Saturday, December 5, 2015

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و شاندێكی یا...



ئه‌مڕۆ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌خالید خۆجه‌سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه‌پێكهاتبوو له‌عه‌بدولئه‌حه‌د ئه‌ستیفۆ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سیاسی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و عه‌بدولباست سه‌یدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوری و كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی ناو ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا.



له‌دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی دۆخی سوریا به‌گشتی و ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا كرا.



سه‌ره‌تا سه‌رۆكی شاندی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا باسی له‌كارو چالاكی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و كۆبوونه‌وه‌ی فره‌وانی داهاتووی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا له‌ریازی پایته‌ختی شانشینی عه‌ره‌بی سعودیا و دۆخی مه‌یدانی هێزه‌چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕۆی سوریا كرد. پاشان گفتوگۆ له‌باره‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌و ئاینده‌ی سوریا و دابینكردنی مافی گشت پێكهاته‌كان كرا.



له‌وباره‌وه‌راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی له‌چه‌سپاندنی دیموكراتی و سه‌قامگیری و ئاشتی و مافی پێكهاته‌كان له‌سوریا ده‌كات و رایگه‌یاند، پێویسته‌گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌بێت، كه‌له‌سوریای ئاینده‌دا گشت پێكهاته‌كان به‌مافه‌كانیان ئاشنا ده‌بن و كه‌س په‌راوێز نا‌خرێ.



له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌بارودۆخی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش له‌سوریا و ناوچه‌كه‌كرا و دووپات له‌وه‌كرایه‌وه‌، كه‌هه‌رچه‌نده‌راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌مه‌یدانه‌كه‌دا هه‌ن، كارێكی قوڕسه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا پێویسته‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش له‌پێشه‌وه‌ی كار و هه‌وڵه‌كانی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا دا بێت، كه‌ئه‌مڕۆ بۆته‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ گشت جیهان.

No comments:

Post a Comment