Friday, February 9, 2018

مه‌سرور بارزانى: هەرێم ئەرکە دەستوریيەکانی جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێبکات




مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دۆگلاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا کرد و له‌ ديدارێكدا پەیوەندی دوولایەنە و دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەوشی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

باڵیۆزی ئەمەریکا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی دەخوازێت هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لە گەل بەغدا لە دانوستان بەردەوام بێت و هەرچی زووتر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕوونی کردەوە کە هەریمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستور گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و تا ئێستاش هەرێم ئەرکە دەستووریەکانی لە پێناو چارەسەری کێشەکان جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەست بە جددیەتی بەغدا لە جێبەجێ کردنی کێشەکان ناکرێت و مافە دەستوریەکانی هەرێم ئاوێتەی ململانێکانی ناو کەشی هەڵبژاردن کراوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا جەختی لەسەر بەردەوامیی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و ئاواتی خواست بتوانن هەرچی زووتر بە کردەیی پێشڤەچوون لە دانووستانەکاندا ببینن.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەشداری کارای ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە بتوانرێت لە کۆنفراسی کوێت بۆ هاوکاریی عێراق ، زۆرترین هاوکاری دابین بکرێت.

لە بارەی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش هەردوولا جەختیان لە سەر بەردەوامیی هاوکاریی دوولایەنە کردەوە و لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی جەختی لە سەر بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێم لە گەل هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی جەنگی دژ بە داعش کردەوە و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە هەرەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و هێشتا هاوکاری هەموو لایەنەکان پێویستە، بەڵام هەماهەنگی سەربازی و سیاسی و چارەسەری کێشە ریشەییەکانی ناو عێراق هەمووی یەک پاکێجە و دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و رێز لە مافە دەستووریيەکانی گشت پێکهاتەکان بگیرێت تا زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبکرێت.

لە میانەی دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکی پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆریستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هاوکاریيەکانی ئەمەریکا لە بواری دارایی و مەشق و راهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

Tuesday, January 30, 2018

مەسرور بارزانی سەپاندنی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە هیچ ناوچەیەک قبوڵ ناکرێت




مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مەتران نیکۆدیمۆس داود شەرەف، مەترانی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی سریانی لە هەرێمی کوردستان و موسڵ و کەرکووك کرد.

لەم دیدارەدا دوا دۆخی ناوچەکە و بە تایبەت دەشتی نەینەوا و رەوشی ئاوارە کریستانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

مەتران داود شەرەف سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، کە هەمیشە پاڵپشت و پەناگەی کریستانەکان لە عێراقدا بووە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەو گۆشارانەی لە سەر هەرێم هەن کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاشتی و ئارامی بۆ تێکڕای ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.

هەر لە پەیوەندی بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە لە هیچ بارودۆخێکدا کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەردا ناهێت و هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوەندی پێکەوە ژیانی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.

لە بارەی رەوشی دەشتی نەینەوا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێ هەوڵی ئاشکرا لە ئارادان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و کەشێک دروستکراوە کە برا کریستانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بەجێ بهێڵن. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی ئەم هەوڵانە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکانی دیکەیە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن و پاڵپشتیمان بۆ برا کریستانەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە گەل سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا.

Wednesday, January 24, 2018

مەسروور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق کرد


ئوسترالیا پشتگیریی له‌ هەرێمی کوردستانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو ده‌كات
کریستۆفێر لانگمان باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق رایگه‌یاند: "وڵاته‌كه‌ی پشتگیریی له‌ هەرێمی کوردستانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو ده‌كات".

ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ 24/1/2018  مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق، له‌ میانی دیدارێكدا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئۆسترالیا کردەوە و باڵیۆزی ئۆسترالی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستانێکی پێشکەوتوو و یەکگرتوو دووپات کردەوە.

 لە بارەی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی ئۆسترالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ مافە دەستوریەکانی هەرێم دووپات کردەوە. هەروەها ناوبراو ئاواتی خواست کە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم بە سەرکەتوویی بەڕیوە بچن و ببن بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە "پێویستە هەرچی زووتر هەوڵ بدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێک ئاسایی بکرێتەوە کە گشت پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن و لە کەشێکی ئاساییدا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن". مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە کە، خواستی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردنی هەموو دەستوورە بە تایبەت مادەی 140".

 لە بارەی جەنگی دژەتیرۆرەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم گوتوویه‌تی: "هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە ریشەکێشکردنی ئەم هەڕەشانە بەردەوام دەبێت".

Monday, January 15, 2018

مەسروور بارزانی ئەم رەوشە سەپێندراوە دەستپێکردنەوەی تەعریبە



مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە ھەرچی زووترە دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە، ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانی لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

 لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوو لا جەختیان لە سەر پتەوترکردنی پەیوەندیە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە.

 باڵیۆزی بەریتانی پشتگیریی خۆی بۆ دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپات کردەوە و جەختی لە سەر پێویستیی هەرچی زووتر بە ئەنجام گەیشتنی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە. هەروەها ئاواتی خواست هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق لە میانەی ئەمساڵەدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچن.

 لە میانەی ئەم دیدارەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاماژەیەکدا بۆ دۆخی ئێستای کەرکووك و خورماتوو رایگەیاند، کە ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و پێویستە بە هاوکاری هەموو لایەك هەرچی زووترە ئەو کردارانە رابگیرێت و دۆخی ئەم ناوچانە بە رەچاوکردنی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە.

 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەڵەکانی بەغدا هۆکاری دروستبوونی بێ متمانەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقە و تا ئەو عەقڵیەتەی حوکمڕانیی بەغدا بەم شێوەیە بمێنێت زەمینەی سەرهەڵدانی کێشە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت و بۆشاییەکی لەبار بۆ گەشەکردنی بیری توندڕۆیی دەرەخسێتەوە، بۆیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کێشەکان پێویستە متمانە و دڵنیایی بۆ گشت پێکهاتەکان بگەڕێندرێتەوە.

Monday, December 11, 2017

مەسروور بارزانی: هێشتا بەغدا رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە




مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە، ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە درووست دەکه‌ن. له‌ كاتێكدا هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017 له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سیریل نۆن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوی كراون.

پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "هەوڵەکانمان بۆ ده‌ربازكردنی رەوشەکە لەم چەقبەستووییەی ئێستا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ تا  به‌کردەوە دانوستانەکان دەست پێبکات".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق گوتوویه‌تی: "ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو و ده‌سته‌به‌ربوونی مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مەسرور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاندووه‌و جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنێتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە".

Tuesday, December 5, 2017

مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت



مەسرور بارزانی: پێویستە کوردستان بە یەکگرتووی رووبەرووی پێشهاتەکان بوەستێت

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی: پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکيیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەستپێبکات.



مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیيەکان و توندوتیژیی رەتکردووه‌تەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نیە.



مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

Monday, December 4, 2017

مه‌سرور بارزانى: به‌غدا تا ئێستا بۆ گفتوگۆ هه‌نگاوى كرده‌يى نه‌ناوه‌



ئەمرۆ 4-12-2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەریی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەرێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێک بخرێت. مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستورە ، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.