Monday, May 22, 2017

مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ جۆن مه‌ككه‌ین سیناتۆری كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه‌ 22-5-2017





مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە درێژەی كارەكانی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ جۆن مەكین سیناتۆری ئەمریكی كۆبووەوە.

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌ كە ئەمڕۆ دووشەممە مه‌سرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بە یاوەری دكتۆر فواد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و به‌یان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا دیدارێكیان له‌گه‌ڵ سیناتۆری ئه‌مریكی جۆن مه‌كین هەبووە.

له‌ دیداره‌كه‌دا، مەسرور بارزانی سوپاسی ئه‌مریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعشیش باس كرا.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی کوردستان گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، لەم ماوەیەدا چەندین سمینار و دیداری گرنگی لەگەڵ ناوەندە ستراتیژی و سەربازی و بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكادا ساز كردووە.

Tuesday, May 16, 2017

مه‌سرور بارزانی: درووستبوونی داعش له‌ ئه‌نجامی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوو





مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سیمینارێكدا، له‌ دامه‌زراوه‌ی هێریتێج، له‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، رووانگه‌ی كوردستان بۆ عێراقی دوای داعش ده‌خاته‌ڕوو.
ده‌قی قسه‌كانی مه‌سروور بارزانی، له‌ سیمیناری رووانگه‌ی كوردستان بۆ عێراقی دوای داعش، له‌ دامه‌زراوه‌ی هێریتێج له‌ واشنتنی پایته‌خی ئه‌مه‌ریكا:
"لێره‌ وه‌ستاوم بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ روانگه‌كانى خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هاوبه‌شى پێ بكه‌م، له‌ باره‌ى ئه‌و بابه‌تى باسكرا.
وه‌ك ده‌زانن، ئێمه‌ نزيكده‌بينه‌وه‌ له‌ كۆتاییهێنانى شه‌ڕ له‌ مووسڵ و كۆتايیێهێنانى داعش. ئێستا داعش له‌ لێوارى له‌ناوچوونه‌ له‌ عێراقدا. ئه‌مه‌ جه‌نگێكى سه‌خت بوو، له‌و كاته‌ى داعش هێرشه‌كانى ده‌ستپێكرد له‌ عێراق و به‌ تايبه‌تيش له‌ دژى كوردستان له‌ 2014.
هه‌موومان پێشبينيمان ده‌كرد، ئه‌و جه‌نگه‌ درێژخايه‌ن ده‌بێت. ئێستا ئێمه‌ دێينه‌ كۆتايى ئه‌و به‌شه‌ى سه‌خت بوو. ئێستا داعش له‌ مووسڵ به‌ره‌و رووخان ده‌چێت. خوازيارم له‌ ته‌واوى عێراقيش به‌ يه‌كجارى كۆتايى بێت. به‌ڵام پێمان وا نييه‌ شكستى سه‌ربازى داعش كۆتايى تيرۆر ده‌بێت له‌ عێراق و هه‌رێمه‌كه‌شدا.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئه‌و ئايدۆلۆژى و هزره‌ توندڕه‌وييه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، شوێنكه‌وتووانى له‌ دواى داعش درێژه‌ى پێ ده‌ده‌ن.
هه‌موومان له‌وه‌ تێده‌گه‌ين كه‌ داعش به‌رده‌وامى رێكخراوى قاعيده‌يه‌ و دواى داعشيش رێكخراوى دیكه‌ی هاوشێوه‌ درووست ده‌بن و به‌رده‌وامى به‌ هزرى توندڕه‌وى خۆيان ده‌ده‌ن و ده‌كرێت هه‌مووانيش بگرێته‌وه‌.
ئێمه‌ بڕوامان وايه‌ شه‌ڕى داهاتوو، له‌ رێگه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى نابێت و به‌ڵكو به‌ شێوه‌ى هه‌واڵگرى ده‌بێت، خوازيارين ته‌واوى پێكهاته‌ هه‌واڵگرييه‌كانى جيهان به‌يه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و كێشه‌يه‌ بۆ هه‌تا هه‌تايه‌.
پێويسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌ياد نه‌چێت كه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى قوربانييانداوه‌ و گيانيان به‌ختكردووه‌، ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ريان سه‌رى خۆمان داده‌نه‌وێنين بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى گيانى خۆيان به‌خت كرد بۆ پاراستنى ئێمه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌.
هه‌رچه‌نده‌ داعش له‌ رووى سه‌ربازييه‌وه‌ تێكده‌شكێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانين دواى داعش چى رووده‌دات و ئێمه‌ هه‌ميشه‌ باوه‌ڕمان وابووه‌، كه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنێكى نوێى سياسى هه‌بێت له‌ نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ش پوخته‌ى باسه‌كه‌م ده‌بێت.
پێكهاته‌ى زۆر له‌ عێراق هه‌ن و كاريگه‌رى شه‌ڕى داعشيان له‌سه‌ر بووه‌ و هه‌مووان به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان رووبه‌ڕووى ئه‌و مه‌ينه‌تييانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ به‌سه‌ريان هێنراوه‌.
پێويسته‌ هه‌ڵه‌ نه‌كه‌ين و وا بير نه‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ داعش ته‌نيا گرفته‌. داعش ته‌نيا ئه‌نجامى قه‌يران و كێشه‌كانى ديكه‌يه‌ و سه‌رى هه‌ڵداوه‌.
هۆى بوونى داعش، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شكستى سيستمه‌ سياسييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ زاڵبين و دڵنيابين كه‌ داعش و هاوشێوه‌كانى درووست نابنه‌وه‌، پێويسته‌ له‌ بنچينه‌ى كێشه‌كان بڕوانيين.
ئێمه‌ روانگه‌ و نه‌خشه‌رێگه‌مان هه‌يه‌ و خوازيارين بتوانين ئه‌و روانگه‌ و نه‌خشه‌رێگه‌يه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى هه‌رێمى تاوتوێ بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت چاره‌سه‌رێك بێته‌ ئاراوه‌ و ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌مان بێته‌كايه‌وه‌.
