Friday, November 17, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە برێت مکگۆرك و شاندێکی یاوەری کرد 18-11-2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا رایگەیاند، کە ئەمەریکا هەرجۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیيەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و گوتی: خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیيەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کەهەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان گوتی: جێبەجێکردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

Thursday, November 16, 2017

مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین



مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند: "بەرامبەر ڕەوشی کریستیانه‌کانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت نیگه‌رانین و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت".

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 16/11/2017 له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ "بەشار مەتی وەردە"، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر، مه‌سروور بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی بۆ داواکاریەکانی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ده‌ربڕی و گووتی: "هەموو رێکارە یاسایی ودەستووریەکانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر و هیوایخواست، کریستیانەکان خۆراگربن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە".

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی پەرەسەندنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه‌ كریستیانه‌كانی تێدا ده‌ژین، بە تایبەت رەوشی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستیانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە. هەروەها ئەو ئابڵوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت".

مەتران وەردە، دوپاتی کردەوە، کە "تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستیانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن".

Monday, November 13, 2017

مسرور بارزانی: پێویسته‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێکی کاراتری هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان



باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا له‌ به‌غدا، پاڵپشتیی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ له‌نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستور دەربڕی و هیوای خواست به‌زوویی گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن کاساس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا کرد. له‌ دیداره‌كه‌دا دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، گهوتوویه‌تی: "پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە".

هه‌روه‌ها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردووەته‌وه‌و جەختی لەوە کردەوە کە، هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.

Friday, November 10, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە جێگری بالیۆزی ئوستورالیا لە عێراق کرد 9 11 2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ "تیم ستێیپۆلتن" جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا لە عێراق كۆبوه‌وه‌و پەیوەندییه‌كانی نێوان هەرێم و ئۆسترالیایان تاوتوێ کرد.

لە بارەی گرژیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا شاندی ئۆسترالی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەربڕی.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێم هەمیشە خوازیاری ئەوە بووە بە رێگەی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات و ئەنجامدانی ریفراندۆمیش یەکێ لەو رێکارە دیموکراتیک و ئاشتیانە بووە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە تەبایی و یەکڕیزی ئەم دۆخەش تێپەڕ دەکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین دەکات.

Wednesday, November 8, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست کرد


ئەمرۆ8/11/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (کنوت لێن) نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست و شاندی بالیۆزخانەی نەرویج لە بەغدا کرد.
لەم دیدارەدا پەیوەندیەکانی نەرویج و هەرێم و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و شاندی نەرویجی پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای جێبەجێ کردنی دەستور دووبارە کردەوە و ئاواتیان خواست هەرچی زووتر گرژیەکان کۆتایی پێ بهێنرێن و هەردوولا خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵات ئامادە بکەن.
پەیوەست بەم بابەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر هەڵوێستی هەرێم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دووبارە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە کاردانەوەکانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم نادەستورین و دەرخەری نیازخراپیی هەندێ گروپ و لایەنە لە بەغدا لە بەرامبەر کۆی سیستەمی دەستوری و سیاسیی ئێستای عێراق.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دوپاتی کردەوە کە رێکاری سەربازی بەرامبەر بە هەرێم هیچ ئاکامێکی نابێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە دەبێ بەغدا دانوستانی بێ مەرج لە سەر بنەمای دەستور قبوڵ بکات و کۆی دەستور جیبەجێ بکرێت نەک تەنیا چەند بڕگەیەک کە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە خزمەت ئامانجی لایەنێکی کێشەکەدایە.


MAsrour Barzani peshwazi la Balyozi UK la iraq krd 1 11 2017




‎لە رێکەوتی  1/11/2017مەسرور #بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فرانک بێیکر 
‎بالیۆزی بەریتانیا و شاندی یاوەری کرد.
‎لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێمی #کوردستان وبەغدا کرا و باڵیۆزی بەریتانی نیازی خۆی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی ولاتەکەی لە گەل هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە هەرچی زووتر جوڵە سەربازیەکان کۆتایی پێ بهێنرێت و هەولیر و بەغدا لە سەر مێزی گفتوگۆ بە پێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن.
‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە پەیوەست بە هێرشی سەربازیی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ئاماژەی بە ئەوەدا کە نزیکەی سەدەیەکە لە عێراقدا هێزی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی خواستی کورد بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەو کردارانە بێ ئەنجام بووە، بۆیە پێویستە بەغدا لە جیاتی سەپاندنی هێز بیر لە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بکاتەوە.
‎هەروەها #مەسروربارزانی ئاماژەی بە ئەوەدا کە لە بەغدا زۆر باسی جێبەجێ کردنی دەستور دەکرێت، بەڵام ئەو رێکارانەی لە بەرامبەر هەرێم دەگیرێنە بەر سیاسین و پێشێل کردنی زەقی دەستوورە، ئەگەر بڕیاریشە دەستور جێبەجێ کرێت پێویستە هەموو دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاواتی خواست کە هەرچی زووتره‌ دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا لە بواری سەربازیەوە بۆ بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە و کۆتایی بەو گرژیانەی ئێستا بهێنرێت.


Masrour barzani peshwazi la balyozi france u almanya la iraq krd