Monday, February 26, 2018

ده‌قى چاوپێكه‌وتنى مه‌سروور بارزانى له‌گه‌ڵ سايتى ئه‌لمۆنيته‌ردا



مه‌سروور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى تايبه‌تدا له‌گه‌ڵ سايتى ئه‌لمۆنيته‌ر، رايگه‌ياند، "ئه‌نجامدانى ريفراندۆم تاوان نييه و نەدەبوو له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌يه‌ش سزاى خه‌ڵكى كوردستان بدرێت، چونكه‌ ريفراندۆم بۆ سه‌پاندنى سنوور نه‌بوو". روونيشيكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هۆشداريان دابايه‌ عێراق له‌وه‌ى ده‌ستوور پێشێل نه‌كات، ئه‌وا؛ به‌غدا ئه‌و ئازايه‌تى و بوێرييه‌ى نه‌بوو هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان". باسى له‌وه‌شكرد، كوردستان "هيچ نيازێكى نييه‌ دوژمندارى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ بكات". دووپاتيشيكرده‌وه‌ "به‌شداريكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى نێودەولەتی دژی تيرۆر په‌يوه‌ست نييه‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌ سياسييه‌كانه‌وه‌ و هه‌موو كات كورد ئاماده‌يه‌ به‌ره‌نگارى تيرۆر ببێته‌وه"‌. له‌ باره‌ى كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانيش، ئاشكرايكرد، عه‌بادى به‌ڵێنى داوه‌ "به‌م زووانه‌" فڕۆكه‌خانه‌كان بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام "هێشتا بيانوو ده‌گرن و ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ وه‌ك كارتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنن".
ئەمەش ده‌قى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ یە:
ئهلمۆنيتهر: ئايا خهونى سهربهخۆيى كوردستان كۆتايى پێهات؟
مهسروور بارزانى: وه‌كو نه‌ته‌وه‌ پێموانييه‌  خه‌ونه‌كان بمرن و كۆتاييان پێ بێت. به‌ڵام ده‌بێت واقيعبين بين له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى ده‌توانين ئه‌نجامى بده‌ين. ئێمه‌ پێمانوابوو، كه‌ زۆر گرنگه‌ جيهان و حكومه‌تى عێراق لە‌ رێى ئه‌نجامدانى ريفراندۆمه‌وه‌  خواستى گه‌لى كورد بزانن. ئێمه‌ چه‌ند نيگه‌رانييه‌كمان له‌ باره‌ى پاشه‌ڕۆژى گه‌له‌كه‌مان هه‌بوو. ده‌مانويست دڵنيابين له‌وه‌ى هيچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌ك روونه‌دات، ده‌مانويست په‌يوه‌ندييه‌كى جێگير و ئاشتيخوازانه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت. له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش و ئه‌و بنه‌مايانه‌ى له‌سه‌رى رێكده‌كه‌وين. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، خواست و ئاره‌زووى گه‌لى ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێكدرايه‌وه‌. چونكه‌ ده‌ربڕينى خواستێك و ئاره‌زوويه‌ك مه‌رج نييه‌ به‌ ماناى ئه‌وه‌ بێت شه‌ڕ و پێكدادان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ رووبدات. ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى روودانى ئه‌نجامه‌ هه‌ڵه‌كان و ئێمه‌ له‌و ئه‌نجامه‌ هه‌ڵانه‌ به‌رپرسيار نين.
ئهلمۆنيتهر: ئهنجامدانى ريفراندۆم ئاماژهيهكى ئاشكرا بوو بۆ رێخۆشكردن بۆ راگهياندنى سهربهخۆيى، ئهمهش بوو باوكت (مهسعود بارزانى) بە ئاشكرا رایگه‌یاند، به لهبهرچاوگرتنى پهرچهكردارى هاوبهشه سهرهكييهكانتان ئايا تۆ لهو باوهڕهدایت، هێشتا جيهان ئاماده نييه بۆ سهربهخۆيى كوردستان؟
مهسروور بارزانى:  وه‌ك دياره‌، ئه‌و ئاماده‌ييه‌ نييه‌، به‌ڵام ده‌ربڕينى خواست و ئاره‌زووى ميلله‌تێك بۆ ئه‌وه‌ى چۆن بژی، تاوان نييه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو ميلله‌ته‌كه‌مان كردى. هه‌ر كاتێك داواى دانووستان له‌ باره‌ى ئاينده‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان كوردستان و به‌غدا هه‌بووبێت، وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ مه‌رج نييه‌ ئه‌وه‌ خواستى هه‌موو كورد بێت. هه‌ربۆيه‌ زۆر گرنگ بوو بزانين ميلله‌تى كورد چى ده‌وێت. ئێمه‌ ئێستا ده‌زانين،زیاتر 92% خه‌ڵكى كوردستان گوتیان به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.
ئهلمۆنيتهر: ئايا لهو باوهڕهداى دهتوانن وهك بهشێك له عێراق بمێننهوه، له كاتێكدا پهيوهندى نێوانتان تێكچووه و واديارهههر واش دهمێنێتهوه؟
مهسروور بارزانى: كاتێك نه‌ته‌وه‌يه‌ك ده‌يه‌وێت خواستى خۆى بۆ ئه‌و ژيانه‌ى ده‌يه‌وێت ده‌ربڕێت و هه‌روه‌ها دوارۆژى خۆى و نه‌وه‌كانى مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌. به‌ڵام كاتێك جيهان ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات، ئه‌و كاردانه‌وه‌یەى ده‌بێت كه‌ بينيمان. ئه‌مه‌ش رووبه‌ڕووى ئه‌و به‌ها و پره‌نسيپ و په‌يماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ مافى به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌يه‌ك داوه‌ چاره‌نووسى خۆيان ديار بكه‌ن. ريفراندۆم پرۆسه‌يه‌كى ديموكراسى و ئاشتيخوازانه‌ بوو. پێموانييه‌، ميلله‌تى كورد پێويسته‌ سزا بدرێت، ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ويستوويه‌تى چۆن بژيت.
