Friday, November 17, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە برێت مکگۆرك و شاندێکی یاوەری کرد 18-11-2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا رایگەیاند، کە ئەمەریکا هەرجۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیيەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و گوتی: خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیيەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کەهەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان گوتی: جێبەجێکردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

No comments:

Post a Comment