Sunday, October 28, 2018

مه‌سروور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن




مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ‌ ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری کۆبووه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد.

هه‌ر له‌ و دیداره‌دا، هه‌ردوولا باسیان له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان رووسیا و هه‌رێمی كوردستان كرد.

مه‌سروور بارزانی له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌نگاوێكی باش بوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هیوای خواست، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له‌ نزیكترین كاتدا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پته‌وكردنی  په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیا كرده‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی رووسیا به‌ بایه‌خه‌وه‌‌ ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخی كورد و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ‌رایگه‌یاند: رووسیا په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه و كار بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ گشت بواره‌كان ده‌كات.

No comments:

Post a Comment