ئهلمۆنيتهر: ئهگهر به ليست هۆكارهكانى سهرنهكهوتنى ريفراندۆم باس بكهيت، ئهو هۆكارانه چين.. ئايا هۆى دژايهتى بهغدا و توركيا و ئێران و ئهمريكا بوو، يان نايهكگرتوویى كورد بوو ياخود كاتهكهى خراپ بوو ؟
مهسروور بارزانى: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندين وڵاتدا دانووستانمان كرد، له‌وانه‌ عێراق و ئه‌مريكا و وڵاتانى دراوسێ و خۆرئاوا، هيچ كام له‌وانه‌ دژايه‌تى مافى چاره‌ى خۆنووسينيان نه‌كردووه‌، دژى سه‌ربه‌خۆيى نه‌بوون، ته‌نيا گوێمان له‌ نيگه‌رانى ئه‌وان بوو سه‌باره‌ت به‌ كاتى ئه‌نجامدانى ريفراندۆم. زياتر داواى دواخستنى ريفراندۆم ده‌كرا. لێره‌دا به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى مه‌به‌ستم عێراق و ئه‌مريكا و هه‌ندێك وڵاتى ئه‌وروپایە. نيگه‌رانيان زياتر له‌ باره‌ى سێ خاڵ بوو. ئه‌وانيش :
يهكهم: پێيانوابوو، ريفراندۆم كاريگه‌رى خراپى له‌سه‌ر شه‌ڕى داعش ده‌بێت.
دووهم: ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق سه‌ختتر بكات.
سێيهم: له‌وانه‌يه‌ ناكۆكييه‌كانى تايبه‌ت به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بگاته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى.
ئێمه‌ وه‌ڵاممان بۆ هه‌ر سێ خاڵه‌كه‌ هه‌بوو. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خواست و بڕيارى ئێمه‌ بۆ شه‌ڕ له‌ دژى داعش، هيچ په‌يوه‌ندييه‌كى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نييه‌. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه‌ رابردوو، چۆن داعش سه‌رى هه‌ڵدا، ده‌بينين، هۆكاره‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى شكستى سياسيى بوو له‌ به‌غدا و بووه‌ هۆى داڕووخانى ئابوورى و درووستبوونى بۆشايى ئاسايش و 12 ليواى سوپاى عێراق داڕووخان، به‌ هه‌موو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نييه‌كانيانه‌وه‌، كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش. له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا داعش بووه‌ به‌هێزترين هێزى ناوچه‌كه‌. كه‌ چه‌كه‌كانيشيان رووبه‌ڕووى ئێمه‌ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ ويست و ئازايى ئێمه‌ و پێشمه‌رگه‌مان بوو، به‌ هاوكارى هاوپه‌يمانان داعشمان تێكشكاند. به‌غدا دژى ئه‌وه‌ بوو چه‌كى قورس بداته‌ پێشمه‌رگه‌ و مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ى خه‌ڵكى كوردستانى له‌ 2014ه‌وه‌ بڕى بوو. بڕيارى شه‌ڕى داعش بڕيارى خۆمان بوو. په‌يوه‌نديمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رچۆنێك بێت، ئێمه‌ به‌رده‌وامين له‌ شه‌ڕى  نێودەولەتی دژ به‌ تيرۆر. ئێمه‌ ئاماده‌بووين كه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و هاوپه‌يمانان واژوو بكه‌ين بۆ به‌رده‌واميدان به‌ شه‌ڕى داعش و هه‌ماهه‌نگى ته‌واو له‌و شه‌ڕه‌دا.
ئهلمۆنيتهر: مهبهستت له كاتى ريفراندۆم و دواى ريفراندۆم بوو؟
مهسروور بارزانى: به‌ڵێ.
ئه‌لمۆنيتهر: ئهوانيش نهگهيشتنه ئهو بڕوايه؟
مهسروور بارزانى: نه‌خێر. سه‌باره‌ت به‌ خاڵى دووه‌م، كه‌پرسى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران  حه‌يده‌ر عه‌بادييه‌. ئێمه‌ پێمانوايه‌ كاريگه‌رى ئێمه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك سنوورداره‌. چونكه‌ سيستمى هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق وا دانراوه‌، هه‌ميشه‌ شيعه‌كان زۆرينه‌ن.
ئهلمۆنيتهر: بێگومان پشتگيریى ئێوه له گرووپێكى دياريكراوى شيعه له بهرامبهر گرووپێكى ديكه بێگومان كاريگهرى دهبێت؟
مهسروور بارزانى: با بۆت روونبكه‌مه‌وه‌. ده‌ستنيشانكردنى كانديده‌كان گرنگترين به‌شى پرۆسێسه‌كه‌يه‌. ئێمه‌ بێگومان ده‌زانين سه‌رۆك وه‌زيرانى داهاتوو له‌ شيعه‌كان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌موويان يه‌كگرتوو نه‌بن، ده‌نگه‌كانى سوننه‌ و كورد به‌يه‌كه‌وه‌ كاريگه‌رييه‌كى واى نابێت. ئه‌گه‌رنا به‌ هه‌ردووكيان زۆرينه‌ پێكناهێنن. هاوپه‌يمانى به‌ستنيش به‌م شێوه‌يه‌ یە . سه‌ره‌تا دانووستان و پاشان گه‌مه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات. ئێمه‌ ئاماده‌ين دانووستان له‌ باره‌ى باشترين كانديد بكه‌ين. هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى هاوپه‌يمانه‌كان و رۆژئاوا و له‌سه‌رووى هه‌مووشيانه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خه‌ڵكى عێراق. بۆيه‌ دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌ ريفراندۆم هيچ كاريگه‌رييه‌كى خراپى له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌يه‌ و ئه‌نجامه‌كانى نه‌بوو.
