Monday, January 16, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ كۆنگرێسمانی ئه‌مریكی ئاده‌م شیف ده‌كات 16-1-202017







ئه‌مڕۆ ١٦/١/٢٠١٧ (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (ئاده‌م شیف) ئه‌ندام كۆنگرێسی ئه‌مەریكا رایگه‌یاند، به‌شداری كارای ئه‌مەریكا له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی گرینگی سه‌قامگیری و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه ‌دا.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی فرا‌وانكردنی هاوكارییه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و دووپات له‌ به‌رده‌وامی پێوه‌ندیی پته‌وی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا كرایه‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ (مه‌سروور بارزانی) ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی ئه‌مەریكا وه‌ك فاكته‌رێكی چاره‌سه‌ر و سه‌قامگیری دا و رایگه‌یاند، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مەریكا له‌ داڕشتنه‌وه‌ی داهاتووی ناوچه‌كه‌ پێویستییه‌كی گرینگه‌‌. له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر قۆناغی پاش داعش و نه‌بوونی متمانه‌ و میكانیزمی داڕشتنه‌وه‌ی ئاینده‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌.
له‌به‌رانبه‌ردا (ئاده‌م شیف) پێزانینی زۆری خۆی بۆ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆر ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، ده‌خوازم سوپاستان بكه‌م بۆ به‌شداری و هاوكاریكردنتان له‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی تیرۆردا، كه‌ رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ر و سوود به‌خشه‌. هه‌روه‌ها وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌ڵێنی زیاتركردنی یارمه‌تی و پشتیوانی ئه‌مەریكای له‌ دۆزی كورد دا و رایگه‌یاند، له‌ناو كۆنگرێسدا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام هه‌ن هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن و به‌‌ یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه نزیكه‌‌كانی ئه‌مەریكا له ‌ناوچه‌كه‌دا وه‌سفی ده‌كه‌ن.

Friday, January 13, 2017

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندی یاوه‌ری کرد





ئه‌مڕۆ 11/1/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ كێنتارۆ سۆنۆرا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان له‌پێش دایه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ی سه‌قامگیری و بوژانه‌وه‌ی زیاتر له‌ بواره‌ جیاكاندا بۆ ناوچه‌كه‌ به‌دیدێت.

‎له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی فۆمیۆ ئاوای باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق و كاتسۆمی مۆریاسۆ كونسوڵی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیی‌ دوقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن له‌ بواره‌ جیاكاندا. له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری ژاپۆنی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بۆ باشتر فه‌راهه‌مكردنی به‌رژوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوو دانا و رایگه‌یاند، ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان له‌پێش دایه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیریی و بوژانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ.

‎ له‌لای خۆیه‌وه‌ كێنتارۆ سۆنۆرا به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ باسی له‌ قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان بۆ ژاپۆن زۆر گرینگه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندی پته‌وممان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت و گوتی: له‌ پلان دایه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ فره‌وان بن و بواره‌كانی كلتوور و په‌روه‌رده‌ و ژێرخانیش بگرێته‌وه‌.

‎په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و هه‌ماهه‌نگی
‎و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

Sunday, January 1, 2017

مه‌سروور بارزانی: هیوادارم 2017 ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت



مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی زایینی، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و بریندارانی پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتییان كوردستان، هیوا ده‌خوازێت ساڵی 2017، ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی (مه‌سروور بارزانی) بەبۆنەی ساڵی نوێوە:-

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی زاینی، پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و برینداران و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم، جارێكی دیكه‌ سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م، بۆ خۆڕاگریان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ و قه‌یرانانه‌ی هه‌بوون، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ساڵێكی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەرانیان به‌ڕێكرد، هاوكات ساڵی سه‌ركه‌وتنی مه‌زنیش بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا.

له‌سایه‌ی هێزی پۆڵاینی پێشمه‌رگه‌ و خۆراگری خه‌ڵكی قاره‌مانی كوردستان چاوه‌ڕێی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ین. هیوادارم ‌ساڵی سه‌ركه‌وتن بێت به‌سه‌ر هه‌موو گرفت و قه‌یران و دوژمنان و ساڵی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت.

دووباره‌ ساڵی نوێ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆزبێت و هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و كامه‌رانی بێت بۆ كوردستانیانی خۆشه‌ویست.

