Monday, April 15, 2019

مه‌سرور بارزانی: پێویستە پەلە بكرێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان






 ئه‌مڕۆ دووشەممە 15/4/2019 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن) فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سووریا و شاندی یاوەری كرد.

له‌م دیدارەدا پێشهاتەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هەماهەنگی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستان تاوتوێكرا. 

مەسرور بارزانی لە ئاماژەیەکدا بۆ پەرەسەندنی ھەرەشەی تیرۆریستان لە ھەندێ ناوچەی عێراق، پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی دووپات کردەوە و خوازیاری پەلەکردن بوو لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و گێڕانەوەی سەقامگیری و بەرتەسککردنەوەی جمووجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانە.

لەلای خۆیەوە، فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سووریا وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەری رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، رۆڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیرکردنەوەی ناوچەکە بە پێویست و کاریگەر زانی.

Sunday, April 14, 2019

Masrour barzaniمەسرور بارزانی و سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی کۆبوونەوە


مەسرور بارزانی رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی بەرز دەنرخێنێت


مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د. عەبدوڵا ئەلمەعتوق سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە کونسوڵی گشتی دەوڵەتی کوێت ئامادەبوو، سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پانابەرانی ناوخۆ و دەرەوە، پوختەیەکی لەبارەی یارمەتییە فریاگوزارییەکانی دەستەکە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە بەهاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئاوارە و پەنابەرەکان دابەشکراون.

د. عەبدوڵا لەبارەی کاری دەستەکەیان رایگەیاندووە: "دەستەکەیان خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەوانە دەکات، کە پێویستیانە، بە تایبەتی منداڵانی بێ باوک و خانەوادە بێ سەرپەرشتەکان بۆ ئەوەی لە قۆناغی پێویستییەوە بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنان بچن".

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو ئاسانکارییەک لە هەر کارێکی خێرخوازی دەربڕی و رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی لە دابینکردنی فریاگوزارییە مرۆییەکان بەرز نرخاند و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو بارگرانییەی بەهۆی بڕینی بودجە و شەڕی داعش لەسەری بوو، بەڵام باوەشی بۆ ئاوارەکان کردەوە و ئەوەی لە توانایدا هەبوو بێ جیاوازی پێشکەشی کردن.

میکانیزمەکانی پەلەکردن لە پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاکانی ژیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا خێرخوازییە جیهانییەکان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Tuesday, April 2, 2019

Masrour barzani مەسروور بارزانی پێویستە مافی تەواوی پێکهاتەکان لە سووریای نوێ لەبەرچاو بگیرێت








فەرەنسا پشتیوانی لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات


ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ برۆنۆ ئۆبرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، جەختی لە دۆستایەتی گەلی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.

لەم دیدارەدا، کە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوو، دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێکران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان كرایەوە.

مەسرور بارزانی  پشتیوانی و یارمەتییەکانی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند، کە بەردەوام  لە قۆناغە جیاکاندا هاوكار و پشتیوانی گەلی كوردستان بووە.

هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەک و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و هەنگاوەکانی بە ئەرێنی وەسفکرد.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سوریا و کۆنترۆڵکردنەوەی دوا مۆڵگەی داعش و هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێکرا و جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا  قوربانی و مافی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاوبگرێت.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق وێڕای بەئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە  بەردەوام دەبێت.

Wednesday, March 13, 2019

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا كرد





مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە هاوبەشەکان، تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی لە گشت بوارەکان دووپات کردەوە، بە شێوەیەک كه‌ لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری و دراوسێیەتیی باش بکات. 

لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ویستی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

Masrour barzani مەسرور بارزانی و شاندێكی باڵای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە



مەسرور بارزانی داوای پاڵپشتیی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات


لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانێت.

ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان بۆ بواری چاکسازی و مەشق و راھێنانی ھێزی پێشمەرگە کرد و داوای پاڵشتیی زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕای هەڵسەنگاندن بۆ دوا میکانیزم و بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازیی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و پەرەسەندنی جمۆجۆڵەکانیان تاوتوێ کرا.

لەم بارەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی هاوپەیمانی کرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییەکانی خواست، به ‌تایبه‌تی له‌ بواری چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا.

هەروەها، مەسرور بارزانی، بۆ رێگەگرتن لە مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆریستان، هاوکاریی هەمەلایەنە و رەخساندنی زەمینەی لەباری بۆ ئاساییکردنەوە و چارەسەریی کێشە سیاسی و ئیداری و دەستوورییەکانی بە پێویست زانی .

لای خۆیانه‌وه‌، شاندی میوان، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، پشتگیریی خۆیان بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان لە گشت ناوچەکان راگەیاند.

Thursday, March 7, 2019

مه‌سرور بارزانی پێویسته‌ به‌ میكانزمێكی نوێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین Masrour Barzani



مەسرور بارزانی و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا ره‌وشی سیاسی و ئه‌منیی عێراقیان تاوتوێ كرد


ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئادار/ مارسی 2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەنیس ناتالی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نووسینگەی ناکۆکییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە ئاندریو پیک، یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا و جۆی هود، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژکار و بەرپرس ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەمریکا تاوتوێ کران.

لەو دیدارە مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی داعش لە چەندین پارێزگای عێراق، بۆ بەگژداچوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانیش دووپاتی لە بایەخی پەلەکردن لە میکانیزمی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە بە میکانیزمێکی هاوچەرخ و سەردەمیانە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت.

لەلای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نووسینگەی ناکۆکییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور، لە هاندانی هێز و لایەنەکانی عێراق بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، لێکتێگەیشتن و نزیک بوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کۆی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە بەدیهاتنی ئەو سەقامگیری و ئاشتەواییەی بۆ عێراق دەخوازرێت.

گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکە بوو.

Masrour barzaniمەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بارزگانی ئوردن لە کۆبوونەوەدایە





مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن دەکات


مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تاریق محەمەد ئەلحموری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن  و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە مونتەسر عوقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبوفول، کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر و ژمارەیەک بەرپرس و راوێژکار ئامادەبوون، وێڕای گفتوگۆکردنی پێشهات وپەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە بوارە هەمەجۆرەکان تاوتوێ کرا. لەلای خۆیەوە، وەزیری  پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هیوای بەرەپێشچوونی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواست.


لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ئوردن دا و رۆڵ و پێگەی شا عەبدوڵلای دووەم، پادشای شانشینی ئوردنی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناساند، لە کارکردن بە ئاراستەی بەردەوامیی دان بە پەیوەندییەکان و هیوای فرەوانکردنی ئەو پەیوەندییانەی خواست، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان زەمینە و دەرفەتی وەبەرهێنان لەبارە، هاتنی کۆمپانیاکانی ئوردن بۆ بەشداریکردن لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانین.

هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.