سه‌باره‌ت به‌ خاڵى سێيه‌ميش، تايبه‌ت به‌ بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، گوايه‌ ده‌بێته‌ هۆى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، با بيرتان بخه‌مه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ بوو له‌به‌ر هۆكارێك، ئه‌ويش ئه‌وه‌ بوو هێزه‌ عێراقييه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر داعشدا ئه‌و ناوچانه‌ى به‌جێهێشت. هه‌رگيز نه‌مانوتووه‌، ريفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ سنوور له‌ نێوان عێراق و هه‌رێم بكێشين. ئێمه‌ زۆر راشكاو بووين له‌ باره‌ى مافه‌كانمان، كه‌ له‌ مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق هاتبوو، ئه‌ويش ئه‌نجامدانى ريفراندۆمه‌ له‌و ناوچانه‌دا.
ئهلمۆنيتهر: زۆر جار دهگوترێ، ئهگهر ريفراندۆم له كهركووك نهكرابا؛ لهوانه بوو ئهوهى ئێستا روويدا، رووى نهدابا، ئايا ريفراندۆم له كهركووك ههڵه بوو؟
مهسروور بارزانى: له‌و باره‌يه‌وه‌ دوو بۆچوون هه‌بوو. هه‌ندێك پێيانوابوو، پێويسته‌ ريفراندۆم ته‌نيا له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان بكرێت. هه‌ندێكى ديكه‌ پێيانوابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هيچ بڕيارێكى دياريكراو له‌ باره‌ى سه‌پاندنى هيچ سنوورێك نييه‌، كه‌واته‌ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم له‌و ناوچانه‌ هيچ كاريگه‌رييه‌كى نابێت. بۆنموونه‌ کە كوردێكى عێراق له‌ ئه‌ڵمانيا ده‌ژيت، ده‌نگ بدات، بۆچى كوردێكیش كه‌ له‌و ناوچانه‌ی جێناکۆکن ده‌ژيت، ئه‌و مافه‌ى نه‌بێت.
ئهلمۆنيتهر: پرسێكى ديكه ئهوهيه، ريفراندۆم بۆيه له كهركووك ئهنجامدرا، چونكه داواكارى يهكێتى بوو، بهڵام لهههمانكاتدا بافڵ تاڵهبانى، كوڕى مام جهلال، پێش ئهنجامدانى ريفراندۆم له پهيامێكى ڤيديۆیيدا، داوايكرد، ريفراندۆم لهكهركووك ئهنجام نهدرێت، ئايا ئهمه پهيامێك نهبوو، پێويست بوو گوێى لێ بگيرێت؟
مهسروور بارزانى:  له‌ ناو يه‌كێتى چه‌ندين به‌رپرس، جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، پێويسته‌ ريفراندۆم له‌ كه‌ركوكيش بكرێت، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و كەسانه‌ بوون له‌ ناو دانووستانه‌كان بوون.
ئهلمۆنيتهر: ئهمريكا بۆ ئهوهنده توند بوو له دژى ريفراندۆم؟
مهسروور بارزانى: نازانم پێويسته‌ ئه‌م پرسياره‌ له‌وان بكه‌يت. ئێمه‌ كه‌ نيگه‌رانى ئه‌وانمان لێك ده‌دايه‌وه‌، ده‌گه‌يشتينه‌ ئه‌و بڕوايه‌ى ريفراندۆم هيچ هه‌ڵه‌ نييه‌ و ئه‌نجامى خراپى نابێت.
ئهلمۆنيتهر: پێتوايه ئهگهر ئهمريكا، بهو ئاشكرايیه دژى ريفراندۆم نهبووايه، حكومهتى عێراق به ههمان توندوتيژييهوهرهفتارى دهكرد، ئايا سياسهتى واشنتن عێراقى توند كرد و هانیدا تووندتر بێت له دژتان؟
مهسروور بارزانى: ئه‌وان به‌ هۆى نه‌بوونى هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ هه‌ڵوێستيان توند بوو. له‌ ناويشياندا ئه‌مريكا. ئه‌گه‌ر قبوڵيان نه‌كردبا، عێراق ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ناده‌ستووريانه‌ بگرێته‌ به‌ر و به‌ شێوه‌يه‌كى نابه‌رپرسانه‌ به‌رامبه‌ر ريفراندۆم هه‌ڵسوكه‌ت بكات، بێگومان ئه‌و كاته‌ عێراقيش ئه‌و ئازايه‌تييه‌ى نه‌بوو، هێزى سه‌ربازى بۆ يه‌كلا كردنه‌وه‌ى جياوازييه‌ سياسييه‌كان له‌گه‌ڵ مليۆنان خه‌ڵك له‌ وڵاتێكدا كه‌پێى ده‌ترێت عێراق به‌كاربهێنێت. ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان دا هاووڵاتى عێراقى بوون. ئه‌مريكا ده‌يتوانى قه‌ناعه‌ت به‌ به‌غدا بكات، كه‌ ئه‌نجامى ريفراندۆم نابێته‌ هۆى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان و ته‌نيا ده‌نگدانێكە. بۆچى پێويسته‌ هه‌ميشه‌ كورد خه‌ڵكى ديكه‌ دڵخۆش بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌ى خواستى خۆيان و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ ئاشتيانه‌ و ئاشتيخوازانه‌ بژين.
