Thursday, December 27, 2018

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبوویه‌وه‌ Masrour Barzani




ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/12/2018 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد .

لە میانی دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە نوێنەری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونی کرد و پشتگیری هەرێمی کوردستانیشی بۆ دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە جینین هینیس پلاسخارت، وێڕای سوپاسگوزاریی، هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم خواست.

هەر لە دیدارەکە، هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەرچی زووتر چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە گوێرەی دەستوور و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.

لەبەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا پرۆسەی یارمەتیدان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی دەستی داعش تاوتوێکرا، پەیوەست بەو پرسە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، وێڕای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەرکە مرۆییەکانی بەردەوام دەبێت، بە هاوکاری هێز و لایەنەکان تواناکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ لێک نزیککردنەوەی نوێنەرانی پێکهاتە و تایفەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان.

هەوڵەکانی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە ئاراستەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

پلاسخارت، له‌ دایكبووی ساڵی 1972یه‌ و یه‌كه‌م ژنه‌ له‌سه‌ر ئاستی هۆڵه‌ندا، پۆستی وه‌زیری به‌رگری وه‌ربگرێت و له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2012 تا 2017 له‌و پۆسته‌دا بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی ناوه‌ندی، فه‌رمانده‌ی پشتیوانی، ده‌سته‌ی به‌رگری، هه‌ر چوار هێزه‌ چه‌كداره‌ شاهانه‌كانی له‌ سوپا و  ده‌ریایی، هێزه‌ ئاسمانییه‌كان، پۆلیسی سه‌ربازی و پاسه‌وانی سنوور كردووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ وڵاتانی مالی، ئه‌فغانستان و عێراق له‌ ئه‌ستۆ بووه‌، كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) بووه‌.

نێرده‌ی تایبه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (یونامی) له‌ ساڵی 2003 به‌ بڕیاری ژماره‌ 1500، له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی عێراق پێكهێنرا و له‌ ساڵی 2007یش ئه‌ركه‌كانی فراوانتر كران.

ئه‌ركی یونامی له‌ عێراق، پێشكه‌شكردنی راوێژه‌ به‌ حكوومه‌ت، به‌تایبه‌تیش له‌و پرسانه‌ی تایبه‌ت به‌ گفتوگۆی سیاسی و ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه‌كان و هاوكاریكردن له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ ئاسانكاری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێكانی عێراق.

مه‌سرور بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی ڤاتیكان کۆبوونەوە Masrour Barzani



ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/12/2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کاردینال پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و شاندی یاوەری، له‌ دیدارێكدا بارودۆخ و رۆڵ و رەوشی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیان تاوتوێ كرد و داڵدەدان و حەوانەوەی ئاوارە مەسیحییەکانیش لە هەرێمی کوردستان بەرزنرخێندرا.

 لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "وەک هەمیشە مەسیحیەکان بە بەشێکی رەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانین و داڵدەدان و حەوانەوەشیان بە ئەرکی مرۆڤدۆستی گەلەکەمان دادەنێین.

مەسروور بارزانی پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینییشی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین کرد و لە رێگەی ئەویشەوە بەو بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی بۆ قەداسەتی پاپا فرانسیس نارد.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیوای خواست بەیارمەتی هەموو لایەک کەشێکی لەبار بخوڵقێندرێت بۆئەوەی برایانی کریستیان وڵات بەجێ نەهێڵن و رەوتی کۆچ پێچەوانە بێتەوە و بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان.

له‌ به‌رامبه‌ردا کاردینال پیترۆ پارۆلین، سوپاسگوزاری حکوومەتی ڤاتیکانی بە هەرێمی کوردستان راگەیاند و نزای بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد. جگە لە ستایشکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە داڵدەدان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتیكرده‌وه‌، ڤاتیکان لە پێشکەشکردنی یارمەتیی و پشتیوانەکانی بۆ پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

Saturday, December 15, 2018

مەسرور بارزانی: پێویستە ھەولێر و بەغدا بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێبپەڕێنن



مەسرور بارزانی: پێویستە ھەولێر و بەغدا بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێبپەڕێنن


ئەمڕۆ شەممە 15/12/2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەمیانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەری گووتی: "پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنین و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە ئیتر رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتنی وڵات هەنگاو بنێین".

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ کران و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، جەختی لە سەر خواستی هەرێمی کورستان بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کردەووە".

لای خۆیه‌وه‌ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا ئەرکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەدواداچوونی پرسەکان بە گشتی، بەتایبەتی پرسی بودجە و دابین کردنی بەشە بودجەی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مادەی 140 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Wednesday, December 12, 2018

مەسرور بارزانی گەلی كورد خزمەتکردنی ئاوارەكان بە ئەرکێکی مرۆیی بەرز دەزانێت Msrour Barzani




مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: "گەلی کورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیی رەگداکوتاوی کۆمەڵگەی کوردستان خزمەتکردن و داڵدەدانی ئەو ئاوارانە بە ئەرکێکی مرۆیی بەرز دادەنێ، کە لە ترسی زوڵم و توندوتیژی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەوروبەرەوە پەنایان بە هەرێمی کوردستان هێناوە".

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 12/12/2018 مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو بێئاتا دێمپا، وەزیری کاروباری مرۆیی کۆماری پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد، کە لە ژمارەیەک شارەزای فریاگوزاری مرۆیی و سەرۆکی رێکخراوی خێرخوازی پێکهاتبوو.

لەدیدارێکدا، کە بێئاتا پێکسا باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق و دۆمینیک مووشاو کونسوڵی پۆڵۆنیا لە هەولێر و زیاد رەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئامادەبوون، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە بە گشتی، جەخت لە پێویستی بە دەنگەوە هاتنی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە و هانی رێکخراوە مرۆییەکان و دەوڵەتانی جیهان درا، کە یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکەنەوە.

