له دیدارێكدا، به ئاماده‌بوونی فرانك بێكه‌ر، بالیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و جۆن شارب، هه‌ڵسووڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رده‌وامی پێشڤه‌چوونه سه‌ربازییه‌كانی دژ به تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی درێژخایه‌نی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.
له دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی به‌ریتانیای كرد له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی و درێژه‌دانیان له پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستان‌دا و جه‌ختی له گرنگی یه‌كخستنه‌وه و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه كرده‌وه به شێوه‌یه‌ك هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت.
جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت، باسی له گفتوگۆكانی پرۆژه‌ی تیمی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه و چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستاندا و رایگه‌یاند، له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا پێشمه‌رگه سه‌لماندی، كه براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه.
بڕیاره له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆژه هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا بۆ رێكخستنه‌وه و چاكسازی له هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بخرێته به‌رده‌ست سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بۆ تاوتووێكردن و په‌سندكردنی.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، كه وڵاته‌كه‌ی له راهێنان و مه‌شقكردن و یارمه‌تیدانی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌زگاكانی ئاسایش له دوای كۆتایهاتنی تیرۆریستانی داعش‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت.
No comments:
Post a Comment