ئهلمۆنيتهر: ههڵوێستى ئهمريكا، ئهوه بوو، هێزه عێراقييهكان مافى خۆيانه له ناوچه جێناكۆكهكانى وهك كهركووك بن و بهبێ هێرش و پهلاماردان بگهڕێنهوه ئهو ناوچانه و ئێوهش بكشێنهوه و ئهو كاتهش هيچ رووبهڕووبوونهوهيهك له نێوان ئێوه و هێزه عێراقييهكان روونادات؟
مهسروور بارزانى: ئه‌مه‌ راست نييه‌. ئێمه‌ وتمان ئاماده‌ى دانووستانين له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ پێش ريفراندۆم و دواى ريفراندۆم. ريفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌و مافه‌ به‌ ئێمه‌ بدات ئه‌و دانووستانه‌ بكه‌ين. هه‌ميشه‌ گوتومانه‌ چاره‌نووسى كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پێويسته‌ به‌ پێى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق يه‌كلا بكرێنه‌وه‌. هيچ شتێك له‌ لايه‌ن ئێمه‌وه‌ نه‌سه‌پێنرابوو. نه‌مانويست چاره‌نووسێك يان خواستێك بسه‌پێنين. به‌ڵام هێزه‌ عێراقييه‌كان هێزى چه‌كداريان بۆ ده‌ركردنى پێشمه‌رگه‌ به‌كارهێنا. ئه‌وه‌ به‌كارهێنانى توندوتيژى بوو له‌ دژى خه‌ڵكى خۆيان.
ئهلمۆنيتهر: تا ئێستاش ديار نييه، چى رووی روویدا، ئايا ئێوه شهڕتان له دژى هێزه عێراقييهكان كرد؟
مهسروور بارزانى: بێگومان پێش شه‌ڕه‌كه‌، عێراقييه‌كان هێزيان كۆده‌كرده‌وه‌. نيازى به‌غدا زۆر ئاشكرا بوو. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو داواكارييه‌كانى به‌رپرسانى كوردستان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كه‌ داواى دانووستانى ئاشتيانه‌يان ده‌كرد، به‌ڵام به‌غدا رۆژ له‌ دواى رۆژ هێزى كۆده‌كرده‌وه‌. له‌ جياتى دانووستان له‌گه‌ڵ كوردستان، هه‌ندێك لايه‌نى به‌غدا، له‌گه‌ڵ باڵێكى يه‌كێتى گفتوگۆيان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى چۆن هێزه‌كانيان بگه‌ڕێننه‌وه‌. داواكه‌ ئه‌وه‌ بوو، ئه‌و هێزه‌ عێراقييانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنكه‌ى سه‌ربازى K1 و كێڵگه‌ نه‌وتييه‌كانى كه‌ركووك. هيچ گفتوگۆيه‌ك له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و هێزانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو شارى كه‌ركووك. به‌ڵام دواجار رێككه‌وتنى ديكه‌ هاته‌ ئاراوه‌.
ئهلمۆنيتهر: كێ ئهو رێككهوتنانهى كرد؟
مهسروور بارزانى: باڵێكى ناو يه‌كێتى. نامانه‌‌وێت شته‌كان به‌  شه‌خسى بكرێن، به‌ڵام شته‌كان خه‌ڵك ده‌زانێت كێ ئه‌نجاميداوون.
مۆنيتهر: هيچ وڵاتێك دهستى تێدا ههبوو؟
مهسروور بارزانى: ئێرانى و عێراقى و حه‌شدى شه‌عبى و باڵێكى ناو يه‌كێتى ده‌ستيان له‌وه‌دا هه‌بوو. به‌ قسه‌ى خۆيان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌رپرسى ئه‌مريكا و به‌ريتانيا قسه‌يان كردبوو، كه‌ له‌ راوێژدا بوون له‌گه‌ڵ باڵيۆزخانه‌كانى به‌ريتانيا و ئه‌مريكا و حكومه‌تى به‌غدا.
ئهلمۆنيتهر: ئايا توركيا دهستى لهو رێككهوتنه ههبوو؟
مهسروور بارزانى: ئه‌وه‌نده‌ى ئاگاداربم، نه‌خێر.
ئهلمۆنيتهر: لهو بڕوايهدان بێ كهركووك دهتوانن كوردستانێكى سهربهخۆ و بههێزتان ههبێت؟
مهسروور بارزانى: بيرۆكه‌ى سه‌ربه‌خۆيى ته‌نيا تايبه‌ت به‌ شارێك و ناوچه‌يه‌ك نييه‌. به‌ڵكو خواستێكى نه‌ته‌وه‌ييه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت. كه‌ركووك زۆر گرنگه‌، له‌ رووى مێژوويشه‌وه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ كوردستان. ئێستا به‌ ناوچه‌ى جێناكۆك له‌قه‌ڵه‌مدراوه‌. به‌ڵام ئايا حكومه‌تى عێراق له‌ 2005ه‌وه‌ چى كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق. داهاتووى قه‌واره‌يه‌كى كوردى چۆن ده‌بێت، ئه‌وه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ دانووستانه‌وه‌. ئێمه‌ ميكانيزمێكمان بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسى شوێنه‌كان هه‌يه‌. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌، كه‌ سه‌ربه‌خۆيى نه‌ته‌وه‌يه‌ك ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.
ئهلمۆنيتهر: ئێستا ئێوه ئهو ناوچانهتان لهدهستداوه، پێتانوايه ههمان دهسهڵاتتان ههيه، كه پێش ريفراندۆم ههتانبوو.. حكومهتى عێراق لهسهر چ خاڵێك لهگهڵ كورد دانووستان دهكات؟
مهسروور بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌يرى مێژووى 100 ساڵى رابردوومان بكه‌ين، ده‌بينين، سه‌دام حوسێن كۆنترۆڵى هه‌موو كوردستانى كرد، ئايا ئێمه‌ له‌ناو چووين، ئايا دووباره‌ سه‌رمانهه‌ڵنه‌دايه‌وه‌؟ بێگومان ئه‌وه‌ى هى كوردستان بێت، هه‌ر هى كوردستانه‌. ئێمه‌ هه‌رگيز واز له‌ خاكى خۆمان و خواستى گه‌لى خۆمان ناهێنن.
