزانی: پێویستە ئاساییكردنەوەی كەركووك لە رێی دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق بێت


مه‌سرور بارزانی لەگەڵ جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوه‌وه‌


ئه‌مڕۆ، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌ندرۆ پیك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا  بۆ كاروباری ئێران و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌و دیدارەدا کە داگلێس سولیمن بالیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادە بوو، پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌‌كانی ناوچەکە و پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ كران.

له‌و دیداره‌دا جەخت لە بایەخی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان کرایەوە ، بە مەبەستی دەرفەت نەدان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی مەترسی تیرۆر و گرژی و ناسەقامگیری. لە پەیوەندی بەم بابەتەوە مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی کە ھەنگاوەکانی چارەسەریی دۆخی ئەم ناوچانە بە شێوەیەکی ھاوبەش لە رێگەی دامودەزگا فەرمی و دەستوریيەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت.

لەلای خۆیەوە ئه‌ندرۆ پیك، پێگەی هەرێمی کوردستانی  لە سەقامگیری ناوچەکەدا بە گرینگ وەسفکرد و دووپاتی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، وێڕای تیشکخستنە سەر هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێری بە قۆناغێکی ئەرێنی وەسفکرد و ھیوای خواست کە ئەمەریکا و دۆستانی عێراق رۆلێکی کاراتر و فروانتر ببین لە پێناو چارەسەریی گشت کێشە ھەڵواسراوەکان.

No comments:

Post a Comment