مەسرور بارزانی و یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا رهوشی سیاسی و ئهمنیی عێراقیان تاوتوێ كرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئادار/ مارسی 2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەنیس ناتالی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نووسینگەی ناکۆکییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە ئاندریو پیک، یاریدهدهری جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا و جۆی هود، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژکار و بەرپرس ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەمریکا تاوتوێ کران.
لەو دیدارە مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی داعش لە چەندین پارێزگای عێراق، بۆ بەگژداچوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانیش دووپاتی لە بایەخی پەلەکردن لە میکانیزمی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە بە میکانیزمێکی هاوچەرخ و سەردەمیانە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت.
لەلای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نووسینگەی ناکۆکییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور، لە هاندانی هێز و لایەنەکانی عێراق بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، لێکتێگەیشتن و نزیک بوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کۆی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە بەدیهاتنی ئەو سەقامگیری و ئاشتەواییەی بۆ عێراق دەخوازرێت.
گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکە بوو.
No comments:
Post a Comment