Sunday, November 27, 2016

مه‌سروور بارزانى پێشوازیى له‌ شاندێكى یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی ئه‌ورووپا كرد 27-11-2016






ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خافێر هورتادو میرا سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا و شاندی یاوه‌ری كرد و رایگه‌یاند، هیوادارم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ببه‌ستن و ویسته‌كانی لاوانی ئه‌وڕووپا و لاوانی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تێیدا ره‌نگ بداته‌وه‌.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی (فه‌لاح حه‌سه‌ن) جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌ سه‌ربازیی و سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆرستانی داعش تاوتوكرا.

مه‌سرور بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ناوچه‌كه‌‌ باسی له‌ شكستی سیستمی سیاسی و نایه‌كسانی له‌ نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه كرد و به‌تێروته‌سه‌لیش باسی‌ له‌ قۆناغه‌كانی خه‌باتی ره‌وای گه‌لی كورد بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانی كرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئێوه‌ی لاوان له‌ وڵاته‌كانی خۆتاندا له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌تانه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانتان زیاتر چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئاشناكردنی هاووڵاتیانی وڵاته‌كانتان به‌ كێشه‌ مێژوویی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ناوچه‌كه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد كراون، راست بكرێنه‌وه‌. له‌لای خۆیه‌وه‌‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان‌ له‌ یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وڕووپا كار ده‌كه‌ن بۆ پشتیوانیكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و گوتیشی: ئێمه‌ شانازی به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین و قوربانیدانه‌كانی به‌رز ده‌نرخێنین.

جێی ئاماژه‌یه‌ شاندی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێری پایته‌خته‌‌، كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مساڵ به‌ دروشمی پێشمه‌رگه‌ هێزه‌كه‌ی ئاشتی و ئازادی به‌ به‌شداری سه‌رۆكی لاوانی چوارده‌ وڵاتی ئه‌وڕووپی به‌ ئامانجی پشتگیریكردن له‌ پێشمه‌رگه‌ و مافه‌كانی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان ببه‌سترێت.

Wednesday, October 26, 2016

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبوویەوە







جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه نابێ هیچ گروپێكی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كانی عێراق به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و قۆناغه‌كانی دواتردا بكات

ئه‌مڕۆ 26/10/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ جۆزێف پێنینگتۆن جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و به‌رپرسی مه‌له‌فی عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌ زۆربه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌ی جێبه‌جێكرد، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق دیاریكرابوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ له‌ تیرۆریستانی داعش و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی تاوتوكرا و ئاماژه‌ به‌ كاریگه‌ری و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق و به‌رده‌وامی پێشڕه‌وییه‌كان درا. په‌یوه‌ست به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئامانجه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ركراوه‌كان، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند" له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌ زۆربه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌ی جێبه‌جێكرد، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق دیاریكرابوو.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ نابێ هیچ گرووپێكی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كانی عێراق به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و قۆناغه‌كانی دواتردا بكات.

Saturday, October 22, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش کرد


ئه‌مڕۆ 22/ 10/ 2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ره‌كانی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانى داعش به‌ گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتوكرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له بایه‌خ و به‌رده‌وامی پشتیوانی ئاسمانی و تێبینكردنی گۆڕانكاری به‌رچاو له‌ زیاتركردنی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان له‌چاو سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كرده‌وه‌. په‌یوه‌ست به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ باكور و باكوری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، داعش له‌ زۆر به‌ره‌وه‌ تێكشكاوه‌، ئه‌مه‌ی هه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌، كه‌ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ كۆتایی نزیك كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ برێت مەكگورك جەختی لە به‌رده‌وامیدان به‌ پاڵپشتی و پشتیوانیكردنی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كرده‌وە و رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ین و پشتیوانیمان بۆ تێكشكاندنی ئه‌و دوژمنه‌ دڕه‌نده‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە پەیوەندییه‌كانى نێوان هەولێر و بەغدا تیشكی خرایه‌ سه‌ر و هه‌ماهه‌نگیی و گفتوگۆی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ به‌ هه‌نگاوێگی گرنگ دانرا بۆ شكستپێهێنان به‌ داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی باراك ئۆبامای له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان كرد و هیواى زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست. هاوكات راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ سوپای ئه‌مریكا و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌ كرد، كه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا گیانی به‌خشی.

Masrour barzani peshwazi la biret mcgorg krd 22 10 2016

Thursday, October 6, 2016

مه‌سروور بارزانی پێشوازیی له‌ باڵیۆزی نوێی كوه‌یت له‌ عێراق كرد 6-10-2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری کرد





ئه‌مڕۆ 6/10/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سالم غه‌سبان محه‌مه‌د ئه‌لزمانان باڵیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ئه‌و پێشهات و ئه‌گه‌رانه‌ كرا، كه‌ مه‌زه‌نده‌ی روودانیان ده‌كرێ‌. بالیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و پاراستنی گشت پێكهاته‌كان بێ جیاوازیدا و رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ویست و داخوازی گه‌لی كوردستانن و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارێتی زیاتر هه‌ڵگرێ.

له‌به‌رانبه‌ردا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ به‌شداری پێشمه‌رگه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پێویستی پرۆژه‌ و چاره‌سه‌ری نوێ بۆ كێشه‌ راسته‌قینه‌كانی عێراق كرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ بونیادی سیاسی عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك دابڕێژدرێته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ فره‌ كولتووری و پێكهاته‌ی ئه‌تنی و مه‌زهه‌بی عێراق بگونجێ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی و دراوسێكانیدا له‌ ئاشتیدا بژێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدان و فره‌وانكردنیان له‌ گشت بواره‌كان كرایه‌وه‌، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا دا بێت.