مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مەتران نیکۆدیمۆس داود شەرەف، مەترانی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی سریانی لە هەرێمی کوردستان و موسڵ و کەرکووك کرد.
لەم دیدارەدا دوا دۆخی ناوچەکە و بە تایبەت دەشتی نەینەوا و رەوشی ئاوارە کریستانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
مەتران داود شەرەف سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، کە هەمیشە پاڵپشت و پەناگەی کریستانەکان لە عێراقدا بووە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەو گۆشارانەی لە سەر هەرێم هەن کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاشتی و ئارامی بۆ تێکڕای ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.
هەر لە پەیوەندی بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە لە هیچ بارودۆخێکدا کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەردا ناهێت و هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوەندی پێکەوە ژیانی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.
لە بارەی رەوشی دەشتی نەینەوا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێ هەوڵی ئاشکرا لە ئارادان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و کەشێک دروستکراوە کە برا کریستانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بەجێ بهێڵن. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی ئەم هەوڵانە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکانی دیکەیە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن و پاڵپشتیمان بۆ برا کریستانەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە گەل سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا.
No comments:
Post a Comment