Wednesday, December 2, 2015

مه‌سرور بارزانی: ئه‌گه‌ر داعش تێك نه‌شكێندرێ؛ هێرشی تیرۆریستیی زیاتر ده‌...



مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانیی تی ڤی دووی نۆرویژدا، وێڕای داواكردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ نۆرویژ و وڵاتانی ئازاددا، هاوكات گوتی: ده‌مانه‌وێ نۆرویژ هاوكارییه‌كی گه‌وره‌ترمان بكات و چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی و ته‌قه‌مه‌نی باشتر بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ كاریگه‌رترین هێزه‌، كه‌ له‌بری هه‌مووان شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌كات. 

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریكردنیدا گوتی: هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك، كه‌ له‌ هێلی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه، ئه‌ویش‌ خاوه‌ن خێزان، دایك، باوك، منداڵ و هاوسه‌ره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌، كه‌ چۆن سه‌ربازێكی خۆتان‌ له‌ هێلی پێشه‌وه‌ هاوكاری و پاڵپشتی ده‌كرێ، ئێمه‌ش چاومان له‌وه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌مان هاوكاری و پاڵپشتی بكرێ له‌لایه‌ن نۆرویژ و هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی بڕوایان به‌ دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه‌ و دژی تیرۆر و توندڕۆن.

له‌باره‌ی روودانی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی پاریس، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: پار له‌ لێدوانێكمدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیم له‌وه‌ ئاگادار كرده‌وه‌ و گوتم، داعش به‌ ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش. 

بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌كی داعش له‌م ناوچه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، ده‌توانێ میتۆدی جودا په‌ره‌ پێ بدات بۆئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی جیاجیای جیهاندا كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها گوتی: ماوه‌یه‌كی درێژ بوو داعش ئه‌م پلانه‌ی دانا بوو، ته‌نها چاوه‌ڕێی كاتی گونجاوی ده‌كرد، واته‌ ئه‌وان ئاماده‌ییان كردبوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌، هیچ گومانی تێدا نییه،‌ ئه‌گه‌ر داعش تێك نه‌شكێندرێ و له‌ژێر گوشار نه‌مێنێته‌وه‌ هێرشی زیاتر ده‌كات. 

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی تێكشكاندنێكی خێرای داعش، مه‌سرور بارزانی گوتی: داعش هه‌ر تێكده‌شكێ، ئه‌مه‌ جێی پرسیار نییه، به‌ڵكو ئێمه‌ ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ینێ؟ من دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر جیهان ده‌یه‌وێ به‌ خێرایی داعش له‌ناوبچێ، پێویست به‌ پابه‌ندبوونی زیاتری هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات‌.‌ 

ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌مه‌ به‌ ته‌نها پشت به‌ خه‌ڵكی خۆجێیی ببه‌سترێ، ئه‌مه‌ درێژه‌ ده‌كێشێ، به‌مه‌ش داعش ده‌توانێ نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ بكات، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێت بۆ سه‌رتاپای جیهان. 

هه‌روه‌ها به‌ بڕوای من داعش ئاینده‌ی نییه‌، به‌ڵام هه‌ر چه‌نده‌كی بمێنێته‌وه‌ ده‌توانێ هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر دروست بكات.

No comments:

Post a Comment