مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن دەکات
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تاریق محەمەد ئەلحموری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە مونتەسر عوقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبوفول، کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر و ژمارەیەک بەرپرس و راوێژکار ئامادەبوون، وێڕای گفتوگۆکردنی پێشهات وپەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە بوارە هەمەجۆرەکان تاوتوێ کرا. لەلای خۆیەوە، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هیوای بەرەپێشچوونی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواست.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ئوردن دا و رۆڵ و پێگەی شا عەبدوڵلای دووەم، پادشای شانشینی ئوردنی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناساند، لە کارکردن بە ئاراستەی بەردەوامیی دان بە پەیوەندییەکان و هیوای فرەوانکردنی ئەو پەیوەندییانەی خواست، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان زەمینە و دەرفەتی وەبەرهێنان لەبارە، هاتنی کۆمپانیاکانی ئوردن بۆ بەشداریکردن لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانین.
هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
No comments:
Post a Comment