Wednesday, January 25, 2017

مەسرور بارزانی: پرسی سەربەخۆیی فاکتەری یەکریزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە




مەسرور بارزانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کرد و لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کۆبوویەوە


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی بە یاوەری کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەحمەد کانی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی ، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا دوا ڕەوشی هەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەری تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا ، هەروەها پرسی سەربەخۆیی کوردستان وەک ویستی هاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و نەخشەرێگای ئەم پرسە لە لایەن مەسرور بارزانییەوە خرایە ڕوو و گفتوگۆی لە سەر کرا. پەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لە سەر گرنگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، تاکو هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە ڕووبەرووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە.

لەم میانەدا ئاماژە بە دوا بانگەشەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان کرا و جەخت لە سەر گرتنەبەری گیانی لە خۆبوردەیی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کرایەوە لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکان​ی هاووڵاتیانی کوردستان تیایدا لە سەرووی هەموو پرسێک بێت.

هەر لەم دیدارەدا هەر دوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.

No comments:

Post a Comment