Sunday, October 28, 2018

مه‌سروور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن




مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ‌ ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری کۆبووه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد.

هه‌ر له‌ و دیداره‌دا، هه‌ردوولا باسیان له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان رووسیا و هه‌رێمی كوردستان كرد.

مه‌سروور بارزانی له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌نگاوێكی باش بوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هیوای خواست، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له‌ نزیكترین كاتدا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پته‌وكردنی  په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیا كرده‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی رووسیا به‌ بایه‌خه‌وه‌‌ ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخی كورد و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ‌رایگه‌یاند: رووسیا په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه و كار بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ گشت بواره‌كان ده‌كات.

Saturday, October 27, 2018

مه‌سرور بارزانى كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌كه‌ين



مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (یاكوب پرادا) باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق  كرد و له‌ ميانه‌ى ديدارى نێوانيان، رايگه‌ياند، له‌ هه‌رێمى كوردستان كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌كه‌ين.
له‌و دیداره‌دا، هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆمانیا تاوتوێكران.
له‌ باره‌ى‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، وه‌كو كورد پشتیوانی له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، ده‌بێت كورد له‌ بڕیاره‌ سیاسی و چاره‌نووسسازه‌كاندا هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ بێت.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و  په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دا و راشیگه‌یاند، كار بۆ حكوومه‌تێكی به‌هێز ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌و باره‌وه‌ باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وان كوردستانێكی به‌هێز و یه‌كگرتوو وه‌ك به‌شێك له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژی سه‌قامگیری له‌عێراقدا ده‌بینن.
له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی دیداره‌كه‌ باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌كه‌یی و هه‌رێمی كوردستانی به‌زۆر باش وه‌سفكرد و باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن. 

مه‌سرور بارزانى: ده‌بێت له‌ به‌غدا كورد به‌شداری راسته‌قینه‌ له‌ بڕیاره‌ سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منیيه‌كان بكات



مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (رامۆن بلاکوا) باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه، گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ پەیوەندییه‌كانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا.
له‌ باره‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ له‌ به‌غدا، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پشتگیری له‌هه‌نگاوه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداریكردنی یه‌كسان له‌نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌  گفتوگۆكانماندا به‌رده‌وامین و رایگه‌یاند، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆڵی به‌شداری راسته‌قینه‌ی له‌ بڕیاره‌ سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كان هه‌بێت.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ رۆڵی ده‌ستوور له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كلیلی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانه‌‌ و گوتی: ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی وه‌ك یاسای نه‌وت و غاز و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌.
له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌خوازن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن حكوومه‌تێكی به‌هێز دروست بكه‌ن.
له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌ مه‌سرور بارزانی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌نجامه‌كان ده‌بنه‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیر. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان دا و رایگه‌یاند، ‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وام دایه‌ بۆ هاوكاری كوردستان له‌رووی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی كوردستان.

Thursday, October 11, 2018

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سربیا له‌ عێراق كۆبوویه‌وه‌ Masrour Barzani




مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نیی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئوروش بالۆڤ  باڵیۆزی سربیا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا دوا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی كوردستان دوای هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوول له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا و دووپات له‌ قوڵتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان كرایه‌وه‌.
له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی هیوای خواست  ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و سربیا له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا پته‌وتر بكرێن.
له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی سربیا باسی له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژه‌ی به‌ پێشكه‌وتنی ره‌وشی ئارامی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دا و رایگه‌یاند، ئه‌و ئارامییه‌ نموونه‌ییه‌ی هه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر و پاڵپشتێكی باش ده‌بێت بۆ كۆمپانیاكانی سربیا تا بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

Tuesday, October 9, 2018

مه‌سروور بارزانی: هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ ئیراده‌ی سیاسی ده‌به‌خشێته‌ حكوومه‌ته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا




مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ یان كوبیش، نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، رایگه‌یاند، هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ ئیراده‌ی سیاسی ده‌به‌خشێته‌ حكوومه‌ته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا.

لەم دیدارەدا دوا په‌ره‌سه‌ندن و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق تاووتوێ كران. له‌وباره‌یه‌وه‌ مه‌سروور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ گرینگی بنه‌مای هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ دا، كه‌ ئیراده‌ی سیاسی ده‌به‌خشێته‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هاوڕابوون له‌سه‌ر بایه‌خی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان له‌باره‌ی سكاڵاكان و راگه‌یاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی بە زووترین كات.

لە بەشێكی دیكەی دیداره‌كه‌دا بارودۆخی گشتی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و به‌شداری گشت پێكهاته‌كان و جیبه‌جێكردنی ده‌ستوور گفتوگۆ كرا‌.

Wednesday, October 3, 2018

مه‌سرور بارزانى: دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن گفتوگۆى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات



راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، رايگه‌ياند، راسته‌وخۆ دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامى ره‌سمى هه‌ڵبژاردن، له‌ هه‌رێمى كوردستاندا گفتوگۆى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆن ویلکس باڵیۆزی بەریتانيا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە میانەی ئەم كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وێڕای چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیيەکانی هەرێم و بەریتانیا، په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی عێراق تاوتوێكرا و هه‌ردوولا به‌ بایه‌خه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌ی سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌و باره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ پشتیوانییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌ بواری ئابووری و ئه‌منی و دادوه‌ری كرد.

له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێشبینی ده‌كرێ به‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، گفتوگۆی پێكهێنانی‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكات. 

Saturday, September 22, 2018

مەسروور بارزانی و محەمەد حەلبووسی کۆبوونەوە



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، جه‌ختیان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا، وێڕای گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی عێراق، تیشكخرایه‌ سه‌ر پێویستی به‌شداری كارای گشت لایه‌ك و پێكهاته‌كانی عێراق له‌ دروستكردنی بڕیاره‌كان و دووپات له‌ پره‌نسیپی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌سه‌رجه‌م ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی وڵات كرایه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی پیرۆزبایی خۆی پێراگه‌یاند به‌بۆنه‌ی ده‌ستنیشانكردنی به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ی بۆ خواست و پشتگیری و هاوكاری ته‌واوی خۆشی بۆ ده‌ربڕی.

له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وێرای سوپاسكردنی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م پێشوازییه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن كاری هاوبه‌ش ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵاڵه‌كردن و ده‌ركردنی یاساكان به‌ ئامانجی گێرانه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان و خزمه‌تكردنی باشتری هاووڵاتیانی وڵات بێ جیاوازی.