Wednesday, October 5, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازیی له‌ جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ...

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق کرد




ئه‌مڕۆ 5/10/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ستیفانی ویلیامز جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی و‌یلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی گرنگی و پێداویستییه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش له‌ عێراق كرا و رێككه‌وتنی سیاسی ‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق جه‌ختی لێكرایه‌وه‌. په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌‌ مه‌سرور بارزانی چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌ییانه‌ی كێشه‌ و جیاوازییه‌ ئه‌تنی و ئاینی و سیاسیه‌كانی له‌ عێراق به‌ پێویست زانی و رایگه‌یاند، ئێمه‌ وایده‌بین، كاتێك مووسڵ رزگار ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك كێشه‌ سه‌رهه‌ڵده ده‌ن، بۆیه‌ رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پێكهاته‌كان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ فاكته‌رێكی گرنگی سه‌قامگیری و ئاشتی ده‌بینین.‌

هه‌ر له‌م دیداره‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر پێداویستیی و كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی مرۆیی زیاتر به‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پێشبینی ده‌كرێ له‌ ئه‌نجامی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی ئاواره‌ په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان بهێنن، له‌مباره‌ جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌ ئاماده‌گیه‌كانی فریاگوزرایی مرۆیی كرد و رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر خه‌تین و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنێكی باش له‌و باره‌وه‌ به‌دی ده‌كرێ، دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ گفتوگۆكانی خۆیاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.

Thursday, September 29, 2016

له‌ هه‌ولێر یادی 67 مین ساڵه‌ى رۆژى نیشتیمانى چین كرایه‌وه‌



به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سرور بارزانى نوێنه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگیرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و كنسوڵى چین له‌ هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانى حیزبى و حكومى ، كنسوڵخانه‌ى چین به‌ بۆنه‌ى 67 مین ساڵه‌ى رۆژى نیشتیمانى چین ڕێو ره‌سمێكى تایبه‌تیان ئه‌نجامدا .

له‌ یاده‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ كسنولى چین له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌وه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم وتارى خۆیان پێشكه‌ش كرد و باسیان له‌ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستى ئابوورى و فه‌رهه‌نگى و سیاسى كرده‌وه‌.

مه‌سرور بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى بریتانیا له‌ توركیا كرد 29-9-2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ توركیا کرد




ئه‌مڕۆ 29/9/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ پێشوازی له‌ ریچارد مۆر بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ توركیا رایگه‌یاند، هیچ گومانم نییه‌، كه‌ له‌ كۆتاییدا تیرۆریستانی داعش له‌ عێراق تێكده‌شكێنرێن، به‌ڵام گرنگه‌ كار بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق بكرێت.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ هه‌ڵمه‌ت و هه‌نگاوه‌كانی شكاندنی داعش كرده‌وه‌ و دووپاتیان له‌ گرنگی رزگاركردنی گشت ئه‌و ناوچانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ داعش داگیری كردوون به‌ شاری مووسڵه‌وه‌ش. په‌یوه‌ست به‌ به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ له‌ دوای داعش، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌ رێككه‌وتنی سیاسی له‌نێوان ته‌واوی پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هیچ گومانم نییه‌، كه‌ له‌ كۆتاییدا تیرۆریستانی داعش له‌ عێراق تێكده‌شكێنرێن، به‌ڵام گرنگه‌ كار بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق بكرێت بۆ سه‌قامگیری و به‌رقه‌راربوونی ئاشتی. 

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ له‌پێناو دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی پێویست بۆ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وام دان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانی جیهانی دژ به‌ تیرۆر.

Monday, August 29, 2016

مه‌سرور بارزانی: ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ ئارادایه‌





ئه‌مڕۆ 29-8-2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ نه‌دیم زه‌هاوی په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیا تیشكی خسته‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفرادۆم و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ئارادایه‌. 

له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و جه‌خت له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ش كرا كه‌ تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش دان. 

په‌یوه‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ‌، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی و هاوپه‌یمانی جیهانی به‌ سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌یه‌ كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد و جه‌ختی له‌ گرنگی رێككه‌وتنی سیاسی ‌بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌له‌دوای داعش كرده‌وه‌. 

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌و جیاوازییه‌ سیاسیه‌كان و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا ، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كاته‌كه‌ی به‌ گونجاو دانا و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ئارادایه‌.