ئهلمۆنيتهر: ئايا پێتوايه، رهوشى ئێستا ئاسانكارى دهكات بۆ گهڕانهوهى داعش له ناوچه عێراقييهكان؟
مهسروور بارزانى: جيهان ئێستا هه‌ڵه‌يه‌كى گه‌وره‌ ده‌كات، كه‌ پێىوايه‌، له‌ناوبردنى سه‌ربازيانه‌ى داعش، ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ رووى ئايدۆلۆژييه‌وه‌ له‌ناو ده‌بات. ئه‌وان له‌ رووى سه‌ربازييه‌وه‌ تێكشكاوون و خاكيان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌ناو نه‌چوون و له‌ شوێنه‌كانى خۆيان ماوون و خه‌ريكى خۆ سازدانه‌وه‌ن. پێويسته‌ سه‌يرى ره‌گوريشه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌ بكه‌ين. ئايا هيچ هه‌نگاوێكى كرده‌يى بۆ له‌ ريشه‌ ده‌رهێنانى ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌يه،‌ بێگومان نه‌خێر. جياوازى كردن و مامه‌ڵه‌ى خراپ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان و مامه‌ڵه‌ى نايه‌كسانيانه‌ ، هۆكارى سه‌ره‌كين. پێم بڵێ كوێى عێراق جێگير و سه‌قامگير و ئارامه‌ و خزمه‌تگوزارييه‌كانى وه‌ك ئاو و كاره‌با دابين كراوون؟ پاره‌ى عێراق چى به‌سه‌رهات؟  عێراق وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌. خراپ به‌كارهێنانى  ئه‌و داهات و سه‌رچاوانه‌يه‌، كه‌ جياوازى ده‌كه‌ن له‌ دژى گرووپێكى دياريكراو. كوردستان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانى ديكه‌ى عێراق جێگيرتر و ئارامتره‌. هه‌موو كه‌سێك كه‌ ئاگادارى ره‌وشى عێراق بوو، ئه‌مه‌ى ده‌بينى. به‌ڵام ئه‌و هێرشه‌ سه‌ربازييه‌ى ساڵى رابردوو كرايه‌ سه‌ر كوردستان، ئه‌و پرسياره‌ ده‌هێنێته‌ ئارا، بۆچى سه‌قامگيرترين به‌شى عێراق نا ئارام ده‌كرێت.
ئهلمۆنيتهر: ئايا لهداهاتوودا ئهگهرى ههڕهشهى هێرشى ديكهى عێراق له دژى ئێوه ههيه؟
مهسروور بارزانى: هه‌وڵه‌كانيان به‌ يه‌ك ئامانج بووە، ئه‌ويش لاوازكردنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو. ئه‌مه‌ بەهۆی هه‌ڵه‌ تێگه‌يشتن بوو له‌ خواستى ميلله‌تێك له‌ ريفراندۆمدا. ریفراندۆم ته‌نيا ده‌نگدانێك بوو.
ويستيان كوردستان لاواز و په‌راوێزخراو بكه‌ن. بێگومان هەماهەنگییەک له‌ نێوان وڵاتانى هه‌رێمايه‌تى هه‌بوو، به‌غداش نوێنه‌رى خۆى بۆ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ نارد و ئه‌وان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چۆن هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ريفراندۆم بنوێنن. به‌غدا زۆر باسى سه‌روه‌رى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات، ياخود باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رێگرى له‌ ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌ره‌كى بکرێت، كه‌چى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ نێردران بۆ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر، داواى ده‌ستتێوه‌ردانى ئه‌و وڵاتانه‌يان ده‌كرد، له‌ كاروبارى ناوخۆى عێراقدا.
ئهلمۆنيتهر: ئێستا گفتوگۆ له بارهى ئهوه دهكرێت، بهغدا و ئهنقهره، ئۆپراسيۆنێكى هاوبهش له دژى پهكهكه له شنگال ئهنجام بدهن؟
مهسروور بارزانى: ئێمه‌ ئاگادار نين.
ئهلمۆنيتهر: چى روودهدات ئهگهر رێکخراوێکی هاوشێوهى داعش سهرههڵبداتهوه و ئهمريكا له دهرگاى ئێوه بداتهوه بۆ هاوكارى، به تايبهتى دواى ئهوهى ئهمريكا ئێوهى بهرامبهر به هێزه عێراقييهكان نهپاراست؟
مهسروور بارزانى: پابه‌ندبوونى ئێمه‌ بۆ شه‌ڕ له‌ دژى تيرۆريزم هيچ په‌يوه‌ندى به‌ په‌يوه‌ندييه‌ سياسييه‌كانمان له‌گه‌ڵ هيچ وڵاتێك نييه‌. ئێمه‌ شه‌ڕى تيرۆر ده‌كه‌ين له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا بێت. ئێمه‌ شه‌ڕى دوژمنێكمان كرد، كه‌ به‌غداى به‌ چۆكدا هێنابوو. وڵاته‌كه‌مان پاراست.
ئهلمۆنيتهر: كهواته ئهمريكا دهتوانێت وهك هاوپهيمانێك پشت به ئێوه ببهستێت؟
مهسروور بارزانى: بێگومان ئێمه‌ هاوپه‌يمانين، ئه‌گه‌ر جياوازيشمان له‌ باره‌ى هه‌ندێك بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێت. كاتێك پرسه‌كه‌ ده‌گاته‌ شه‌ڕى تيرۆر، ئێمه‌ ئه‌ندامێكى گرنگ و كاريگه‌رى هاوپه‌يمانى دژى تيرۆرين.
