Tuesday, April 30, 2013

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە کۆنسولی گشتیی فەڵەستین کرد



سەرلە بەیانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/4/2013 به‌ڕێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پیشوازیی لە بەرێزان سەفیر نەزمی حزووری کۆنسولی گشتیی وڵاتی فەلەستین لە هەولێر و باسم فەهمی حەلس راوێژکاری کۆنسولگەری فەلەستین کرد.

لە دیدارێکدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێم و فەلەستین کرا و جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە پەیوەندیی مێژوویی گەلی کورد و فەلەستین بنەمایەکی پتەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئێستای هەردوولا لە گشت ئاستەکاندا. هەر لەم دیدارەدا کونسولی فەلەستینی ئاماژەی بەوە کرد کە فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی بووەتە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ببێت بە پەناگەیەک بۆ گشت پێکهاتەکانی عێراق و لەم میانەشدا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە هەرێم جێگیر بوونە.

لە پەیوەندی بەم بابەتەوە، بەرێز راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی هەریم هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ ئاسوودەیی ئەو هاوڵاتیە فەلەستینیانە پێشکەش دەکەن کە، سەردانی هەرێم دەکەن یاخود لە هەرێمدا جێگیر بوونە.

لە کۆتاییدا بەرێزیان ئاواتی خواست کە هەرچی زووتر گرژی و توندوتیژیەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست کۆتایی پێ بهێت و گشت گەلانی ناوچەکە لە ئاشتی و ئارامیدا هەنگاو بۆ داهاتوویەکی پرشەنگدار بنێن و لەم نێوەندەشدا هەردوو گەلی دۆست بە گشت مافە رەواکانیان بگەن.

No comments:

Post a Comment