مه‌سروور بارزانى: پێویسته ته‌واوی پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان و مافه داراییه‌كانی پێشمه‌رگه دابینبكرێن
مه‌سروور بارزانى: پێویسته ته‌واوی پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان و مافه داراییه‌كانی پێشمه‌رگه دابینبكرێن
مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ پێشوازیی لە جەنەراڵ برێتلی بێكه‌ر سه‌رۆكی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاسایشی عێراق له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق و شاندی یاوەری کرد و رایگه‌یاند، له‌پێناو به‌دیهاتنی ئاشتی و سه‌قامگیری پێویسته یه‌كتری قبوڵ بكه‌ین و گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان بكه‌ین.
لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و بەردەوامیی هەماهەنگی هەردوولا لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پێشخستنی هه‌ماهه‌نگییه دوولایەنەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا.
له‌وباره‌وه راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی له هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كرده‌وه و رایگه‌یاند، به‌پێی ده‌ستوور پێشمه‌رگه هێزێكی ده‌ستوورییه و پێویسته ته‌واوی پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان و مافه داراییه‌كانی بۆ دابین بكرێت.
په‌یوه‌ند به جێبه‌جێكردنی مافه‌كان مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركه ده‌ستوورییه‌كانی جێبه‌جێكردووه، له‌به‌رامبه‌رداپێویسته مافه ده‌ستوورییه‌كانیشی جێبه‌جێ بكرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا باس له میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كرا و ئاماژه به‌وه درا، كه بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان ده‌توانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.
له‌لای خۆیه‌وه جه‌نه‌ڕاڵ برێتلی بێكه‌ر دووپاتی له به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمان كرده‌وه و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی له تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند.
باسكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و میكانیزمی بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه له‌نێوان پێكهاته‌كاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.