ئەمرۆ8/11/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (کنوت لێن) نێردەی تایبەتی وڵاتی نەرویج بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست و شاندی بالیۆزخانەی نەرویج لە بەغدا کرد.
لەم دیدارەدا پەیوەندیەکانی نەرویج و هەرێم و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و شاندی نەرویجی پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای جێبەجێ کردنی دەستور دووبارە کردەوە و ئاواتیان خواست هەرچی زووتر گرژیەکان کۆتایی پێ بهێنرێن و هەردوولا خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵات ئامادە بکەن.
پەیوەست بەم بابەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر هەڵوێستی هەرێم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دووبارە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە کاردانەوەکانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم نادەستورین و دەرخەری نیازخراپیی هەندێ گروپ و لایەنە لە بەغدا لە بەرامبەر کۆی سیستەمی دەستوری و سیاسیی ئێستای عێراق.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دوپاتی کردەوە کە رێکاری سەربازی بەرامبەر بە هەرێم هیچ ئاکامێکی نابێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە دەبێ بەغدا دانوستانی بێ مەرج لە سەر بنەمای دەستور قبوڵ بکات و کۆی دەستور جیبەجێ بکرێت نەک تەنیا چەند بڕگەیەک کە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە خزمەت ئامانجی لایەنێکی کێشەکەدایە.
No comments:
Post a Comment