له‌ برى ئه‌وه‌ى ته‌نيا له‌ باتى خه‌ڵكه‌كه‌مان بڕيار بده‌ين، پێويسته‌ راى ئه‌وانيش وه‌ربگرين و بزانين خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى چييان ده‌وێت.
بڕياريشمان داوه‌ ريفراندۆمێك ئه‌نجام بده‌ين و ريفراندۆمێكى زۆر ديموكراسى ده‌بێت و په‌يڕه‌وكردنى مافێكى ديموكراسييه‌ و له‌ وڵاتانى ديموكراسى په‌يڕه‌و ده‌كرێت و پێويسته‌ له‌ خه‌ڵكى خۆمان بپرسين ئه‌وان چۆن داهاتووى خۆيان له‌گه‌ڵ به‌غدا داده‌ڕێژن و چۆن بيرده‌كه‌نه‌وه‌ و پێويسته‌ چۆن بژين و ئه‌وانيش ده‌بێت به‌شدار بن له‌ دياركردنى داهاتووى خۆيان و دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانمان زانى، دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێده‌كه‌ين.
ئێستا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دانووستانمان ده‌ستپێكردووه‌ و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى به‌غدا له‌ دانووستانين و ناكرێت ئێمه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ يه‌ك نه‌كه‌ين و پێويسته‌ قسه‌ بكه‌ين و خاڵى هاوبه‌ش بدۆزينه‌وه‌.
ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێشنيازى ده‌كه‌ين، دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز ناكات، به‌ڵكو چاره‌سه‌ره‌. پێمان وا نييه‌ ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێت به‌ده‌ستى بهێنين، كاريگه‌رى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێمه‌ و به‌غدا له‌ داهاتوو نابێت. ئێمه‌ به‌ چاره‌سه‌رى ده‌بينين. ئێستا كێشه‌كان چاره‌سه‌ريان بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ بدۆزينه‌وه‌.
رێگه‌چاره‌ ئاشتييه‌كان باشترين رێگه‌چاره‌ن و ده‌بێت له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌ين و له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ين كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌بێت باشترين چاره‌سه‌ر بدۆزينه‌وه‌.
پێويستيشه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ين، ئه‌گه‌ر سيستمى حوكمڕانى شكستى نه‌هێنابا، ئێستا رووبه‌ڕووى ئه‌م ئاسته‌نگانه‌ نه‌ده‌بووينه‌وه‌، وه‌ك تيرۆر و دابه‌شكارى و پچڕانى شيرازه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و كێشه‌ ئابوورييه‌كان هه‌مووشيان كێشه‌ى تێكهه‌ڵكێش و ده‌رهاويشته‌ى شكستى حوكمڕانين.
ئێستاش ده‌زانين له‌كوێوه‌ كێشه‌كان ئاڵۆز بوونه‌ و خوازيارين بتوانين خاڵى هاوبه‌ش بدۆزينه‌وه‌ و هه‌موومان به‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيى بژين.
لێره‌ش له‌ واشنتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بۆچوونمان ئاڵوگۆڕكردووه‌ و قسه‌مان له‌سه‌ر دنيابينى و پێشنيازه‌كانى ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌رى قه‌يرانه‌كان كراوه‌.
خوازيارين ئه‌و لێكتێگه‌يشتنه‌ى هه‌يه‌ بتوانێت داهاتوويه‌كى روونتر و گه‌شتر بۆ داهاتووى ئێمه‌ دابين بكات".
ته‌واوی ئه‌و سه‌رنج و پرسیارانه‌ی له‌ سیمیناره‌كه‌دا، ئاراسته‌ی مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كران:
- پرسيار: هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى چۆن ده‌توانێت له‌ عێراق په‌ره‌ به‌ كاره‌كانى بدات، ده‌توانن چى بكه‌ن، وڵاتانى ئه‌وروپا چ رۆڵێكيان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بتوانين له‌و باره‌يه‌وه‌ بدوێيت؟
مه‌سروور بارزانى: به‌دڵنياييه‌وه‌ ئێمه‌ زۆر سووپاسگوزارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ين، كه‌ ئه‌مريكا سه‌رۆكايه‌تى ده‌كات. له‌ كۆتاييدا پێويسته‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى هه‌رێمه‌كه‌ قسه‌ بكرێت و پێم وايه‌ ته‌واوى ئه‌و هاوكارييانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ پێشكه‌شكراوون، ده‌بێت له‌وه‌دا چڕبكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ر و داواكارى و خواستى خه‌ڵك يه‌كبگرنه‌وه‌.
خوازيارين به‌ كردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانيش، ئه‌وان بتوانن بێن و هه‌ندێك له‌ هه‌ڵه‌كانيان راستبكه‌نه‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ى كه‌ ماوه‌ى 100 ساڵێك له‌مه‌و به‌ر ئه‌نجاميانداوه‌ بتوانن راستيان بكه‌نه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كانيان بكه‌ن و ده‌ستپێكى نوێ بۆ چاره‌سه‌ر بخرێته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى چه‌ندين ساڵه‌ به‌رده‌وامن.
(سه‌رنجى به‌شداران) دكتۆر كيسنا له‌ دامه‌زراوه‌ى ئاشتى جيهانى:
من هاوڕێيه‌كى نزيكى عێراقم، ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن به‌ هۆى داعشه‌وه‌، پێويسته‌ ئێوه‌ به‌ باشى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن، به‌ تايبه‌تى له‌گه‌ڵ داعش، پێويسته‌ هه‌مووان به‌ يه‌كگرتووى وه‌كو نه‌ته‌وه‌يه‌ك رووبه‌ڕووى داعش ببنه‌وه‌. ده‌توانم نموونه‌يه‌ك بخه‌مه‌ڕوو. ئێوه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بن، ده‌كرێت به‌يه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌، نه‌ك شه‌ڕ بكه‌ن.
