Tuesday, May 24, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد





ئه‌مڕۆ 24/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردن له‌ فرانك بێكه‌ر بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ئاینده‌ی وڵات‌ له‌سه‌ر‌ رێككه‌وتنی نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ گشتیه‌كان وه‌ستاوه‌‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ دوای تێكشكاندنی داعش له‌پێناو به‌رقه‌راركردنی ئاشتی پێشكه‌وتنی سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا بێته‌كایه‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا، كه‌ ئه‌نگس مكی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و دووپات له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرایه‌وه‌، له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی باسی له‌ بارودۆخی به‌ره‌كانی جه‌نگ و تاكتیكی سه‌ربازی ئێستای داعش كرد و رایگه‌یاند، داعش خاكێكی زۆری له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌و هێرشانه‌ی ده‌یكات ده‌یه‌وێ پرۆسه‌ی رزگاركردنی ناوچه‌كانی دیكه،‌ به‌تایبه‌تی مووسڵ دوابخات. هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌ بایه‌خی پرسی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كان له‌ نێوان پێكهاته‌كان له‌ دوای داعش ، كه‌ پێویسته‌ فاكته‌ری به‌دیهاتنی سه‌قامگیری بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا تاوتوكرا و دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان پێشتر راست بكرێنه‌وه‌. په‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ سرووشتی دانه‌مه‌زراون، به‌ڵكو دامه‌زرێندراون و رایگه‌یاند، كورد هۆكاری ئه‌و كێشانه‌ نییه‌ له‌ به‌غدا رووده‌ده‌ن، تاكه‌ی كورد باجی هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ بدات، كه‌ له‌ به‌غدایه‌؟

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی به‌ریتانیا دووپاتی له‌ پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه‌ و ستایشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد، كه‌ قاره‌مانانه‌ به‌رامبه‌ر داعش به‌رگریان كرد و رایگه‌یاند، یه‌كریزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد گرنگه‌ و پێویسته‌ پارێزگاری لێ بكرێ.

Sunday, May 22, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سێر ئالن دانكن په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگار...







ئه‌مڕۆ 22/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (سێر ئالن دانكن) په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا و نێرده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری یه‌مه‌ن و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پارێزگاران (CMEC)، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵی به‌ریتانیا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، رایگه‌یاند، كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی عێراق نه‌بوونی متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كانه‌، كه‌ وایكردووه‌‌ هیچ كاتێك سه‌قامگیر و جێگیر نه‌بێت.

له‌و دیداره‌دا به‌ تێروته‌سه‌لی گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی و كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و نیگه‌رانیه‌كانی گه‌لی كورد و یارمه‌تی و هاوكاری به‌ریتانیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرا. له‌به‌رامبه‌ردا (سێر ئالن) رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان له‌ نیگه‌رانی و ویستی گه‌لی كورد تێده‌گه‌ن.

مه‌سرور بارزانی پوخته‌یه‌كی له‌ مێژووی سیاسی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی ناوچه‌كه‌ باسكرد و پێداچوونه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌شی بۆ به‌دیهاتنی سه‌قامگیری به‌ پێویست دانا، كه‌ سیستمی فاشیل و سه‌رنه‌كه‌وتوو، به‌رده‌وام كاره‌سات به‌رهه‌م ده‌هێنێ و ده‌ركه‌وتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی به‌ به‌ره‌نجامی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و سیستمه‌ دانا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێست و ویستی گه‌لی كوردستانی به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی جیهان مافی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه،‌ كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی به‌هێزی سه‌قامگیریی، هاوكات گه‌ره‌نتیشه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك، كه‌ له‌ ئاینده‌دا رو‌به‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و مافه‌ سرووشتیه‌ی گه‌لی كورد، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام ئه‌وه‌ی له‌ توانای دابوو بۆ بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی كردوویه‌تی، به‌و مه‌رجه‌ی هاوتا و هاوبه‌ش بێت، به‌ڵام ره‌فتاره‌كانی به‌غدا به‌ فه‌رامۆشكردنی ده‌ستوور و بڕینی قوتی خه‌ڵك و ئاسته‌نگ دروستكردن له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی سه‌لماند و گوتی: ئه‌گه‌ر عێراق هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ قبوڵ نه‌كات، هه‌رێمی كوردستانیش پاشكۆیه‌تی ره‌تبكاته‌وه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ له‌ نێوان هه‌ردوولادا میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ببنه‌ دوو هاوسێی باش، چونكه‌ ناكرێ هه‌رێمی كوردستان باجی هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ بدات.

Saturday, May 21, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق کرد 21-5-2016





مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردنی له‌جاكوب پرادا بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق ئاماژه‌ی به‌میكانیزمی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربه‌خۆییان له‌ناسنامه‌ی خۆیاندا هه‌بێت و بڕیاری گه‌ل وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر سه‌یر بكرێ‌. 