ئهلمۆنيتهر: يهكێك له ئامانجه سهرهكييهكانى سياسهتى دهرهوهى ئيدارهى ترهمپ، سنوورداركردنى كاريگهرييهكانى سياسهتى ئێرانه، ئايا ئێوه لهگهڵ ئهو بۆچوونهدان، كه ئهو رووداوانهى دواى ريفراندۆم روويان دا، ئهنجامێكى نهرێنيانهى بۆ ئهو سياسهتهى واشنتن  ههبوو؟
مهسروور بارزانى: با ئێمه‌ سه‌يرى رووداوه‌كان بكه‌ين. له‌گه‌ڵ هه‌موو رێزێكمان بۆ ئێران و هه‌ر وڵاتێكى ديكه‌ بيه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى بپارێزێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ به‌ وه‌ستانه‌وه‌ دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌وان لێكبدرێته‌وه‌. له‌ دواى 2003ه‌وه‌ تا ئێستا كاريگه‌رى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى به‌رچاو په‌ره‌ى سه‌ندووه‌. ئايا ئێران كارته‌كانی به‌ باشى به‌كارهێنا، من پێموايه‌ به‌ڵێ. ئايا ئه‌وان ده‌رفه‌ته‌كانيان به‌ باشى بۆ خۆيان قۆسته‌وه‌، به‌ڵێ. ئه‌وان ياريزانى زيره‌كن و له‌وه‌دا شاره‌زان كه‌ چۆن كاريگه‌رى خۆيان به‌كار بهێنن و ئه‌مه‌ش‌ ئێمه‌ ئێستا به‌ چاوى خۆمان ده‌يبینين. من مه‌به‌ستم ئيداره‌يه‌كى تايبه‌تى ئه‌مريكا نييه‌، به‌ڵام هه‌ر كاتێك ئه‌وان به‌ ئاشكرا سياسه‌تێكى دياريكراو ده‌ستنيشان ده‌كه‌ن، ئه‌و سياسه‌ته‌يان له‌سه‌ر زه‌وى له‌گه‌ڵ واقيعدا يه‌كناگرێته‌وه‌.
ئهلمۆنيتهر: ئايا هيچ شتێك ههيه كوردى سووريا له ئهزموونى ئێرهوه پهندى لێ وهربگرن؟
مهسروور بارزانى: ره‌وشى كورد له‌ سووريا زۆر ئاڵۆزه‌. زۆر کێشە و پرسى ناوخۆیى له‌ سووريا و به‌ تايبه‌تيش له‌ ناو كوردانى سووريا هه‌يه‌. به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى، هيچ رێككه‌وتنێكى سياسى له‌ نێوان كورد له‌ سووريا و هيچ وڵاتێكى ئه‌ندامى هاوپه‌يمانى دژى داعش نييه‌. كورد به‌ سرووشتى خۆيان شه‌ڕڤانى باشن. پێموايه‌ هه‌موو جيهانيش دانى پێدا ناوه‌، جا له‌ سووريا بێت يان له‌ عێراق. كورده‌كانى سووريا شه‌ڕێكى باشيان دژى داعش كرد. ئێستاش بۆ درێژه‌دان به‌و شه‌ڕه‌ پشتيوانى ده‌كرێن. ئه‌وه‌ى كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى سياسى له‌ نێوان كوردى سووريا و وڵاتانى جيهان هه‌بێت، بابه‌تێكى ديكه‌يه‌ و ئێمه‌ ئاگادار نين. هيچ پێشكه‌وتنێكيشمان له‌و باره‌يه‌وه‌ نه‌بينيوه‌.
ئهلمۆنيتهر: ئێستا ئهوان شهڕى سوپاى توركيا دهكهن، لهم ماوهيهشدا، شاندێكى پهرلهمانى كوردستان بۆ پشتيوانى دەربڕین سهردانى عهفرينى كرد،، ئايا هيچ نزيكبوونهوهيهك له نێوان ههرێمى كوردستان و ئيدارهى رۆژئاوا ههيه؟
مهسروور بارزانى: با راشكاو بين. كورده‌كان هه‌موويان سه‌ر به‌ پارتێك يان لايه‌نێكى دياريكراو نين. توركيا ده‌ڵێت: ئێمه‌ شه‌ڕى گرووپێكى دياريكراو ده‌كه‌ين، نه‌ك هه‌موو كورد. هاوسۆزى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندى به‌ ناكۆكى سياسى نێوان لايه‌نه‌كانه‌وه‌ نييه‌. ژماره‌يه‌كى زۆرى هاووڵاتيانى مه‌ده‌نى بوونه‌ته‌ سووته‌مه‌نى ئه‌و شه‌ڕه‌. زۆريشيان په‌يوه‌ندييان له‌گه‌ڵمان هه‌يه‌ و يه‌ك نه‌ته‌وه‌ين و هاوسۆزى يه‌كترين. ئه‌و هاوسۆزييه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ده‌نييه‌ بێتاوانانه‌يه‌ كه‌ پێويستيان به‌ هاوكارى مرۆييه‌. ئێمه‌ دژى شه‌ڕين و ئاماده‌ين بۆ هه‌موو هاوكارييه‌ك بۆ كۆتايهێنان به‌ مه‌ينه‌تييه‌كانيان. ئه‌و كێشانه‌ پێويسته‌ ئاشتيانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئهلمۆنيتهر: ئامادهن ناوبژى له نێوان توركيا و پهكهكه و يهپهگه بكهن؟
مهسروور بارزانى: هه‌ر شتێكمان پێ بكرێت بۆ رزگاركردنى مه‌ده‌نييه‌كان بێگومان ئاماده‌ين.
ئهلمۆنيتهر: ئێوه له رابردوودا داواتان دهكرد، پهكهكه شنگال بهجێبهێڵێت، ئايا ئێستاش ئهو داوايه دهكهن؟
مهسروور بارزانى: پێمانوايه‌ هه‌ر گرووپێكى كوردى له‌ وڵاتێكى ديكه‌، پێويسته‌ كێشه‌كانى له‌ وڵاتى خۆى يه‌كلا بكاته‌وه‌. هه‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ بۆ وڵاتێكى ديكه‌، ته‌نيا كێشه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.
ئهلمۆنيتهر: ئايا ئەمە پارته كوردييهكانى ئێرانیش دهگرێتهوه، چونكه بهرپرسانى ههرێم داوايان لهوانيش كردووه، پێگهكانيان له ناوچه سنوورييهكانى عێراق و ئێران دووربخهنهوه؟
مهسروور بارزانى: ئه‌گه‌ر راستگۆيانه‌ قسه‌ بكه‌ين، كوردى ئێران ئارامترن و ئه‌رێنيانه‌ وه‌ڵامى داواكارييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيان داوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێرشى سه‌ربازى دژى ئێران نه‌كه‌ن. هه‌ڵوێستى ئه‌وان زۆر جياوازه‌.
