Thursday, January 31, 2019

مه‌سرور بارزانی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی بیانی ده‌ڕه‌خسێنین Masrour Barzani


مه‌سرور بارزانی: بۆ باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی بیانی ده‌ڕه‌خسێنین


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31/1/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌رزه‌ حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار و ڕاگری ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرد.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوا پەرەسەندن و پێشهاته‌كان و بارودۆخی ئابووری و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێکران.

مەسرور بارزانی، وێڕای تیشکخستنە سەر بەرقەراربوونی ئاسایش وەک فاکتۆرێکی بەهێزی گەشەی ئابوری و هەوڵەکانی پەرەپێدان و چاکسازی، ئاماژەی بە شوێنەوار و کاریگەرییەکانی شەڕی تیرۆستان و قەیرانەکان بەسەر پێشکەوتنی وڵات و بژێوی هاووڵاتیانەوە کرد.

 لەم سۆنگەوە هاریكاری بانکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان له ‌گشت بواره‌كاندا بەپێویستزانی و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بردنەپێشەوەی کارایی دامودەزگاکانی و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ سه‌رمایه‌گوزار و وەبەرهێنەرانی بیانی به‌مه‌به‌ستی گەشە و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕیفۆرمه ئیداری و داراییە‌كان و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی پەیوەندیدار بەم بوارانە به‌رده‌وام دەبێت.

له‌لای خۆیەوە شاندی میوان ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاریكاری و هه‌مه‌هانگی هه‌رێمی كوردستان له‌ بوارەکانی دارایی و به‌ڕێوه‌بردن و په‌ره‌پێدان و پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان نیشاندا.

Wednesday, January 30, 2019

Masrour Barzani-مه‌سرور بارزانی: په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ قۆناخێكی نوێدان


مەسرور بارزانی و شاندێكی یەكێتی ئەوروپا رەوشی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن




ئەمرۆ20/1/2019، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جین کریستۆف بێلیارد جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری سیاسی و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە رامۆن بلیکۆ باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و خاتوو كلاریس پاستۆری، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لە سەر کرا،

مەسرور بارزانی، پەیوەند بە پەرەسەندنەکانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر ئاماژەی بەدەستپێکردنی قۆناغی نوێی ئەو پەیوەندیانە دا و ئاواتی خواست زەمینەیەکی لەبار برەخسێنرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و لەم هەنگاوەشدا هاوکاری یەکێتی ئەوروپای بە پێویست زانی.

لەلای خۆیەوە جین کریستۆف بێلیارد ئامادەییی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان نیشان دا  بۆ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواست.

تاوتوێکردنی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و میکانیزمی بەرپەچدانەوەی ئەم مەترسیانە و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Sunday, January 27, 2019

مەسرور بارزانی: پێویستە ئاساییكردنەوەی كەركووك لە رێی دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق بێت


مه‌سرور بارزانی لەگەڵ جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوه‌وه‌


ئه‌مڕۆ، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌ندرۆ پیك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا  بۆ كاروباری ئێران و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌و دیدارەدا کە داگلێس سولیمن بالیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادە بوو، پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌‌كانی ناوچەکە و پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ كران.

له‌و دیداره‌دا جەخت لە بایەخی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان کرایەوە ، بە مەبەستی دەرفەت نەدان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی مەترسی تیرۆر و گرژی و ناسەقامگیری. لە پەیوەندی بەم بابەتەوە مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی کە ھەنگاوەکانی چارەسەریی دۆخی ئەم ناوچانە بە شێوەیەکی ھاوبەش لە رێگەی دامودەزگا فەرمی و دەستوریيەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت.

لەلای خۆیەوە ئه‌ندرۆ پیك، پێگەی هەرێمی کوردستانی  لە سەقامگیری ناوچەکەدا بە گرینگ وەسفکرد و دووپاتی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، وێڕای تیشکخستنە سەر هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێری بە قۆناغێکی ئەرێنی وەسفکرد و ھیوای خواست کە ئەمەریکا و دۆستانی عێراق رۆلێکی کاراتر و فروانتر ببین لە پێناو چارەسەریی گشت کێشە ھەڵواسراوەکان.

Masrour barzaniمەسرور بارزانی پێویستە کریستیانەکان کوردستان بە وڵاتی خۆیان بزانن



مەسروور بارزانی: لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق تێدەگەین



مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی رۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد و لە دیدارێكدا رایگەیاند: "لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێدەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بۆ كریستیانەكان بەردەوام دەبین".