- پرسيار: ئايا پێويست ده‌كات رێككه‌وتنێكى ديكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت بۆ مانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مريكا؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ به‌ دڵنياييه‌وه‌ پشتيوانى له‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا ده‌كه‌ين بۆ  مانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌كانيان له‌ عێراق و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر په‌يوه‌سته‌ به‌ به‌غدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌ون و ئێمه‌ش هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا بووين له‌ وڵاتى خۆمان.
- پرسيارى نێرده‌ى كوردستان 24، مارى لۆرى: ئايا پێت وايه‌ ئێوه‌ خاڵ يان فڕۆكه‌خانه‌ يان دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى ئاسمانى واتان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ى توركيا بێت له‌ ناوچه‌كه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ جێگره‌وه‌ پێشكه‌ش ناكه‌ين، به‌ڵام خواستى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيمان هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر بتوانن پێويستييه‌كانى ئێمه‌ به‌كار بهێنن.
- پرسيار: من سه‌ربازێكى پێشووم و له‌گه‌ڵ يه‌په‌گه‌ شه‌ڕم كردووه‌ له‌ 2015 و شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵيان بووم و پرسيارێكم هه‌يه‌ به‌ هۆى ئه‌زموونه‌كه‌م له‌گه‌ڵيان و هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و من خۆم كێشه‌م نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێكيان رووبه‌ڕووى كێشه‌ بوونه‌وه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌ويست له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ بكه‌ين و هه‌ندێك لايه‌نيش ده‌يانويست هاوكارى بكه‌ن و لايه‌نى سه‌ربازى نه‌بوون، به‌ڵام رووبه‌ڕووى كێشه‌ بوونه‌وه‌، كاتێكيش هاوكاره‌كه‌م كۆچى دوايى كرد، هه‌ندێ كێشه‌ درووست بوون و ده‌مه‌وێت بزانم چاره‌سه‌رى ئێوه‌ چى ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: هيچ زانيارييه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ رێگرى له‌ كه‌س كرابێت بچنه‌ سووريا يان  پێچه‌وانه‌وه‌. ئێمه‌ به‌رده‌وام هاوكاريمان كردووه‌ و دامه‌زراوه‌ى بارزانى له‌ عفرين و كوبانێ به‌رده‌وام هاوكارى كردووه‌ و خوازيارم ئه‌و پرسياره‌ له‌ يه‌په‌گه‌ش بپرسى و به‌ پێى تێگه‌يشتنى من ئه‌وان رێگرى له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ تايبه‌تى ئه‌و 300 هه‌زار هاووڵاتييه‌ ئاواره‌يه‌ كه‌ يه‌په‌گه‌ رێگه‌يان نادات بگه‌ڕێنه‌وه‌. تۆ بارودۆخه‌كه‌ت له‌ پێشه‌وه‌ دیوه‌ و ئاگادارى.
- پرسيار: ده‌توانيت پێمان بڵێيت، كاردانه‌وه‌ى وڵاتانى دراوسێى ئێوه‌ چۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان، پێت وايه‌ توركيا ئه‌وه‌ى به‌دڵ ده‌بێت، ئايا هيچ ئاماژه‌يه‌كتان پێگه‌يشتووه‌، به‌ له‌گه‌ڵ بوون يان نه‌بوون له‌ لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كێشه‌ى له‌ شنگال هه‌يه‌ چييه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ريفراندۆم پرۆسه‌يه‌كى ديموكراسييه‌ و له‌ وڵاتانى ديموكراسى په‌يڕه‌و كراوه‌ و  پێم وا نييه‌ هيچ كه‌سێك به‌ روونى رێگر بێت و ئه‌مه‌ ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌يه‌ بزانين خه‌ڵكى ئێمه‌ چى ده‌ڵێن و له‌ چه‌ند شوێنێك ئه‌نجامدرا، بۆچى ده‌بێت كێشه‌ بێت كه‌ له‌كوردستان ئه‌نجام بدرێت. ناتوانم له‌ باره‌ى هه‌ڵوێستى وڵاتانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م، به‌ڵام ئێمه‌ رژدين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ريفراندۆمه‌ ئه‌نجام بده‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بزانين خه‌ڵكى خۆمان چى ده‌ڵێن‌.
سه‌باره‌ت به‌ شنگال، هه‌ندێك پێكهاته‌ى ده‌ره‌كى ده‌ستيان له‌ دۆخه‌كه‌ هه‌يه‌. هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌كانى په‌كه‌كه‌ هاوكار نيين بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارى و ئێمه‌ خوازيارين ئه‌وان رێز له‌ ياسا و سه‌روه‌رى ياسا و خه‌ڵكى شنگال بگرن. بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌.
- پرسيار: من مامۆستا و لێكۆڵه‌رم له‌ زانكۆى تێنسى، ئايا ريفراندۆم كه‌ باسى سه‌ربه‌خۆى ده‌كرێت، پێتان وايه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ره‌وشى ئابوورى و سياسى كه‌ ئێستا له‌ كوردستان هه‌يه‌ چۆن ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: پێم وايه‌ يه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ى كۆمان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌، سه‌ره‌ڕاى كێشه‌ ناوخۆييه‌كانيش، هۆكارێكى به‌هێز هه‌يه‌ كۆمان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ويش ريفراندۆمه‌ و هه‌مووان پشتيوانى ده‌كه‌ن و بڕواشم وايه‌ پارته‌ سياسييه‌كانى ديكه‌، به‌ تايبه‌تى سه‌ركردايه‌تييه‌كانيان زۆر پشتيوانى له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامداين بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كانى كوردستان بۆ گه‌يشتن به‌ رێككه‌وتنێك.
بڕيارمان داوه‌ ليژنه‌يه‌ك له‌ نوێنه‌رى پارته‌كان پێكبهێنرێت بۆ به‌ديهێنانى ئه‌و ئامانجه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين لێره‌وه‌ پێشكه‌وين.
ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌ لايه‌نى ئابوورييه‌وه‌ هه‌يه‌، ده‌مه‌وێت به‌ بير خۆمان و ئێوه‌ بهێنمه‌وه‌، كه‌ له‌ يه‌ك كاتى دياريكراودا ئێمه‌ رووبه‌ڕووى زۆر ئاسته‌نگ بووينه‌وه‌. رووبه‌ڕووى شه‌ڕى داعش بووينه‌وه‌، كه‌ زيانى زۆرى پێگه‌ياندين. له‌ به‌شه‌كانى ديكه‌ى عێراق زياتر له‌ 1.8 مليۆن هاووڵاتى ئاواره‌ بوون و روويان تاێكردين و ئێستاش ئه‌و ژماره‌يه‌ گه‌يشتووه‌ته‌ زياتر له‌ دوو مليۆن ئاواره‌ به‌ هۆى شه‌ڕى مووسڵه‌وه‌. له‌ رێى سوورياشه‌وه‌ 300 هه‌زار په‌نابه‌ر روويان له‌ هه‌رێم كردووه‌، هاووڵاتيانى هه‌رێمه‌كه‌ به‌ رێژه‌ى سى له‌ سه‌د زيادى كردووه‌، كه‌چى هاوكارى نه‌كراووين و له‌ به‌رامبه‌ريشدا حكومه‌تى عێراق بودجه‌ى ئێمه‌ى بڕى، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام بووين و سه‌ركه‌وتوو بووين و ئێستا له‌ قۆناغى هه‌ڵسانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنداين و پێشمان وايه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكى گرنگ و بڕيارێكى نيشتيمانييه‌ كه‌ ريفراندۆم بكه‌ين و تايبه‌ت نييه‌ به‌ پارتێكى دياريكراو.
- پرسيار: هه‌رێمى كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم، حه‌شدى شه‌عبى، پاشخانێكى جياوازيان هه‌يه‌. ئێمه‌ هيچ شتێكمان له‌ دژى ئه‌وان نييه‌. ئه‌وان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقييه‌كان شه‌ڕيان كردووه‌. له‌ هه‌ندێك لێدوانى سه‌ركرده‌كانيان ده‌بيستين، كه‌ هاوكارى په‌يوه‌ندييه‌كانمان نيين و پێويسته‌ ئه‌وانيش رێز له‌و هاوڕێيه‌تييه‌ بگرن، كه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ هه‌يه‌ و هه‌روه‌ها رێز له‌ سنووره‌كانى كوردستان و قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ بگرن، كه‌ له‌ پێناو رزگارى ئه‌و خاكه‌ داويانه‌. ئێمه‌ هيچ هه‌ستێكى دوژمنكارانه‌ و هيچ كێشه‌يه‌كى تايبه‌تمان له‌گه‌ڵيان نييه‌ و ئه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆيان ده‌وه‌ستێت، چۆن هاوكار ده‌بن بۆ قبوڵكردنى ئه‌و راستى و واقيعه‌ى درووست ده‌بێت.
- پرسيار: توێژينه‌وه‌ له‌ باره‌ى كێشه‌ مرۆييه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێت بزانم تا چه‌ند ئه‌و كێشانه‌ كاريگه‌ريان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان درووستكردووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: وه‌ك باسم كرد، ئێمه‌ زياتر له‌ دوو مليۆن ئاواره‌مان هه‌يه‌ و فشارێكى زۆرى  خستووه‌ته‌ سه‌ر داهاته‌ سنوورداره‌كانمان له‌م قۆناغه‌دا و له‌ پاڵ ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن و شه‌ڕى داعش و بڕينى بودجه‌ له‌ لايه‌ن به‌غداوه‌. تا ئێستاش بڕوامان وايه‌، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك لانه‌ى ئارامى ده‌بينن و له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌دواى ئارامى ده‌گه‌ڕێن.
حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كه‌مپه‌كان هاوكارى مرۆيى پێشكه‌ش ده‌كات و تا ئێستا قه‌يرانێكى مه‌زنمان نييه‌ و ترسى ئه‌وه‌م هه‌يه‌ خه‌ڵك نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ى هاوكارى نێوده‌وڵه‌تيمان پێ بگات، كێشه‌كانى ئه‌وان گه‌وره‌تر ده‌بن.
- پرسيار: ئايا ده‌توانيت له‌ باره‌ى هاوكارى ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان هيچ بڵێن.. وتوێژه‌كانتان به‌كوێ گه‌يشتووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ دڵخۆشين و هاوكارى زۆرمان هه‌يه‌ له‌ ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا و ئێمه‌ تێده‌گه‌ين، ئه‌وان ئێستا له‌ قۆناغى گوێگرتنن له‌ لايه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌كان.
ئه‌و دانووستانه‌ى تا ئێستا كردوومانه‌، ئێمه‌ داواكارى به‌رزترمان هه‌يه‌، به‌ تايبه‌تى دواى قوربانيدانى ئێمه‌ و خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و خوێنه‌ى به‌يه‌كه‌وه‌ رشتوومانه‌، بۆيه‌ خوازيارين خه‌ڵكى ئێمه‌ خه‌ڵات بكرێن له‌ پاى ئه‌و قوربانيدانه‌يان.
- پرسيار: من نووسه‌رێكى سه‌ربه‌خۆم و له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ ده‌نووسم. دوو پرسيارم هه‌يه‌، يه‌كيان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان قسه‌ى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى باكوورى سووريا بدۆزرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئايا پلانى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا چييه‌ و ئايا هيچ رۆڵيان ده‌بێت و داهاتوويان چۆن ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانى: هه‌موو لايه‌نه‌كان جگه‌ له‌ لايه‌نه‌كانى سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ ئاماده‌يى دۆزينه‌وه‌ى  چاره‌سه‌ريان بۆ كێشه‌كانى سووريا تێدا بووه‌.
سه‌رۆك له‌ دهۆك و هه‌ولێر چه‌ند كۆنفرانسێكى ئه‌نجامدا و نوێنه‌رانى په‌يه‌ده‌ و يه‌په‌گه‌ش داوه‌تكران له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان و له‌سه‌ر زۆر خاڵ هاوڕابوون. به‌ڵام يه‌په‌گه‌ به‌ تاك لايه‌نه‌ پابه‌ندى جێبه‌جێكردنى ئه‌و خاڵانه‌ نه‌بوو. ئه‌و شێوازه‌شى كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌، وه‌ك ديپۆتكردنيان بۆ هه‌رێمى كوردستان جێى نيگه‌رانييه‌.
پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا، خه‌ڵكى عفرين و كوبانێ و ناوچه‌كانى ديكه‌ن و له‌ كه‌سكێ و شنگال له‌ دژى داعش شه‌ڕيان كردووه‌ و قوربانيان داوه‌ و هه‌ندێكجار كه‌ ته‌رمى قوربانييه‌كان ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سووريا يه‌په‌گه‌ رێگرى كردووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كانيان چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ ئاڵاى كوردستان داپۆشرابوون.
خوازيارين هه‌موو لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و شوێنێكى ئارامتر و باشتر درووستبكه‌ن.
ئێمه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك دانووستان له‌گه‌ڵ يه‌په‌گه‌ و په‌يه‌ده‌ ره‌تناكه‌ينه‌وه‌. خوازيارين لايه‌نه‌كان كۆببنه‌وه‌ و ئاشته‌وايى رابگه‌ينن و ئێمه‌ش ئاماده‌يى هاوكارى و پشتيوانيمان تێدايه‌ بۆيان.
- پرسيار: له‌ به‌شى كوردى ده‌نگى ئه‌مريكا: ئێوه‌ كێشه‌تان هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، به‌ تايبه‌تى بوونيان له‌ شنگال، ئايا ئێوه‌ هيچ چاره‌سه‌رێكى ئاشتيانه‌تان هه‌يه‌، ئايا ئه‌مريكا بۆچوونى چييه‌؟
- مه‌سروور بارزانى: به‌ڵێ كێشه‌ هه‌يه‌، به‌ڵام ئه‌وان كێشه‌يان هێناوه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و به‌ گوێره‌ى تێگه‌يشتنى خۆم ته‌واوى دامه‌زراوه‌كانى ئێزدى و ناوچه‌كه‌ داوايانكردووه‌، په‌كه‌كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێبهێڵن. لێكدانه‌وه‌ى ديكه‌ هه‌يه‌، ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌وێن ده‌يانناسين و ده‌زانين په‌كه‌كه‌ن و له‌ ناوچه‌كانى ديكه‌وه‌ هاتوون، باشترين شت ئه‌وه‌يه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچه‌يه‌ به‌ ئاشتى جێبهێڵن و رێگه‌مان بده‌ن ئه‌و ناوچه‌يه‌ ئاوه‌دان بكه‌ينه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ته‌نيا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، كه‌ خه‌ڵكيش به‌دڵيان بێت.
- پرسيار: چى به‌سه‌ر مادده‌ى 140 هاتووه‌، وه‌ك ئێمه‌ ده‌زانين سه‌رۆكمان مه‌سعوود بارزانى هه‌ميشه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ركووك له‌ رووى مێژوويى و جوگرافييه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ كوردستان و هه‌موو كاتيش حكومه‌تى ناوه‌ندى كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى هه‌يه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌، هيوادارم ئه‌و كاته‌ بێت و ئه‌ويش بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كوردستان؟
مه‌سروور بارزانى: پێم وايه‌ ئه‌و مادده‌يه‌ دواى كارپێنه‌كردنى ده‌ستوور ئه‌و مادده‌يه‌ كۆتايى  پێهاتووه‌. حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێى نه‌كردووه‌. مادده‌كه‌ ته‌نيا باس له‌ كه‌ركووك ناكات. باس له‌ ته‌واوى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كات.
ئه‌مه‌ ئه‌ركى حكومه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌داوه‌. مادده‌كه‌ سێ قۆناغه‌، يه‌كه‌ميان: ئاساييكردنه‌وه‌ى بارودۆخ بووه‌ و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى به‌ زۆر ده‌ركراوون بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌شى هێنراوون بۆ پڕكردنه‌وه‌ى جێى ده‌ركراووه‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنى خۆيان. هه‌روه‌ها ده‌بوايه‌ سنوورى ئه‌و پارێزگايانه‌ى زۆرينه‌يان كورد بوون و گۆڕانيان به‌سه‌ردا هێنرابوو، بۆ بچووككردنه‌وه‌يان به‌شيان لێكرابوويه‌وه‌ و خرابوونه‌ سه‌ر پارێزگاكانى ديكه‌، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت.
دووه‌م: تايبه‌ته‌ به‌ پێكهاته‌كان و بزانرێت چه‌ند پێكهاته‌ى تێدايه‌. سێيه‌ميش: ئه‌وه‌يه‌ كه‌ راپرسى ئه‌نجام بدرێت و چاره‌نووسى يه‌كلا بكرێته‌وه‌.
ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ين، كه‌ قۆناغى يه‌كه‌م به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان جێبه‌جێ كراوه‌. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵك بۆ ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانه‌شى كه‌ هێنراوون نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، له‌م بارودۆخه‌ باوه‌ڕمان وايه‌ خه‌ڵك و رێژه‌ى كورد به‌و گۆڕانكارييانه‌ زياتر له‌ حه‌فتا له‌سه‌د ده‌بێت. به‌ڵام هۆكارێك هه‌يه‌ بۆ ئه‌و خاڵه‌ ده‌ستوورييه‌ كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. عێراق كاتێكى زۆرى له‌به‌ر ده‌ست بوو بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورييه‌. له‌ 2014 تا ئێستا شه‌ڕى داعش هه‌بووه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ته‌نيا ئه‌و هێزه‌ بوو، پارێزگاريان له‌ كه‌ركووك كرد و وايانكرد، داعش نه‌توانێت هاوشێوه‌ى مووسڵ كه‌ركووكيش داگير بكات و بڕوامان وايه‌ ناسنامه‌ى كه‌ركووك روونه‌ و كوردييه‌ و خوازياريشن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بگه‌ينه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌شمانه‌وێت خه‌ڵكى كه‌ركووك خۆيان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك.
