Tuesday, January 24, 2017

‫مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كرد 24-1-2017

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق ره‌وشى ناوچه‌كه‌ و پێشهاته‌كانیان تاوتوێ كرد




ئه‌مڕۆ 24-1-2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ مارك باریتی باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق رایگه‌یاند ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بێت له‌گفتوگۆكانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ئازاد كراون. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی دۆمینیك ماس كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ئه‌منی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ له‌ تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كان و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا كرایه‌وه‌ . 

مه‌سرور بارزانی دووه‌م سه‌ردانی فرانسوا ئۆڵاند سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسای بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ هێمایه‌كی گرینگی پشتیوانیكردن له‌گه‌لی كوردستان و به‌هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ڵوێست و یارمه‌تییه‌كانی رابردووی فه‌ڕه‌نسا به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. 

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا رۆشنیایی خرایه‌ سه‌ر رێوشوێنه‌كانی زیاد كردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان، و دووپات له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق وه‌ك مافێكی سرووشتی گه‌لی كوردستان كرایه‌وه‌ و جه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌كانی خۆی ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا. 

له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، دووپاتی له‌ به‌رده‌وام بوون و فراوانتركردنی په‌یوه‌ندی درێژخایه‌نی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌رده‌وامیش یارمه‌تییه‌كانیان به‌ كردار كردووه‌ و پاڵپشتی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن، كه‌ بوژانه‌وه‌ و كراوه‌یی بۆ گه‌لی كوردستان به‌دی بهێنێت.

Wednesday, January 18, 2017

مه‌سروور بارزانی پێشوازیی له‌ نێرده‌ی وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا كرد 18-1-2016





مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ خێرارد ستیگز، نێرده‌ی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سووریا، رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوا و یه‌كریزی نێوانیان گه‌ره‌نتی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورده‌ له‌ ئاینده‌ی سوریادا.
مه‌سرور بارزانی، سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی پابه‌ندبوون كرد به‌ رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك واژووكراون و رایگه‌یاند، یه‌كێتی ریزه‌كانی كورد، داهاتوویان له‌ سووریا دابینده‌كات، قورخكاری و تاكڕه‌وی مه‌ترسیی بۆ سه‌ر داهاتووی كورد له‌ سوریا دروستكردووه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ جانێت ئه‌لبێردا، كۆنسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ئاماده‌ی بوو، باس له‌ كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئاستانای پایته‌ختی قیرغیستان كرا و ئاینده‌ی گه‌لی كورد له‌و وڵاته‌ تاووتوێكرا، هاوكات به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی گه‌لی كورد، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاستانا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش به‌ گرنگ دانرا.
له‌به‌رامبه‌ردا نوێنه‌ری وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا، وێڕای ده‌ربڕینی پێزانینی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیشی له‌ پێویستی هێزێكی مۆدێرن كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی له‌ ئاینده‌ی سوریادا بگێڕێت و رایگه‌یاند، ئێوه‌ له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی نێوده‌وڵه‌تیدان، بۆیه‌ له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بۆچوونه‌كانتان به‌لامانه‌وه‌ گرنگ و به‌سوودن.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌ولێر رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كاندا به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی گرنگه و ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌رزده‌نرخێنین. ‌

Monday, January 16, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ كۆنگرێسمانی ئه‌مریكی ئاده‌م شیف ده‌كات 16-1-202017







ئه‌مڕۆ ١٦/١/٢٠١٧ (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (ئاده‌م شیف) ئه‌ندام كۆنگرێسی ئه‌مەریكا رایگه‌یاند، به‌شداری كارای ئه‌مەریكا له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی گرینگی سه‌قامگیری و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه ‌دا.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی فرا‌وانكردنی هاوكارییه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و دووپات له‌ به‌رده‌وامی پێوه‌ندیی پته‌وی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا كرایه‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ (مه‌سروور بارزانی) ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی ئه‌مەریكا وه‌ك فاكته‌رێكی چاره‌سه‌ر و سه‌قامگیری دا و رایگه‌یاند، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مەریكا له‌ داڕشتنه‌وه‌ی داهاتووی ناوچه‌كه‌ پێویستییه‌كی گرینگه‌‌. له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر قۆناغی پاش داعش و نه‌بوونی متمانه‌ و میكانیزمی داڕشتنه‌وه‌ی ئاینده‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌.
له‌به‌رانبه‌ردا (ئاده‌م شیف) پێزانینی زۆری خۆی بۆ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆر ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، ده‌خوازم سوپاستان بكه‌م بۆ به‌شداری و هاوكاریكردنتان له‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی تیرۆردا، كه‌ رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ر و سوود به‌خشه‌. هه‌روه‌ها وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌ڵێنی زیاتركردنی یارمه‌تی و پشتیوانی ئه‌مەریكای له‌ دۆزی كورد دا و رایگه‌یاند، له‌ناو كۆنگرێسدا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام هه‌ن هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن و به‌‌ یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه نزیكه‌‌كانی ئه‌مەریكا له ‌ناوچه‌كه‌دا وه‌سفی ده‌كه‌ن.

Friday, January 13, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندی یاوه‌ری کرد





ئه‌مڕۆ 11/1/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ كێنتارۆ سۆنۆرا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان له‌پێش دایه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ی سه‌قامگیری و بوژانه‌وه‌ی زیاتر له‌ بواره‌ جیاكاندا بۆ ناوچه‌كه‌ به‌دیدێت.

‎له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی فۆمیۆ ئاوای باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق و كاتسۆمی مۆریاسۆ كونسوڵی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیی‌ دوقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن له‌ بواره‌ جیاكاندا. له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری ژاپۆنی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بۆ باشتر فه‌راهه‌مكردنی به‌رژوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوو دانا و رایگه‌یاند، ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان له‌پێش دایه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیریی و بوژانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ.

‎ له‌لای خۆیه‌وه‌ كێنتارۆ سۆنۆرا به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ باسی له‌ قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان بۆ ژاپۆن زۆر گرینگه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندی پته‌وممان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت و گوتی: له‌ پلان دایه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ فره‌وان بن و بواره‌كانی كلتوور و په‌روه‌رده‌ و ژێرخانیش بگرێته‌وه‌.

‎په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و هه‌ماهه‌نگی
‎و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

Sunday, January 1, 2017

مه‌سروور بارزانی: هیوادارم 2017 ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی زایینی، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و بریندارانی پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتییان كوردستان، هیوا ده‌خوازێت ساڵی 2017، ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی (مه‌سروور بارزانی) بەبۆنەی ساڵی نوێوە:-

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی زاینی، پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و برینداران و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم، جارێكی دیكه‌ سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م، بۆ خۆڕاگریان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ و قه‌یرانانه‌ی هه‌بوون، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ساڵێكی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەرانیان به‌ڕێكرد، هاوكات ساڵی سه‌ركه‌وتنی مه‌زنیش بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا.

له‌سایه‌ی هێزی پۆڵاینی پێشمه‌رگه‌ و خۆراگری خه‌ڵكی قاره‌مانی كوردستان چاوه‌ڕێی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ین. هیوادارم ‌ساڵی سه‌ركه‌وتن بێت به‌سه‌ر هه‌موو گرفت و قه‌یران و دوژمنان و ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت.

دووباره‌ ساڵی نوێ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆزبێت و هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و كامه‌رانی بێت بۆ كوردستانیانی خۆشه‌ویست.

مه‌سروور بارزانی
31/12/2016