Saturday, October 27, 2018

مه‌سرور بارزانى كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌كه‌ين



مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (یاكوب پرادا) باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق  كرد و له‌ ميانه‌ى ديدارى نێوانيان، رايگه‌ياند، له‌ هه‌رێمى كوردستان كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌كه‌ين.
له‌و دیداره‌دا، هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆمانیا تاوتوێكران.
له‌ باره‌ى‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، وه‌كو كورد پشتیوانی له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، ده‌بێت كورد له‌ بڕیاره‌ سیاسی و چاره‌نووسسازه‌كاندا هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ بێت.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و  په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دا و راشیگه‌یاند، كار بۆ حكوومه‌تێكی به‌هێز ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌و باره‌وه‌ باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وان كوردستانێكی به‌هێز و یه‌كگرتوو وه‌ك به‌شێك له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژی سه‌قامگیری له‌عێراقدا ده‌بینن.
له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی دیداره‌كه‌ باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌كه‌یی و هه‌رێمی كوردستانی به‌زۆر باش وه‌سفكرد و باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن. 

No comments:

Post a Comment