ئەمڕۆ 27/1/2019 مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی رۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پارێزگای نەینەوا پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو لەبەرامبەر پێشوازیکردن و حەواندنەوە و داڵدەدانی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا.

هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان كریستیانەكان و گەلی کورد درا و جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی تێکڕای پێکهاتەکانی گەلی كوردستان كرایەوە، لەوبارەوە مەسروور بارزانی روونیکردەوە، کە گەلی کورد شانازی بە پەیوەندییە مێژووییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان دەکات، وەک خاڵێکی بەهێز لێی دەڕوانێت و رایگەیاند، لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبین.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە شاندی میوان، کە کریستیانەکان بە بەشێك لە گەلی کوردستان دەزانن و رایگەیاند، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە مێژوویی و پرەنسیپانە نابین، کە لە باوەری قوڵمانەوە بە رێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینیەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: "پێویستە هەمووان ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆیان بزانن و ناکرێت پەنا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان ببەن".

لەبەرامبەردا پاتریاك مار ئەگناتیۆس پاراستن و داڵدەدانی کریستیانەکانی لەلایەن خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر نیگەرانیی کریستیانەکان لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن هەندێ گروپی چەکدارەوە ناچار بەوە دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

لە کۆتاییدا نزای سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی خواست و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەگەر دەخوازن یارمەتیدەر بن، پێویستە لە زێدی خۆیانەوە ئەوەیان بۆ بکەن و لەچارەسەرکردنی رەوشەکە هاوکاریان بن.

Saturday, January 26, 2019

مەسرور بارزانی و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوە



مەسرور بارزانی و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوە   

مه‌سرور بارزانی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌زانێت

ئەمڕۆ ٢٦/١/٢٠١٩ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلێستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادە بوون، پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا.

لەو دیدارەدا تایبەت بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، مەسرور بارزانی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد، بەو پێیەی دەبێتە هاندەر بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان، بە پێویسیشی یزانێ، بەریتانیا رۆڵی خۆی لە زیاتر لێکنزیککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا ببینێت.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا باسی لەوە کرد، بەریتانیا لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری زیاتر لە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی تایبەت بە مادەی ١٤٠ دەکات، بۆئەوەی دەرفەت نەدرێتە سەرهەڵدانەوەی داعش و زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.

Monday, January 21, 2019

Masrour barzani مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆبوونه‌وه




هاوپەیمانان لە چاکسازیی و هاوکاریی و راهێنانی هێزه‌كانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن


ئەمرۆ دووشەممە 21/1/2019 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ جەنەڕال ئۆستن ڕێنفورت، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان لە بەغدا و شاندی یاوەری، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هەڕەشەی تیرۆریزمی داعش تاوتوێ ده‌كه‌ن.

له‌ دیداره‌كه‌دا مەسروور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریكردن له‌ جموجۆڵ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان  لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستیزانی بە هاوکاریی هەمە لایەنە هەرچی زووتر زەمینەی لەبار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە برەخسێت و بە چارەسەریی کێشە سیاسی و ئیداری و دەستوریەکان، هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبکرێن".

لای خۆیانه‌وه‌ شاندی باڵای هاوپەیمانان پشتگیریی خۆیان بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقیەکان دووبارە کردەوە و رایانگەیاند: "خوازیارن ئەو هەماهەنگیانە لە گشت ناوچەکان پەرەیان پێ بدرێت. هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە چاکسازی و هاوکاریی و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن".

Tuesday, January 15, 2019

Masrour barzani مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئێران پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکەن




مەسروور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەوە



ئەمڕۆ سێشەممە 15/1/2019 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی لەسەر کرا.

 مەسروور بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری دەرەوەی ئێران، تیشکی خستە سەر پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاماژەی بە دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دا،لە سەر بنەمای رێز و ھاوسەنگی دوولایەنە.

هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەکانی تیرۆریستان و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و  پرسە هاوبەشەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باسی لە بایەخی پەرەپێدان بە میکانیزمی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندییە ئابورییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووریەکانی ئێران و عێراق کرد و رایگەیاند،  سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێران گرینگە و لەو پێناوەدا ئامادەی پەرەپێدانی ھەموو ھاوکارییەکانن.