Tuesday, June 20, 2017

مەسرور بارزانی: هەنگاوەکانمان بەرە و ریفراندۆم دەستوری و ئاشتیانەن 20-6-2017



نیوەڕۆی ئەمرۆ 20/6/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جان کۆبیس نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و لە پەیوەندی بە ویستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان پاڵپشتی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی کارای نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن لە هەر دوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ئاواتی خواست، کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن. 

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ زانینی ویستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لە ئێستا و ئایندەشدا کوردستان بەشێک دەبێت لە فاکتەری چارەسەریی ئاشتیانەی کێشەکانی دەڤەرەکە و بۆ پرسی ریفراندۆمیش رێکاری دەستوووری گیراوەتە بەر، چونکە بە پێێ دەستوری عێراق پێگیری نەکردنی بەغدا بە دەستوور ئەم دەرگایەی بۆ گەلەکەمان واڵا کردووە، کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات، وێڕای ئەوەش لە گەل بەغدا بەردەوام دەبین لە دیالۆگێکی ئاشتیانە و بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە رێز لە خواست و ویستی هاووڵاتیان بگیرێت.

Saturday, June 17, 2017

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێ کرد 15-6-2017



لە رێکەوتی 15/6/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فرانک بەیکر بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشڤەچوونەکانی شەری دژ بە داعش تاوتوێ کران و هەردوولا کۆک بوون لە سەر هەماهەنگیی زیاتر لە پێناو بەردەوامیی جەنگی دژ بە تیرۆر و چارەسەریی گشت ئەو کێشە لەمێژینانەی کە لە دەڤەرەکەدا زەمینەخۆشکەر بوونە بۆ سەرهەڵدانی هزری توندڕۆیی. هەروەها جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە هیچ ڕووداو و پێشهاتێک کاریگەریی لە سەر هاوپەیمانیی و هاوکاریی هەردوولا لە شەری دژ بە تیرۆردا نابێت.
هەر لەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و باس لەوە کرا کە گەلانی ناوچەکە دەبێت بە یەکترقبوڵ کردن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن تاکو گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە بە ماف و داخوازیەکانیان شاد ببن.
___________

Wednesday, June 14, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوزای له‌ شاندێكی باڵای كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق کرد







‎ئه‌مڕۆ 14/6/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ ( ئاراس حه‌بیب كه‌ریم) سكرتێری گشتی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، پێویسته‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مێژووییه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی شێوازێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی بكرێت.
‎له‌ دانیشتنێكدا وێڕای تاوتوكردنی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ عێراق و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش كرا.
‎له‌ دانیشتنه‌كه‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕۆیی و كێشه‌ مێژووییه‌كانی عێراق، په‌یوه‌ست به‌ میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق،‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ پێویستی گفتوگۆی راشكاوانه‌ و جددی دا و رایگه‌یاند، رێگه‌ی دروستی به‌ره‌وپێشڤه‌چوون و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ددان به‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو بنرێت، كه‌ شێوازی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌بووه‌ كرداری نه‌بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مێژووییه‌كان له‌م وڵاته‌دا له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كار بۆ دۆزینه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی شێوازێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی بكرێت.
‎له‌لای خۆیه‌وه‌ شاندی باڵای كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق، پێزانینی خۆیان به‌رامبه‌ر قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رزگاركردنی ناوچه‌كان له‌ده‌ستی داعش نیشاندا و ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، كه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری مافی چاره‌نووسن و له‌ ئامانج و ویسته‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان تێده‌گه‌ن و هاوڕان له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌.
_

مه‌سروور بارزانی پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی كرد





مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازی كردنی له‌ شاندێكی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌تران (به‌شار وه‌رده‌ و نیكۆدیمس داود شه‌ره‌ف) رایگه‌یاند، كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به‌ په‌ناگه‌ی ئارام ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست شه‌ڕ و توندوتیژییه‌وه‌ رووی تێده‌كه‌ن. 

له‌دانیشتنێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی (خالید جه‌مال ئه‌لبێر) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مه‌سیحیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌ر رزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش و قۆناغی دواتری عێراق و پرۆسه‌ی ریفراندۆم كرا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25ـى ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌بچێت. 

شاندی میوان سوپاسی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ حه‌وانه‌وه‌ و داڵده‌دان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سیحی به‌تایبه‌تی و دووپاتیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی خۆیان ده‌زانن و هیچ كاتێك نموونه‌ی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌ برایه‌تیانه‌ و یارمه‌تییه‌كانی له‌بیر ناكه‌ن. 

له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی تیشكی خسته‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و درێژه‌دان به‌ پته‌وتركردنیان و رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سوورین و بڕیارمانداوه‌، كه‌ باشترین مۆدیلی پێكه‌وه‌ژیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گشت پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ین، دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و په‌ناگه‌ ئارامه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كانه‌وه‌ په‌نای بۆ ده‌هێنن، وه‌ك چۆن پێشتریش له‌ ده‌ست زوڵم و زۆرییه‌كان په‌نایان بۆ چیاكانی كوردستان ده‌هێنا. 

هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا باس له‌ ره‌وش و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ رزگاربووه‌كان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كرا، په‌یوه‌ست به‌مافی مه‌سیحیانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی به‌ شاندی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی دا، كه‌هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وان خۆیان ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌پاراستنی مافی مه‌سیحیان و گرووپه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا پاشه‌كشه‌ له‌و پره‌نسیپه‌ ناكات.

Wednesday, June 7, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان کرد


لە رێکەوتی 7/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (ئه‌ممار شینا) جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد و بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریستان و بنه‌بڕكردنی بیری توندڕۆیی ئاماژه‌ به‌ پێویستی پاڵپشتی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ درا.


له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق و كونسوڵی هیندستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هیندستان و رێوشوێنه‌كانی فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری كرا.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆریستان و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كان تاوتوكرا، له‌و‌باره‌وه‌ جێگری باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق به‌ناوی وڵاته‌كه‌ی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، له‌ راستیدا ئێوه‌ بوون له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ك هه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانی داعشتان وه‌ستاند، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌تان پێكرد و تێكتان شكاند. 

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بایه‌خدانه‌‌ به‌ پێگه‌ی هه‌ولێر و ده‌رخه‌ری په‌رۆشی ئه‌وانه‌ بۆ فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاكاندا‌ .


هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ عێراقی دوای داعش و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و پێویستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تێكی فره‌لایه‌ن بۆ له‌ڕه‌گه‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ و هۆكاره‌كان كرا و تیشكخرایه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ بنه‌بڕكردنی توندڕۆیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی ته‌واو له‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان بكات.

Monday, June 5, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق کرد 5-6-2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق کرد


ئه‌مڕۆ 5/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (تیم ستاپلتۆن) جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق كرد.
 له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشكه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ره‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا كرا. هه‌روه‌ها باس له‌ به‌شداری ئوسترالیا له‌و شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ی دژ به‌ داعش و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی زیاتری یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرا و مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئوسترالیای كرد له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستاندا.
جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق په‌یوه‌ست به‌ رۆڵ و قوربانییه‌كانی  پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش پێزانینی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نیشاندا و رایگه‌یاند، ئازایه‌تی پێشمه‌رگه له‌ جیهان ده‌نگیداوه‌ته‌وه و ناكرێ له‌ شكاندنی داعشدا باس له‌ رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كرێ‌.‌
 له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك بێت ‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ بێنێته‌دی تا متمانه‌ و ئاشته‌وایی جێگیر بێت و بۆشاییه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی نه‌مێنێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش سه‌قامگیر بێت.