- پرسيار: سه‌باره‌ت به‌ شنگال و ئه‌و كێشانه‌ى له‌وێن روونكردنه‌وه‌ى زياتر چييه‌ به‌ تايبه‌تى له‌ باره‌ى رۆڵى وڵاتانى هه‌رێمى و ئايا ئيداره‌ى نوێ كه‌ ده‌يه‌وێت كاريگه‌رى ئێران له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌؟
مه‌سروور بارزانى: روانگه‌ى ئێمه‌ زۆر روونه‌ و ده‌مانه‌وێت په‌يوه‌ندى زۆر باشمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان  هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستتێوه‌ردانى هه‌ر وڵاتێك له‌ كاروبارى ناوخۆمان ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌. خوازيارين ئێران و وڵاتانى ديكه‌ رێز له‌وه‌ بگرن. هه‌روه‌ها رێز له‌ خواست و بڕيارى خه‌ڵك بگرن. هه‌روه‌ها هيچ جێگره‌وه‌ و شه‌ڕى له‌ جياتى درووست نه‌كه‌ن. ئێمه‌ ئاماده‌ين بۆ دانووستان. له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌كان قسه‌ ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيابين له‌وه‌ى په‌يوه‌ندى باشمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكان.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مريكاش، ئێمه‌ ناتوانين له‌ باتى ئه‌وان قسه‌ بكه‌ين. هاتووين تێبگه‌ين بزانين ئه‌وان بڕياريان چى ده‌بێت و روانگه‌يان بۆ ناوچه‌كه‌ چييه‌. ئێمه‌ له‌ ناوچه‌يه‌كى هه‌ستيار ده‌ژيين. ئاسايشى نيشتيمانى خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌ پێشينه‌ى كاره‌كانمانه‌. هاوكارى هه‌ر لايه‌نێك ده‌كه‌ين، كه‌ هاوكارى خه‌ڵكى كوردستان بكات.
- پرسيار: سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى كريستيانه‌كان و ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ مووسڵه‌وه‌ هاتوون و داهاتووى كريستيانه‌كان چى ده‌ڵێن؟
مه‌سروور بارزانى: هه‌ر پێش ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى مووسڵ، ئێمه‌ داوامان كردووه‌، ده‌بێت دانووستان  له‌ نێوان پێكهاته‌كانى مووسڵ بكرێت. ئێمه‌ ناتوانين له‌ برى كريستيانه‌كان قسه‌ بكه‌ين. هه‌روه‌ك چۆن نامانه‌وێت له‌ برى ئێمه‌ قسه‌ بكات. ئێمه‌ به‌ هێزه‌ پشتيوانى ده‌كه‌ين له‌ هه‌ر بڕيارێك، كه‌ مه‌سيحييه‌كان بيده‌ن و ئێمه‌ش هاوكاريان ده‌بين بۆ جێبه‌جێكردنى بڕياره‌كه‌يان.
- پرسيار: پێتان وايه‌ له‌ رووى پراكتيكييه‌وه‌ تا چه‌ند ريفراندۆم كرده‌يى ده‌بێت بۆ سه‌ربه‌خۆيى، ده‌كرێت وه‌كو ئه‌نجامێك به‌كاربهێنرێت، له‌ دژى عێراق، ياخود ئه‌مه‌ به‌ كردار بۆ سه‌ربه‌خۆييه‌؟
مه‌سروور بارزانى: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ريفراندۆم ده‌نگى خه‌ڵكه‌. كێ ده‌نگى خه‌ڵك به‌كارده‌هێنێت بۆ  خواستى خۆى. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بڕيارى دا، ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت. ئێمه‌ گوێ له‌ خه‌ڵك ده‌گرين. ئامانجمانه‌ ئه‌و ريفراندۆمه‌ ئه‌نجامبدرێت له‌ كۆتايى ئه‌مساڵ. بڕيارێكه‌ داوومانه‌. ئه‌وه‌ په‌يوه‌ندى به‌ ليژنه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ به‌رپرسيارن له‌ ريفراندۆم. ئه‌مه‌ پرسێكى جدييه‌ و په‌يوه‌ندى به‌ پروپاگه‌نده‌ى سياسييه‌وه‌ نييه‌. هيچ كه‌سيش بۆى نييه‌ له‌ برى خه‌ڵك قسه‌ بكات. ده‌بێت بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و بزانين چييان ده‌وێت.
- پرسيار: سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى ده‌يانه‌وێت له‌ كه‌ركووك و خانه‌قين نزيك ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ به‌شير و كه‌يوان و تازه‌ و ناوچه‌ى ديكه‌ش نزيكبوونه‌ته‌وه‌، ئايا كاريگه‌رى ئه‌وه‌ چى ده‌بێت.. گوێبيستى ئه‌وه‌ بووين سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى زۆر به‌ خراپى باسى كوردستان ده‌كه‌ن؟
مه‌سروور بارزانى: وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ ته‌واوى لايه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر  بكه‌ين. شه‌ڕ هه‌بوو، دواى شه‌ڕى داعش ئه‌و لايه‌نه‌ى تۆ باسى ده‌كه‌يت و ئه‌و ناوچانه‌ هێزى تايبه‌تى لێ بوو، هه‌ماهه‌نگيان له‌گه‌ڵ داعش كردبوو، ئه‌و پرسياره‌ پێويسته‌ راسته‌وخۆ ئاراسته‌ى ئه‌وان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامێكى باشت ده‌ستبكه‌وێت. ئه‌و ناوچانه‌ كوردستانين، خوازيارين، دواى شه‌ڕى داعش بگه‌ينه‌ هه‌ندێك چاره‌سه‌رى و رێزى هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى هيچ لايه‌نێك نه‌توانێت ويستى خۆى بسه‌پێنێت.
- پرسيار: ئايا له‌ گفتوگۆكانتان له‌گه‌ڵ كۆشكى سپى باسى ريفراندۆمتان كرد، هه‌ڵوێستى كۆشكى سپى چى بوو، له‌ ئاستى ناوخۆشدا ئايا ئاماده‌كارى ريفراندۆم له‌ چ قۆناغێكدايه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دڵخۆش بووين به‌و هاوڕێيه‌تييه‌ى كۆمان ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و  وشانه‌ى له‌وانه‌وه‌ بيستمان كاريگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانمان و له‌ ئاستى ناوخۆشدا چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوون له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كه‌ ده‌يانه‌وێت به‌شێك بن له‌و پرۆسه‌ نيشتيمانييه‌ و به‌رده‌وام ده‌بين له‌ كاركردن له‌گه‌ڵيان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين روانگه‌يه‌كى يه‌كگرتوومان هه‌بێت پێكه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم.
