Thursday, May 5, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان کرد


ئه‌مڕۆ 5/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر زولكەفل عەبدولڕەزاق سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان كرد.

لە دیدارەكەدا، كه‌ دكتۆر مسلح محه‌مه‌د سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك ئاماده‌یبوو، كوالێتی و پرۆسه‌ی خوێندن و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌ نێوان زانكۆكانی كوردستان و یه‌كێتی زانكۆكانی جیهانی تاوتوكرا.

سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان خۆشحاڵیی خۆی به‌و سەردانه‌ی كوردستان ده‌ربڕی، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌ و رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌حه‌دییاته‌كان پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی له‌باری دروست كردووه‌‌ بۆ پێشكه‌وتنی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا باسی لە هەنگاو و چالاكییەكانی ئاینده‌ی یەكێتییەكە له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، یەكێتی زانكۆكانی جیهان به‌ ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتی و ئاستی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی كار ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهاتنی سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان، ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا بۆ كارئاسانی چالاكییەكانی ئاینده‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ و رایگه‌یاند، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی زانكۆی ئه‌مریكی‌ كوردستان له‌ دهۆك ئامانج لێی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ی بواره‌كان بوو له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ خوێندنی ئه‌كادیمی ته‌واو بكه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. یه‌كێتی زانكۆكانی جیهان ساڵی 1950 دامه‌زراوه‌ و سه‌ر به‌ رێكخراوی یونسكۆیه‌ و 120 وڵات تێیدا ئه‌ندامن.

No comments:

Post a Comment