Saturday, September 22, 2018

مەسروور بارزانی و محەمەد حەلبووسی کۆبوونەوە



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، جه‌ختیان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا، وێڕای گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی عێراق، تیشكخرایه‌ سه‌ر پێویستی به‌شداری كارای گشت لایه‌ك و پێكهاته‌كانی عێراق له‌ دروستكردنی بڕیاره‌كان و دووپات له‌ پره‌نسیپی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌سه‌رجه‌م ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی وڵات كرایه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی پیرۆزبایی خۆی پێراگه‌یاند به‌بۆنه‌ی ده‌ستنیشانكردنی به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ی بۆ خواست و پشتگیری و هاوكاری ته‌واوی خۆشی بۆ ده‌ربڕی.

له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وێرای سوپاسكردنی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م پێشوازییه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن كاری هاوبه‌ش ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵاڵه‌كردن و ده‌ركردنی یاساكان به‌ ئامانجی گێرانه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان و خزمه‌تكردنی باشتری هاووڵاتیانی وڵات بێ جیاوازی.

No comments:

Post a Comment