Monday, December 11, 2017

مەسروور بارزانی: هێشتا بەغدا رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە




مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە، ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە درووست دەکه‌ن. له‌ كاتێكدا هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017 له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سیریل نۆن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوی كراون.

پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "هەوڵەکانمان بۆ ده‌ربازكردنی رەوشەکە لەم چەقبەستووییەی ئێستا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ تا  به‌کردەوە دانوستانەکان دەست پێبکات".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق گوتوویه‌تی: "ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو و ده‌سته‌به‌ربوونی مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مەسرور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاندووه‌و جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنێتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە".

Tuesday, December 5, 2017

مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت



مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی: پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکيیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەستپێبکات.



مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیيەکان و توندوتیژیی رەتکردووه‌تەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نیە.



مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

Monday, December 4, 2017

مه‌سرور بارزانى: به‌غدا تا ئێستا بۆ گفتوگۆ هه‌نگاوى كرده‌يى نه‌ناوه‌



ئەمرۆ 4-12-2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەریی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەرێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێک بخرێت. مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستورە ، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.

Sunday, November 19, 2017

مەسرور بارزانی پشتيوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دانووستانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ گرنگ ده‌زانين



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆناتان ویلکس باڵیۆزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە میانەی ئەم دیدارەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیيەکانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێکران و باڵیۆزی بەریتانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەیان پاڵپشتی لە مافە دەستوریيەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشکەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.

باڵیۆزی بەریتانی لە ئاماژە بە دوا رەوشی پەیوەندیيەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێکی ئاشتیانە لە سەر بنەمای دەستور بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی نێوان هەردوولا دووپاتکردەوە.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە. لە  بارەی دوا رەوشی دەڤەرەکە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیریی هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر دووپات کردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان و ره‌واندنەوەی گرژیيەکان بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی ئاشتیانەی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە گرنگ زانیی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێز گرتن لە دەستور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ هەبێت.

Friday, November 17, 2017

مەسرور بارزانی پێشوازی لە برێت مکگۆرك و شاندێکی یاوەری کرد 18-11-2017



مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا رایگەیاند، کە ئەمەریکا هەرجۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیيەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و گوتی: خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیيەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کەهەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان گوتی: جێبەجێکردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

Thursday, November 16, 2017

مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین



مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند: "بەرامبەر ڕەوشی کریستیانه‌کانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت نیگه‌رانین و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت".

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 16/11/2017 له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ "بەشار مەتی وەردە"، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر، مه‌سروور بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی بۆ داواکاریەکانی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ده‌ربڕی و گووتی: "هەموو رێکارە یاسایی ودەستووریەکانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر و هیوایخواست، کریستیانەکان خۆراگربن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە".

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی پەرەسەندنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه‌ كریستیانه‌كانی تێدا ده‌ژین، بە تایبەت رەوشی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستیانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە. هەروەها ئەو ئابڵوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت".

مەتران وەردە، دوپاتی کردەوە، کە "تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستیانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن".

Monday, November 13, 2017

مسرور بارزانی: پێویسته‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێکی کاراتری هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان



باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا له‌ به‌غدا، پاڵپشتیی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ له‌نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستور دەربڕی و هیوای خواست به‌زوویی گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن کاساس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا کرد. له‌ دیداره‌كه‌دا دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا و پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، گهوتوویه‌تی: "پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسووڕێینەوە".

هه‌روه‌ها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردووەته‌وه‌و جەختی لەوە کردەوە کە، هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.