مه‌سروور بارزانی
31/12/2016

Thursday, December 15, 2016

وتاری مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی زانکۆی ئەمریکی کوردستان دھۆک 15-12-2016







به‌رنامه‌ی کۆنفرانسی سەربه‌خۆیی کوردستان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت
رۆژی یه‌كه‌م‌
گوتاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئەمریكی كوردستان- دھۆك پێشكه‌ش ده‌كرێت.
پانێلی یه‌كه‌م،
یاسای نێوده‌وله‌تی و مافی چاره‌نووسی گه‌لی كورد به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح، هۆشیاری زێباری، پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشكچی، پرۆفیسۆر مایكل گۆتنه‌ر،
پانێلی دووه‌م،
هاوبه‌شی ستراتیژی نێوان رۆژئاوا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی، د. عادل عبدالمھدی،  زەڵمای خەلیل زاد و ئوسامە نوجێفی.
پانێلی سێیه‌م،
رەھەنده‌كانی ئاشتی و ئاسایشی ھەرێم پاش سەربه‌خۆیی به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌  د. پیتەر گالبرێت بالیۆزی پێشووی ئه‌مریكا،  پرۆفیسۆر ئۆرفا بینجیۆ  ئەکادیمیست، جەنگیز چاندار رۆژنامەنووس- ئەمبەرین زەمان رۆژنامەنووس
رۆژی دووه‌م،
پانێلی چواره‌م،
ئاییندەی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین دامەزرێنەر و سەرۆکی MERI، پرۆفیسۆر کارۆل ئۆلیری له‌ زانکۆی کاتۆلیک له‌ ئەمریکا، جۆن ھەنا له‌ دەزگای بەرگری له‌ دەمۆکراسی، د. دێیڤید پۆڵۆک له‌ پەیامانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژھەڵات نزیک.
پانێلی پێنجه‌م،
كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی کوردی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ د. بێرنارد کوشنەر وەزیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، فوئاد حسێن- کامه‌ران یوکسەک ھاوسەرۆکی BDP، مستەفا ھیجری و ئیبراھیم برۆ.

Saturday, December 3, 2016

مه‌سروور بارزانى دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا تاوتوێ ده‌كات





بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا و تیمی دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى نوێى ئه‌مريكا، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەردانی واشنتۆنی کرد.

لەم سەردانەدا، فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش یاوەری مەسرور بارزانی کردووە.

مەسرور بارزانی دەیەوێت، لەم سەردانە پڕ لە جوڵە دیبلۆماسیەدا، لە هەڕەمی وڵاتانی جیهانەوە، خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، لەتەک خەباتی دیپلۆماتیانەی گونجاودا، جارێکی دیکە پرسی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە تاووتوێبکات.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەبەستیەتی لەگەڵ ئیدارەی ئێستا و داهاتووی ئەمریکا، باس لە ئاییندەی کوردستان و پێشمەرگە بکات، بەتایبەت کە چەندینجار ئەمریکاییەکان کوردییان بە دۆستی نزیکی خۆیان زانیوە و پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوامی پێشمەرگە بوون لەشەڕی تیرۆردا.


ئەمە جیالەوەی ئەم پاڵپشتییە بۆ پێشمەرگە، لەلایەن چەندین ئەندامی تیمەکەی ترەمپیش دووپاتکراوەتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی، نیازی وایە لە چەندین سیمینار و کۆبوونەوە لە ناوەندەکانی تینک تانکی ئەمریکا، بە ئامانجی دیالۆگی زیاتر و بیروبۆچوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان بەشداری بکات.

لەیەکەم وێستەگەشیدا لە ناوەندی گەشەپێدانی ئەمریکا، مەسرور بارزانی، بیروبۆچوونەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ناوەندە، لەبارەی وتوێژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاووتوێکرد، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە ناوچەکەدا.

مه‌سروور بارزانى، له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ كوردستان 24 رايگه‌ياند، ئامانجمان له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ واشنتن بۆ ئه‌وه‌يه‌ سووپاسى ئيداره‌ى ئێستاى ئه‌مريكا بكه‌ين بۆ ئه‌و هاوكارييانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ناردوويه‌تى و هه‌روه‌ها له‌ ئيداره‌ى نوێش زياتر تێبگه‌ين. بێگومان بيروبۆچوونى خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان تاوتوێده‌كه‌ين، به‌ڵام هێشتا ده‌ستبه‌كار نه‌بوون، بۆيه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانن به‌ شێوه‌يه‌كى فه‌رمى سياسه‌تى خۆيان ئاشكرا بكه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دانیێڵ بنیامین، لێكۆڵەر لە ناوەندەی گەشەپێدانی ئەمریكا گوتى: "بەڕێز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان لێرە بیروبۆچوونەكانی له‌گەڵ ئێمە ئاڵوگۆڕ كرد، من خۆم لە سەر مێژووی كورد لە عێراق و كوردستان و ئاستەنگەكان و كۆمەڵكوژی ئەنفال خوێندوومە. ئەو نەھامەتیانە ترسی لای كورد لەسەر مانەوە لە عێراق دروست كردووە. لێرە تاوتوێی دۆزینەوەی رێگەیەكیش كرا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی. ئەمە ھەمووی بە ئامانجی دەستەبەركردنی ئاساییش و فەراھەمكردنی مافەكانی كورد. ھەروەھا پێویستيی بۆ گفتوگۆی بەرھەمھێن لەگەڵ بەغداد و ھێنانە دی ئەمە".


لەم سەردانەدا، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانیش یاوەری مەسرور بارزانی کردووەو بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و ناوەندەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لەبارەی دید و تێڕوانینی ئەمریکاییەکان بۆ ئایندەی کوردستان کۆببێتەوە.