Tuesday, January 24, 2017

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق ره‌وشى ناوچه‌كه‌ و پێشهاته‌كانیان تاوتوێ كرد




ئه‌مڕۆ 24-1-2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ مارك باریتی باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق رایگه‌یاند ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بێت له‌گفتوگۆكانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ئازاد كراون. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی دۆمینیك ماس كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ئه‌منی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ له‌ تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كان و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا كرایه‌وه‌ . 

مه‌سرور بارزانی دووه‌م سه‌ردانی فرانسوا ئۆڵاند سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسای بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ هێمایه‌كی گرینگی پشتیوانیكردن له‌گه‌لی كوردستان و به‌هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ڵوێست و یارمه‌تییه‌كانی رابردووی فه‌ڕه‌نسا به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. 

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا رۆشنیایی خرایه‌ سه‌ر رێوشوێنه‌كانی زیاد كردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان، و دووپات له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق وه‌ك مافێكی سرووشتی گه‌لی كوردستان كرایه‌وه‌ و جه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌كانی خۆی ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا. 

له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، دووپاتی له‌ به‌رده‌وام بوون و فراوانتركردنی په‌یوه‌ندی درێژخایه‌نی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌رده‌وامیش یارمه‌تییه‌كانیان به‌ كردار كردووه‌ و پاڵپشتی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن، كه‌ بوژانه‌وه‌ و كراوه‌یی بۆ گه‌لی كوردستان به‌دی بهێنێت.

No comments:

Post a Comment