ئهلمۆنيتهر: بهم دواييانه سهرۆك وهزيران، نێچيرڤان بارزانى سهردانى تارانى كرد، دهنگۆى ئهوهش ههيه، پهيوهندييهكانتان لهگهڵ وڵاتانى ههرێمايهتى ئاسايي بكرێنهوه، ئايا ئهمه روويداوه؟
مهسروور بارزانى: ئێمه‌ له‌ لايه‌ن سووريا و توركيا و ئێرانه‌وه‌ ده‌وره‌ دراوين. بێگومان له‌ عێراقيش كێشه‌ى خۆمان هه‌يه‌. هيچ نيازێكمان بۆ دوژمندارى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ نييه‌ و هه‌ميشه‌ ده‌ستى دۆستايه‌تيمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش درێژ كردووه‌. تا ئه‌و جێيه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌رمان و دژى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان نه‌بن، ئێمه‌ ئاماده‌ين له‌ پێناو جێگيریى و سه‌قامگيریى ناوچه‌كه‌ كاريان له‌گه‌ڵ بكه‌ين.
ئهلمۆنيتهر: ئايا راسته باوكت له لايهن سهرۆكى توركيا، رهجهب تهيب ئهردۆغان، بانگهێشت كراوه، ئهويش به هۆى شهڕى عهفرينهوه ئاماده نهبووه بچێت؟
مهسروور بارزانى:  ئاگادارى شتێكى له‌و بابه‌ته‌ نيم.
ئهلمۆنيتهر: دواى ريفراندۆم به تايبهتى، پهيوهنديتان لهگهڵ توركيا چۆنه، ئايا هيچ شتێك گۆڕاوه؟
مهسروور بارزانى: توركيا هاوبه‌شێكى گرنگى هه‌رێمى كوردستان بووه‌. له‌ رووى ئابوورييه‌وه‌ ده‌روازه‌ى نێوان كوردستان و جيهانە. به‌ درێژايى ماوه‌ى ريفراندۆم توركيا هيچ كات سنوورى دانه‌خست. ئه‌مه‌ش يارمه‌تى ئه‌وه‌ى داوه‌، هيچ كێشه‌يه‌كى مرۆيى له‌ كوردستان روونه‌دات. ئه‌مه‌ ئاماژه‌يه‌كى گرنگه‌. به‌رده‌وام به‌رزى و نزمى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و ناكۆكى هه‌بووه‌. به‌ڵام با ئێمه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ چاومان له‌ ئاينده‌يه‌كى گه‌ش بێت بۆ هه‌ردوولا.
ئهلمۆنيتهر: ئايا پێتانوايه بهشێك له دژايهتى توركيا بۆ ريفراندۆم به هۆى كێشه ناوخۆييهكانى سهرۆك ئهردۆغانهوه بووه؟
مهسروور بارزانى: به‌ڵێ پێموايه‌ به‌شێكى زۆرى له‌به‌ر ئه‌و هۆيه‌ بوو.
ئهلمۆنيتهر: با بگهڕێينهوه بۆ پرسه‌‌ ناوخۆييهكانى ئێوه.. ئايا ئێوه ههڵبژاردنى سهرۆكايهتى و پهرلهمانى ئهنجام دهدهن؟
مهسروور بارزانى: هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كاندايه‌. لانيكه‌م پارتى ئه‌و داوايه‌ى هه‌يه‌. كه‌ پارتێكى سه‌ره‌كييه‌. ئێمه‌ پێش عێراق، داواى هه‌ڵبژاردنمان كردووه‌. بۆيه‌ ده‌مانويست كورد يه‌ك بن و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن و كاريگه‌رييه‌كى به‌هێزتريان له‌سه‌ر به‌غدا هه‌بێت. ئێستا كه نايانه‌وێت ئێمه‌ كورد بين و ده‌يانه‌وێت پێش هه‌موو شت عێراقى بين، به‌ڵام پێويسته‌ مافيشمان هه‌بێت. مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان دابين بكرێن. پێويسته‌ ئێمه‌ ئێستا ليستێكى كورديى يه‌كگرتوومان هه‌بێت. پارتى هه‌وڵى بۆ ده‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێزه‌كانى ديكه‌ى كوردستان له‌ به‌ر چه‌ند هۆكارێكى سياسيى، پێيانوايه‌ به‌ هاوپه‌يمانى به‌ستنى خۆيان ده‌نگى زياتر بهێنن. يه‌كێتيش ئاماده‌ نه‌بوو له‌ كوردستان هه‌ڵبژاردن بكرێت و پێش عێراق بكه‌وين، چونكه‌ كێشه‌ى ناوخۆييان هه‌يه‌. هه‌ربۆيه‌ نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌. بێگومان ئه‌وانيش هاوبه‌شێكى گرنگن. پێويست بوو له‌ هه‌ر بڕيارێك بدرێت، ئه‌وان به‌شداربن تێيدا. ئێستا كاته‌كه‌ى دواكه‌وتووه‌. چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ى ماوه‌كه‌ى به‌سه‌ر بچێت، رێوشوێنه‌كان بۆ كۆميسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن بگيرێنه‌ به‌ر. ئێستا نزيكترين كات بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌فته‌ى يه‌كه‌مى مانگى ئه‌يلوولى داهاتووه‌.
