مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ خێرارد ستیگز، نێرده‌ی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سووریا، رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كانی رۆژئاوا و یه‌كریزی نێوانیان گه‌ره‌نتی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورده له ئایندهی سوریادا.
مه‌سرور بارزانی، سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له رۆژئاوا، ئاماژه‌ی به گرنگی پابه‌ندبوون كرد به رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان، كه له هه‌ولێر و دهۆك واژووكراون و رایگه‌یاند، یه‌كێتی ریزه‌كانی كورد، داهاتوویان له سووریا دابینده‌كات، قورخكاری و تاكڕه‌وی مه‌ترسیی بۆ سه‌ر داهاتووی كورد له سوریا دروستكردووه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه جانێت ئه‌لبێردا، كۆنسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له هه‌ولێری پایته‌خت ئاماده‌ی بوو، باس له كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئاستانای پایته‌ختی قیرغیستان كرا و ئایندهی گه‌لی كورد له‌و وڵاته تاووتوێكرا، هاوكات به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی گه‌لی كورد، له كۆبوونه‌وه‌ی ئاستانا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش به گرنگ دانرا.
له‌به‌رامبه‌ردا نوێنه‌ری وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا، وێڕای ده‌ربڕینی پێزانینی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیشی له پێویستی هێزێكی مۆدێرن كرده‌وه بۆئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی له ئایندهی سوریادا بگێڕێت و رایگه‌یاند، ئێوه له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی نێوده‌وڵه‌تیدان، بۆیه له چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بۆچوونه‌كانتان به‌لامانه‌وه گرنگ و به‌سوودن.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له هه‌ولێر رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كاندا به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی گرنگه و ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له چاره‌سه‌ركردنی پرسه هاوبه‌شه‌كان به‌رزده‌نرخێنین.