Saturday, May 21, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق کرد 21-5-2016





مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردنی له‌جاكوب پرادا بالیۆزی رۆمانیا له‌عێراق ئاماژه‌ی به‌میكانیزمی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربه‌خۆییان له‌ناسنامه‌ی خۆیاندا هه‌بێت و بڕیاری گه‌ل وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر سه‌یر بكرێ‌. 

له‌و دیداره‌دا، كه‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوكرا، مه‌سرور بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای جه‌نگ دژ به‌تیرۆریستانی داعش و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی گورزی كه‌مه‌رشكێن له‌ داعش بوه‌شێنێ و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی پێ بكات. 

له‌لای خۆیه‌وه‌ بالیۆزی رۆمانیا باسی له‌وه‌كرد‌، كه‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌نزیكه‌وه‌‌چاودێری په‌ره‌سه‌ندن و رووداوه‌كان ده‌كات، كه‌به‌چ رێگه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دێته‌دی. هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌‌به‌وه‌ ‌درا، كه‌ پێداگیریكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌و پێویسته‌جیاوازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت. 

په‌یوه‌ند به‌م پرسه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ناكرێ گه‌لی كورد به‌بارمته‌ی هه‌ڵه‌ مێژوویه‌كان بمێنێته‌وه‌و كاتی هاتووه‌ گوێ له‌ده‌نگ و ویستی گه‌لی كورد بگیردرێ ، كه‌ده‌یه‌‌وێ به‌ئاشتیانه‌ و له‌رێگه‌ی رای خه‌ڵك له‌عێراقێكی نا سه‌قامگیر و ناجێگیردا جیا بێته‌وه‌، كه‌به‌درێژایی ئه‌م به‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنه‌به‌رده‌وام ئامانجی سیاسه‌تی نكۆڵیكردنی به‌غدا بووه‌و هیچ كات هه‌رێمی كوردستانی به‌هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ قبوڵ نه‌بووه‌و نییه‌. 

هه‌روه‌ها پته‌وكردن و درێژه‌دان به‌ هاوكاری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رۆمانیا و هه‌رێمی كوردستان له‌بواره‌ جیاجیاكاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو.

No comments:

Post a Comment