- پرسيار: ئايا ده‌كرێت باس له‌ بارودۆخى ژنانم بۆ بكه‌يت له‌ كوردستان، ئێمه‌ ناو به‌ناو گوێبستى كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ده‌بين؟
مه‌سروور بارزانى: به‌ پێى ياساكانمان پێويسته‌ سى له‌ سه‌دى په‌رله‌مانتاران ژن بن، ئه‌م رێژه‌يه‌  به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتى رۆژئاوا به‌رزتره‌. به‌داخه‌وه‌ راستييه‌كى تاڵ هه‌يه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌يه‌كى خراپ لێره‌ و له‌وێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش ده‌رهاويشته‌ى هه‌ندێك لايه‌نى كلتوورى و رۆشنبيرى و په‌روه‌رده‌ييه‌وه‌ هه‌يه‌. حكومه‌تى ئێمه‌ ته‌واوى هه‌وڵه‌كانى خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ هێنانه‌دى يه‌كسانى ره‌گه‌زى. به‌ شانازييه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێين كه‌ ژنانمان له‌ كوردستان سه‌لماندوويانه‌ له‌ پياو كه‌متر نيين و له‌ به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترين رێكخراوى تيرۆريستى شه‌ڕيان كردووه‌. پێشم وايه‌ جيهان گه‌واهى بۆ تواناى ژنى كورد ده‌دات.
- پرسيار: من له‌ زانكۆى نيۆجێرسييه‌وه‌، زۆر جار باس له‌ به‌كارهێنانى ئينته‌رنێت له‌ لايه‌ن داعش و په‌لكێشكردنى ئه‌ندامه‌كانى ده‌كرێت، ئايا كاريگه‌رييان له‌سه‌ر كوردستان چۆن بووه‌؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ به‌خته‌وه‌رين، خه‌ڵكى ئێمه‌ به‌ كلتوورى توندڕه‌و نييه‌. هه‌روه‌ها  پشتيوانى توندڕه‌وى ناكات. خه‌ڵكى واين كه‌ جياوازييه‌كان قبووڵ ده‌كه‌ين. له‌ كوردستانيش خه‌ڵكى خاوه‌ن هزرى ئاينى و سياسى جيا ده‌ژين. خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى ده‌توانين بڵێين له‌ رووى پێكه‌وه‌ ژيانه‌وه‌ باشترين خه‌ڵكن. ئه‌مه‌ش هاوكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين رێگرى بكه‌ين له‌ په‌لكێشكردنى خه‌ڵكى بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌. هاوكات ئێمه‌ پێكهاته‌ ئاسايشييه‌كانمان رۆڵێكى كارايان گێڕاوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌شمان پشتيوانى ئه‌و پرۆسه‌يه‌ بوونه‌. بۆيه‌ ده‌توانين بڵێين ئێمه‌ ئاماده‌ييه‌كى ته‌واومان تێدا بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى تيرۆريزم له‌ كوردستان سنووردار بكرێت. هيچ جۆره‌ ئاسايشێكى ره‌ها نييه‌ له‌ جيهاندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌يرى كوردستان بكه‌ين، ده‌بينين ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ناسه‌قامگيرترين شوێنى جيهانين، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئارامى هه‌يه‌. ده‌مه‌وێت هه‌ندێك داتات پێبڵێم، كرده‌وه‌ تيرۆريستييه‌كان له‌ كاتى هاتنى داعشه‌وه‌ تا ئێستا كه‌مترن له‌ كرده‌وه‌ى تيرۆريستى هه‌ر رۆژێكى عێراق. توانيومانه‌ ئاسايشى هه‌رێم بپارێزين. زۆربه‌ى ئه‌و تێكۆشانه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وان هاوكارێكى به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها بۆ لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانيشمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. باس له‌و رێگايانه‌ ناكه‌ين كه‌ گرتوومانه‌ته‌به‌ر.
- پرسيار: بزووتنه‌وه‌يه‌كى ريفۆرمى له‌ سه‌رده‌ستى جه‌نابى سه‌رۆك و به‌ڕێزتان له‌ كوردستان به‌ديده‌كرێت و له‌ ناو گه‌نجان لێكه‌وته‌ى زۆرى هه‌يه‌، ئايا هيچ پلانێكتان هه‌يه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ خوێندوويانه‌ و ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان و خزمه‌ت بكه‌ن؟
مه‌سروور بارزانى: ده‌مه‌وێت به‌رده‌وام پشتيوانى له‌و كه‌سانه‌ بكه‌م، باشترين په‌روه‌رده‌يان وه‌رگرتووه‌  و ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئێمه‌ زانكۆى ئه‌مريكيمان له‌ دهۆك كردووه‌ته‌وه‌. چونكه‌ ده‌مانه‌وێت هاوكار بين بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت پێى بگه‌ين و ده‌بێت هاوكارى سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان بكه‌ين و تۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ت هه‌يه‌ و خۆشحاڵيشم بگه‌ڕێيته‌وه‌ و له‌و لايه‌نه‌ى كه‌ ده‌ته‌وێت خزمه‌ت بكه‌يت و دڵنياشم سه‌رۆك زۆر هاوكاره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خزمه‌ت بكه‌ن.
- پرسيار: ئه‌گه‌ر كريستيان و ئێزدى و توركمان به‌شدارى له‌ ريفراندۆمه‌كه‌ نه‌كه‌ن، ئايا ئه‌و پرۆسه‌يه‌ ده‌وه‌ستێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچه‌يه‌ دابه‌شكرا و به‌غدا به‌شێك و به‌شێكيش هه‌رێمى كوردستان بێت ئايا ده‌توانن يه‌كيان بخه‌نه‌وه‌؟
مه‌سروور بارزانى: تۆ باس له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌يت و ئێمه‌ ناتوانين ئه‌وان ناچار بكه‌ين  و له‌ باتى ئه‌وان قسه‌ بكه‌ين و خۆيان سه‌رپشكن و ده‌يانه‌وێت له‌گه‌ڵ كام لا بن. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى تۆ ئاماژه‌ت پێدان و ده‌يانه‌وێت به‌شێك بن له‌و ريفراندۆمه‌ و بيانه‌وێت ئه‌و مافه‌ ديموكراسييه‌ په‌يڕه‌و بكه‌ن، يان نايانه‌وێت به‌شدار بن، ئه‌وا؛ له‌سه‌ر خۆيان ده‌وه‌ستێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌يه‌نێت، كه‌ ئێمه‌ ريفراندۆم ئه‌نجام ناده‌ين، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ نايانه‌وێت به‌شێك بن لێى.