ئهلمۆنيتهر: كێ خۆى بۆ پۆستى سهرۆك دهپاڵێوێت، هيچ كانديدێك له بيركردنهوهتاندا ههيه؟
مهسروور بارزانى: پرسى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم جێى گفتوگۆيه‌. په‌رله‌مان تا ئێستا ئاماده‌ نييه‌ بۆ گفتوگۆ كردن له‌ باره‌يه‌وه‌. پێويسته‌ په‌رله‌مانێكى نوێمان هه‌بێت، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى هه‌بێت، ياساى تايبه‌ت بۆ حكومه‌ت ده‌ربكات. قسه‌ له‌ باره‌ى رۆڵ و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكايه‌تى و چۆنێتى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك بكات، ئايا له‌ لايه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بێت يان له‌ لايه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت.
ئهلمۆنيتهر: كهواته كورد، دهتوانن پێش ههڵبژاردنى عێراق هاوپهيمانيهكيان ههبێت؟
مهسروور بارزانى: پێموايه‌ خه‌ڵكى كوردستان چاوه‌ڕێى سه‌ركردايه‌تى ده‌كه‌ن له‌ پارته‌ سياسييه‌كاندا.  ئه‌گه‌ر هه‌ر لايه‌نێك هه‌وڵبدات به‌رژه‌وه‌ندييه‌ كه‌سى و حزبييه‌كانى بخاته‌ سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك ئه‌وا؛ به‌رپرسيار ده‌بێت. خه‌ڵك چاوه‌ڕێ ده‌كات، لايه‌نه‌كان كێشه‌كانيان به‌لاوه‌ بنێن و بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك. پێموايه‌ ئێستا ده‌رفه‌تێك بۆ به‌ديهێنانى ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌يه‌. چونكه‌ دانووستانه‌كان به‌رده‌وامن و زياتر ده‌رفه‌تى يه‌كگرتوويى هه‌يه‌ له‌ جاران. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ ليست و گرووپى جياوازيش به‌شدار بن. به‌ڵام هه‌ر چانسى ئه‌وه‌ ماوه‌ دواجار ببنه‌ هاوپه‌يمانێتييه‌ك. گرنگترين تايبه‌تمه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، درووستكردنى هاوپه‌يمانێتييه‌ دواى هه‌ڵبژاردن و پێموايه‌ ئه‌و كاته‌ زۆر خه‌ڵك بۆ هاوكارى له‌ ده‌رگاى كورد ده‌دات.
ئهلمۆنيتهر: دوا پرسيار له بارهى ئابوورييه. فڕۆكهخانهكان چيان بهسهر هات، ئێوه چۆن بێ داهاتى كهركووك دهژين؟
مهسروور بارزانى: داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كان ئابڵوقه‌دانێكى نابه‌جێى خه‌ڵكى كوردستان بوو. كارێكى ناده‌ستوورى بوو. چونكه‌ پێويست نه‌بوو فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ مه‌به‌ستى سياسى دابخرێن. دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى به‌رده‌وامه‌. گفتوگۆ له‌ باره‌ى هه‌بوونى يه‌ك سيستمى ئاڵوگۆڕى زانياری ده‌كرێت و ئێمه‌ش ره‌زامه‌نديمان پيشانداوه‌. پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ كۆچكردن و ڤيزا و پرسى گومرگ، هاتوونه‌ته‌ ئارا. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌، هه‌موو داخوازييه‌ك جێبه‌جێ بكات كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوور بێت. به‌ڵام كاتێك به‌غدا هيچ پاساوێكى بۆ كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كان نه‌بێت، دێن، بيانووى ئاسايش ده‌گرن و ده‌ڵێن، ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌بێت له‌ ژێر چاودێرى و كۆنترۆڵى به‌غدا بێت. هه‌ولێر ئاماده‌يه‌، يه‌كه‌ ناوخۆييه‌كان كۆنترۆڵى فڕۆكه‌خانه‌كان بكه‌ن. ئێستا هيچ بيانوويه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كان نه‌ماوه‌. هه‌موويان بيانووى سياسين و به‌شێكن له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن. ده‌بينين نه‌ته‌وه‌يه‌ك به‌ ته‌واوى سزا دراوه‌، ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ بهێنن و ئه‌وان وه‌ك كارتى سياسى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن. به‌م دواييانه‌ عه‌باديمان بينى، كه‌ به‌ڵێنيان دا فڕۆكه‌خانه‌كان به‌م زووانه‌ بكه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ گوێمان له‌ وشه‌ى "به‌م زووانه‌" بوو، ئيتر با بزانين به‌ڵێنه‌كانيان ده‌به‌نه‌ سه‌ر. سه‌باره‌ت به‌ پشكمان له‌ داهاتى نه‌وت، ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌ستوورى عێراق. ئه‌گه‌ر عێراق رێزى له‌و به‌شه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ گرتبا، ئێستا ئێمه‌ به‌م دۆخه‌ نه‌ده‌گه‌يشتين. فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان، بێبه‌شكراوون له‌ مووچه‌. پرسياره‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌، پاره‌ى خه‌ڵكى كوردستان بۆ كوێ ده‌چێت.. ئايا دواتر ئه‌م پاره‌يه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كورد، ئايا كه‌س ئه‌و پرسياره‌ى له‌ به‌غدا كردووه‌، ئه‌و پاره‌يه‌ چى لێ دێت، كه‌ له‌ 2014ه‌وه‌ نه‌دراوه‌.
ئهلمۆنيتهر: دهربارهى ئاواره عێراقييهكان، ئايا حكومهتى عێراق هيچ پارهيهكيان بۆ دهنێرێت؟
مهسروور بارزانى: نه‌خێر. پاره‌ نانێرێت. پرسيارێك دێته‌ ئاراوه‌، بۆچى تا ئێستاش خه‌ڵك له‌ عێراق راده‌كه‌ن و دێن له‌ ژێر چادر و له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ژين؟ بێگومان ئه‌مه‌ به‌ هۆى نه‌بوونى سه‌قامگيرى و ئاسايشه‌ له‌ شاره‌كانيان. ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات، كه‌ كوردستان سه‌قامگيرترين و ئارامترين به‌شى عێراقه‌.