Tuesday, January 31, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی هه‌نگاریا له‌ عێراق ده‌كات




ئه‌مڕۆ 31/1/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (ئه‌تیلا تار) باڵیۆزی هه‌نگاریا له‌ عێراق جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دورگه‌ی‌ ئارام و سه‌قامگیریی ناوچه‌‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌دیدارێكدا كۆمه‌ڵێك پرس، له‌ نێویاندا په‌یوه‌ندی دووقۆڵی و هاریكاری سه‌ربازی تاوتوێكرا و جه‌خت له‌ گرینگی مه‌شق و راهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن تیمی راهێنانی سوپای هه‌نگاریا كرایه‌وه‌. 

له‌وباره‌وه‌ (مه‌سرور بارزانی) وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ تیمی راهێنه‌رانی سوپای هه‌نگاریا باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دورگه‌ی‌ ئارام و سه‌قامگیریی ناوچه‌‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتری هه‌موو ناوچه‌كه‌ ده‌بێت‌.

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی هه‌نگاریا له‌ عێراق وێڕای دووپات كردنه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان جێی بایه‌خی وڵاته‌كه‌یانه‌، راشیگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ مه‌شق و راهێنان و كار‌كر‌ن بۆ زیاتركردنی یارمه‌تی و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنه به‌ده‌ستهاتووه‌‌كانی دژ به‌ داعش له‌ پارێزگای مووسڵ و رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی چوار مانگی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، داعش ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری له‌ده‌ستداوه‌ و له‌لێواری رووخان و له‌ناوچوون نزیك بۆته‌وه‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدان و قوڵتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان هه‌نگاریا و هه‌رێمی كوردستان كرا و (ئه‌تیلا تار) رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی دۆستایه‌تیی و هاوبه‌شیی نێوانمان سوورین و هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا پشتمان پێ ببه‌ستێ.

No comments:

Post a Comment