Wednesday, April 3, 2013

مەسرور بارزانی: گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان، هەوێنی چیڕۆکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە


مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی قوتابیانی ئەکادیمیای دیپلوماسیی ڤییەنا کرد
ئێوارەی ئەمرۆ رێکەوتی 2013/4/3 ، بەرێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی قوتابیانی ئەکادیمیای دیپلوماسیی ڤییەنا کرد.

ئەمەو لە دانیشتنێکدا کە بەرێزان د.مستەفا گۆران نوێنەری حکومەتی هەرێم لە نەمسا و ساسان عەونی بەرپرسی مەکتەبی رێخکراوە جەماوەرییەکان تیایدا ئامادە بوون، لە لایەن مەسرور بارزانییەوە دوا رەوشی هەرێم و ناوچەکە بۆ ئامادەبووان تاوتوێ کراو و دواتر لە لایەن قوتابیانەوە چەندین پرسیاری پەیوەندیدار بە پرسی کورد و دوا پەرەسەندنەکانی دەڤەرەکە ئاراستە کران و لە لایەن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە وەڵام و ڕوونکردنەوەی پێویست خرانە ڕوو.

لە میانەی پرسیارەکاندا هۆکاری جیاوازی رەوشی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق جێگەی سەرنجی قوتابیان بوو، هەر لە پەیوەندی بەم بابەتەوە مەسرور بارزانی هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتن و سەقامگیریی رەوشی هەرێمی بۆ هاوکاریی خەلکی کوردستان و گیانی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لە هەرێمدا گەڕاندەوە.

لە ئاماژەیەکیشدا بۆ داهاتووی پرسی کورد لە دەڤەرەکەدا بەرێزیان ئاماژەی بەوە دا کە، کورد خوازیاری یەکسانی و ئاشتی و پیکەوە ژیانە و لەو بڕوایەداین بە رێگە چارەی ئاشتیانە و گۆڕانکاری لە عەقڵییەتی زاڵ بەسەر دەڤەرەکەدا، زەمینە بۆ دەستەبەربوونی گشت مافەکانی کورد دەرەخسێت.
شایانی باسە ئەکادیمیای دیپلۆماسیی ڤییەنا لە ساڵی 1964 دامەزراوە و یەکێک لە ئەکادیمییە گرنگەکانی ئەوروپایە لە بواری پێگەیاندنی دیپلۆماتکاران.

No comments:

Post a Comment