Tuesday, May 9, 2017

‫مه‌سروور بارزانى پێشوازى له‌ نێرده‌ى تايبه‌تى سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا کرد 9-5-2017




له‌ دیدارێكدا، به‌ ئاماده‌بوونی فرانك بێكه‌ر، بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و جۆن شارب، هه‌ڵسووڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رده‌وامی پێشڤه‌چوونه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی درێژخایه‌نی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.
له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی به‌ریتانیای كرد له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی و درێژه‌دانیان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستاندا و جه‌ختی له‌ گرنگی یه‌كخستنه‌وه‌ و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت.

جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت، باسی له‌ گفتوگۆكانی پرۆژه‌ی تیمی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستاندا و رایگه‌یاند، له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی، كه‌ براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌.
بڕیاره‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ست سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بۆ تاوتووێكردن و په‌سندكردنی.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ راهێنان و مه‌شقكردن و یارمه‌تیدانی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌زگاكانی ئاسایش له‌ دوای كۆتایهاتنی تیرۆریستانی داعشیش به‌رده‌وام ده‌بێت.

Wednesday, April 12, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا کرد 11-4-2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌كات





ئه‌مڕۆ (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌(تۆبیاس ئیلوۆد) وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش ده‌رفه‌ته‌بۆ چاره‌سه‌ركردنێكی درێژخایه‌ن و واقیعیانه‌ی ته‌واوی كێشه‌كۆن و نوێكانی عێرق.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (فرانك بێكه‌ر) باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عێراق و (كاروان جه‌مال) نوێنه‌ری حككه‌مه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو،په‌یوه‌ندییه‌دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا و په‌ره‌سه‌ندنه‌سیاسی و سه‌ربازییه‌كان و قۆناغی دوای داعش له‌عێراق تاتوێكرا. 

له‌دیداره‌كه‌دا دووپات له‌بایه‌خی به‌رده‌وامی كاری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌سیاسیه‌كانی به‌ر له‌شه‌ڕی داعش كرایه‌وه‌. له‌وباره‌وه‌مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌نه‌بوونی متمانه‌له‌نێوان پێكهاته‌كان دا و رایگه‌یاند، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق نه‌بوونی متمانه‌یه‌، به‌ڵام تێكشكاندنی داعش ده‌رفه‌تێكی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ ده‌ستكردن به‌چاره‌سه‌ركردنی واقیعیانه‌و درێژخایه‌نی سه‌رجه‌م كێشه‌كۆن و نوێكانی عێراق.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و رایگه‌یاند، له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌دات، چونكه‌كاتی هاتووه‌هێز و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان گوێ له‌داوای خه‌ڵكی خۆیان بگرن. 

له‌لای خۆیه‌وه‌وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌بڕیاری حكوومه‌تی به‌ریتانیا دا، كه‌له‌پێشكه‌شكردنی پشتیوانی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و چاكسازی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌گرینگ ده‌زانێ و رایگه‌یاند، ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی گه‌شاوی دیموكراسی بێت.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا دووپات له‌به‌هێزكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا له‌شه‌ڕی جیهانی تیرۆریزم كرایه‌وه‌.