مەسرور بارزانی پەیوەست بەو بابەتە تیشکی خستە سەر فەرهەنگی مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی گەلی کورد و رایگەیاند، گەلی کورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیی رەگداکوتاوی کۆمەڵگەی کوردستان خزمەتکردن و داڵدەدانی ئەو ئاوارانە بە ئەرکێکی مرۆیی بەرز دادەنێ، کە لە ترسی زوڵم و توندوتیژی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەوروبەرەوە پەنایان بە هەرێمی کوردستان هێناوە. هەر لەو دیدارەدا ئاماژەیدا بە هۆکاری رێگرییەکانی بەردەم دووبارە گەرانەوەی ئاوارەکان.

لەلای خۆیەوە وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە بەربژێرکردنی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دواتر وێڕای روونکردەوەی مەبەستی سەردانەکەی، پوختەیەکی لە کار و چالاکییەکان و سیاسەت و بەرنامەی وڵاتەکەی بەرامبەر کەمینە ئایینەکان و ئاوارەکان خستەڕوو، کە یارمەتیدانیانە لە شوێنی بنەڕەتی خۆیان. هەروەها حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی بەرزنرخاند و رایگەیاند، ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی شوێنی نیشتەجێ بوون و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پەروەردە و خوێندن بۆ ئاوارەکانی دابینکردووە، کارێکی مرۆیی گەورەیە و جێی شانازیی هەمووانە. دووپاتیشی لە هاوکاری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی زیاتر کردەوە.

پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و راوێژکاری لە بواری کاری مرۆیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا و رێکخراوە خێرخوازە خۆجێییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و خاتوو بێئاتا بوو.

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ ریک پێری، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد



وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بەو پێشکەوتنانە دەربڕی، کە لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتوون و باسی لە مەبەستی سەردانەکەی کرد، کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و ئابوری، لە پەیوەست بەم بابەتەشەوە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیان لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بە سەرەتایەکی ئەرێنی ھەژمار کرد.
ئه‌مڕۆ سێشەممە 11/12/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ریک پێری، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا، کە دۆگلاس سیلیمان بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەبوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوولا لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری وزە تاوتوێكرا.
لە سەرەتای دیدارەکە وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بەو پێشکەوتنانە دەربڕی، کە لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتوون و باسی لە مەبەستی سەردانەکەی کرد، کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و ئابوری، لە پەیوەست بەم بابەتەشەوە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیان لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بە سەرەتایەکی ئەرێنی ھەژمار کرد.
لەلای خۆیەوە مەسرور بارزانی سوپاسگوزاری خۆی نیشاندا بەرامبەر هاوکاری و پشتیوانەکانی ئەمریکا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا، درێژەدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گشت بوارەکان لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دایە، دووپاتی کردەوە، کە بە هاوکاری هاوبەشەکان کار بۆ کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتوو دەکەن.
ھەروەھا راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دەخوازێت بە شێوەیەکی کرداری سود لە رێکەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق وەرگرێت بە تایبەت لە بواری کەرتەکانی وزە و ئابوری و چاکسازی.
لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەگەڵ بەغدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونیکردەوە، کە لە گفتوگۆکردن و دیالۆگ بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە چارەسەری گشت کێشەکان.
تاوتوێکردنی پرسی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازی و ریفۆرمی ئابووری چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێوان مه‌سرور بارزانی و ریک پێری بوو.


Sunday, December 9, 2018

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە Masrour Barzani


مه‌سروور بارزانی: لاپەڕەیەکی تازە له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌


مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، لەگەڵ‌ جۆن ویڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق، قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە لە قەڵەم دا.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 9ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ مارتن وار كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەوڵ و هەنگاوەکانی  پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و هاتنە ئارای قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێكرا.

مه‌سروور بارزانی، قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە لەقەلەم دا و هیوای خواست لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە گرتنەبەری دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر پرسە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکرێن و زەمینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێشخستنی وڵات و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان برەخسێنێت.

باڵیۆزی بەریتانیا، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە مەسروور بارزانی بەبۆنەی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێتەوە.

Wednesday, December 5, 2018

مه‌سروور بارزانی و ئه‌حمه‌د جه‌ربا ره‌وشی سووریا و شه‌ڕی داعش تاووتوێ ده‌كه‌ن Masrour Barzani



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د جه‌ربا، سه‌رۆكی ره‌وتی ئه‌لغه‌دی سووری كۆبووه‌وه‌ و شه‌ڕ و پێكدانانه‌كانی نێوان گرووپه‌ جیاجیاكانی سووریا و رژێمی سووریا و تیرۆریستانی داعش تاووتوێ كرا.

له ‌دیداره‌كه‌دا، بارودۆخ و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕ و پێكدانانه‌كانی نێوان گرووپه‌ جیاجیاكانی سووریا و رژێمی سووریا له‌لایه‌ك و تیرۆریستانی داعش و مه‌ینه‌تییه‌كانی مرۆیی و ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ گفتوگۆكرا.

شێخ ئه‌حمه‌د جه‌ربا به‌ناوی خۆی و ره‌وته‌كه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ مه‌سروور بارزانی كرد بۆ كاندیدكردنی وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌و ئه‌ركه‌یدا بۆ خواست و دووپاتی له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بیروبۆچوونی خۆی له‌مه‌ڕ پێشهات و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی سوریای دراوسێ خسته‌ڕوو و هانی گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دا تواناكانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ دۆخه‌كه،‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به‌ بوون و رۆڵی خۆی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و بڕیاره‌ سیاسیه‌كاندا بكات.