له‌و دیداره‌دا، كه‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوكرا، مه‌سرور بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای جه‌نگ دژ به‌تیرۆریستانی داعش و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی گورزی كه‌مه‌رشكێن له‌ داعش بوه‌شێنێ و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی پێ بكات. 

له‌لای خۆیه‌وه‌ بالیۆزی رۆمانیا باسی له‌وه‌كرد‌، كه‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌نزیكه‌وه‌‌چاودێری په‌ره‌سه‌ندن و رووداوه‌كان ده‌كات، كه‌به‌چ رێگه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دێته‌دی. هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌‌به‌وه‌ ‌درا، كه‌ پێداگیریكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌و پێویسته‌جیاوازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت. 

په‌یوه‌ند به‌م پرسه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ناكرێ گه‌لی كورد به‌بارمته‌ی هه‌ڵه‌ مێژوویه‌كان بمێنێته‌وه‌و كاتی هاتووه‌ گوێ له‌ده‌نگ و ویستی گه‌لی كورد بگیردرێ ، كه‌ده‌یه‌‌وێ به‌ئاشتیانه‌ و له‌رێگه‌ی رای خه‌ڵك له‌عێراقێكی نا سه‌قامگیر و ناجێگیردا جیا بێته‌وه‌، كه‌به‌درێژایی ئه‌م به‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنه‌به‌رده‌وام ئامانجی سیاسه‌تی نكۆڵیكردنی به‌غدا بووه‌و هیچ كات هه‌رێمی كوردستانی به‌هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ قبوڵ نه‌بووه‌و نییه‌. 

هه‌روه‌ها پته‌وكردن و درێژه‌دان به‌ هاوكاری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رۆمانیا و هه‌رێمی كوردستان له‌بواره‌ جیاجیاكاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو.

Friday, May 6, 2016

مه‌سرور بارزانی: هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نییه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش چاك نابێته‌وه‌





مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ گوتارێكیدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ناسراوی ئه‌مریكی واشنتن پۆست، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیوویه‌تی كورد مافی خۆیه‌تی به‌ هێمنی له‌ عێراق جیاببێته‌وه‌. مه‌سرور بارزانی له‌ گوتاره‌یدا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی عێراق هیچ شتێكی هاوبه‌شیان نییه‌ و ناچار كراون، پێكه‌وه‌، چاوه‌ڕێی چاره‌نووسێكی نادیار بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌شڵێت: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ دان به‌وه‌دا بنێین، ده‌وڵه‌تی عێراق شكستی خواردووه‌ و به‌رده‌وام بوون له‌نێو عێراق، كورد رووبه‌ڕووی چه‌ندین ناكۆكی دیكه‌ی درێژخایه‌ن ده‌كاته‌وه‌. ئه‌مساڵ، یادی سه‌د ساڵه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆیه‌ و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، زنجیره‌یه‌ك راپۆرت و گوتاری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ و هه‌روه‌ها داهاتووی عێراق و سووریا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. 

له‌ یه‌كێك له‌ راپۆرته‌كانیدا، ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك بڵاویكردبوویه‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ داوا ده‌كات ئه‌مریكا و وڵاتانی زلهێزی دیكه‌ی رۆژئاوا، رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نوێ بدۆزنه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌كو جێگره‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆ. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان، نووسیویه‌تی: داگیركردنی شاری موسڵ و به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ده‌ووروبه‌ری موسڵ له‌ساڵی دوو هه‌زار و چوارده‌ و شكستی سوپای عێراق، ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ عێراق وڵاتێكه‌ ناتوانێت به‌رگری له‌ ھاووڵاتیانی بكات و نازانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌كوێدایه‌. پاشان مه‌سرور بارزانی نووسیوویه‌تی: پێكه‌وه‌ژیانی به‌ناچاری، ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌، له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا، هه‌رێمی كوردستان ریفۆراندۆم ئه‌نجام ده‌دات بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی كه‌ به‌فه‌رمی له‌ به‌غدامان جیاده‌كاته‌وه‌ و بۆ دواجار ده‌وڵه‌تێك بۆ گه‌لی كورد دێته‌ ئاراوه‌. 

دواتر مه‌سرور بارزانی نووسیویه‌تی: هه‌نگاوی ریفراندۆم، یارمه‌تی كورد ده‌دات ھیوای بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، دڵنیاییش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌ته‌ی رژێمی سه‌دام رووخاوه‌، كوردستان سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ده‌توانێ هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕ پێكراوه‌ بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ قه‌ڵغانێكی ئاسنینیش له‌شه‌ڕی دژی داعش و قوربانی زۆریشیانداوه‌ بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان.