Monday, April 11, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌شاندێكی رێكخراوی مرۆیی سویسری كه‌نیسه‌ی كاپۆل...





مه‌سروور بارزانی: كورد دەیەوێ بە ئاشتیانە ریفراندۆم ئەنجام بدات






مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی رێكخراوی مرۆیی سویسری (هیلسفسكۆنۆڤی كوردستان) كه‌نیسه‌ی كاپۆلیكی به‌ سه‌رۆكایه‌تی قه‌شه‌ ( ستیفان ستۆب) كرد، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك پسپۆری بواری هاوكاری مرۆیی و سیاسه‌تمه‌دار و ریپۆرته‌ر پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د. فه‌وزی قه‌دور نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سویسرا و موسا ئه‌حمه‌د جێگری به‌رپرسی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م رێكخراوه‌ له‌رێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و ‌ مه‌سروور بارزانی ئاماژه‌ی به‌و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ و دابه‌شكردنی له‌رێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كرد، كه‌ جێگه‌ی سوپاسه، هه‌روه‌ها باسی له‌ ‌ كارو چالاكییه‌ مرۆییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ ناو كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كرد، كه‌ بێ جیاوازی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی دابه‌شی سه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌كات، كه‌ پێویستیان به‌ یارمه‌تی و هاوكارییه‌ و رایگه‌یاند، ، ئامانجمانه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بكه‌ینه‌ ده‌زگایه‌كی مرۆیی جیهانی بۆئه‌وه‌ی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی بگاته‌ هه‌موو شوێنێكی جیهان.

هه‌روه‌ها باسی له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ش كرد، كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆی ئه‌مه‌ریكا كوردستان له‌ دهۆك به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیان هه‌یه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ قه‌شه‌ ستیفان وێڕای سوپاسكردنی بۆ ره‌خساندنی ئه‌م دیداره‌، باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا به‌ چاوی خۆی گه‌یاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی بینیووه‌، كه‌ به‌رێكوپێكی گه‌یشتۆته‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی پێویستیان هه‌یه‌ و رایگه‌یاند، ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌كه‌م له‌ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و له‌باوه‌شگرتنی نزیكه‌ی 2 ملیۆن ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و وڵاتانی دراوسێ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد‌ و رایگه‌یاند، ئێمه‌ هه‌میشه‌ قوربانی توندوتیژی و زوڵم و زۆرداری بووینه‌‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ره‌گداكوتاوه‌ی خۆمان به‌رده‌وامین و شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ تیشكخرایه‌ سه‌ر رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پێویستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ و پرۆسه‌ی ریفراندۆمی كوردستان، له‌و باره‌وه‌ مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، كورد ده‌یه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدات، هه‌رچه‌نده‌ پێشتریش خه‌ڵكی كوردستان له‌ پرۆسه‌یه‌كی هاوشێوه‌دا رای خۆی به‌ ئاشكرا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربڕیووه‌.

Wednesday, April 6, 2016

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم پێشوازیی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌و...




ئه‌مڕۆ 6/4/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ئه‌نزۆ ئه‌ماندۆلا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا و شاندی یاوه‌ری، هیوای خوست كاركردن له‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی مووسڵ بۆ رێگه‌گرتن له‌و كاره‌سه‌ته‌ مرۆییه‌ی له‌ئه‌گه‌ری داڕمانی هه‌یه‌، به‌زووترین كات ده‌ست پێ بكات و جه‌ختی له‌چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ له‌قۆناغی پاش رزگاربوونی كرده‌وه‌.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ماركۆ كارلیۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌عێراق و خاتوو ئه‌لیساندرا دیپیبۆ كونسوڵی ئیتاڵیا له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌گه‌ری داڕمانی به‌نداوی مووسڵ و پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌دوو قۆڵیه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستان و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كرا. 

مه‌سرور بارزانی، وێرای سوپاسكردنی هه‌ڵوێستی گه‌ل و حكوومه‌تی ئیتاڵیا له‌به‌رامبه‌ر هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی له‌گه‌لی هه‌رێمی كوردستاندا، ئاماژه‌ی به‌ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی رزگاركردنی مووسڵ له‌تیرۆریستانی داعش و قۆناغی دواتر كرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌له‌‌به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌دا له‌قۆناغی دوای رزگاركردنیدا رۆڵی پێكهاته‌كان‌له‌به‌رچاو بگیرێ. 

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كانی ئه‌گه‌ری داڕمانی به‌نداوی مووسڵ، كه‌به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی به‌غدا و ئیتاڵیا بڕیاره‌كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی ده‌ست به‌كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بكات، چونكه‌ به‌پێی پێشبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنی شاره‌زا و پسپۆرانه‌وه‌ئه‌گه‌ر به‌نداوه‌كه‌داڕما، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و هیوای خواست، كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كه‌به‌زووترین كات ده‌ست پێ بكات و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك نیشاندا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌دوو قۆڵیه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرایه‌وه‌ و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا به‌سه‌رسامیه‌وه‌ئاماژه‌ی به‌خۆراگری و قاره‌مانێتی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش كرد و دووپاتی له‌پشتیوانی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌شی كرده‌وه‌و رایگه‌یاند، ئێمه‌شه‌ڕی دوژمنێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان له‌هه‌موو بواره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك پته‌وتر بكه‌ین، كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێستا و ئاینده‌ی هه‌ردوولادا بێت.

Sunday, March 20, 2016

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه مەسرور بارزانی پەیامێکی ڕاگەیاند







به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه، كه‌‌ به‌شێكه‌ له‌ شانازییه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان و هێمای به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و خۆڕاگری و نوێبوونه‌وه‌‌یه‌، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان به‌گشتی و شه‌هید و بريندارانى شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش به‌تایبه‌تی و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی سه‌نگه‌ر و كارمه‌ندانی داموده‌زگاكانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیس و گه‌لی كوردستان و هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ده‌كه‌م، كه‌یادی نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌مساڵ هه‌رێمه‌كه‌مان به‌قۆناغێكی دژواری دارایی و‌ هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام گه‌لی كوردستان به‌خۆراگری و گیانفیدایی قۆناغی زۆر له‌وه‌دژوارتری تێپه‌ڕاندووه. ئێستاش‌ سەركەوتنە مەزنەكانی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌كانی پاراستن و به‌رگریكردن له‌خاك و خه‌ڵكی كوردستان و هەوڵی بەردەوامی نەیاران له‌دروستكردنی ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ر، له‌نیشتیمانپەروەران و ئازادیخوازان ده‌خوازێ پێكه‌وه‌ هەوڵ و هیمەت بكه‌ین‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌و گه‌یاندنی كاروانی كوردستان به‌و كه‌ناره‌ی، كه‌پێویستبوو به‌ر له‌سه‌ده‌یه‌ك پێی بگات.
په‌ندی مێژوویی ئه‌م بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌و خه‌بات و قوربانییه‌ بێشوماره‌كانمان له‌ته‌واوی هاووڵاتیان و ره‌نگه‌كانی كوردستان ده‌خوازێ لەپێناو ئاواكردنی كوردستانێكی سه‌رفراز و سه‌قامگیر و بوژاوه‌دا، بەهەموو توانایەك پشتیوانی لە هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌بكه‌ن، كه‌ پێویستن بۆ چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له‌هه‌موو روویێكه‌وه‌. هاوكات ئاواته‌خوازم گه‌له‌كه‌مان بۆ وه‌دیهاتنی ده‌سكه‌وتی زیاتر، كه‌مافێكی سرووشتی و ویستی زۆرینه‌یه به‌ته‌بایی و هاوهه‌ڵوێستی رووبه‌ڕووی هه‌موو پێشهاته‌كان بێته‌وه‌ و ناكرێ مافه‌كانی خۆی به‌كێشه‌و ته‌نگژه‌كاتیه‌كان و ره‌زامه‌ندی تاكی گرێبدات.
به‌سه‌ربردنی جه‌ژنێكی خۆش و كامه‌رانیتان بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم و داواتان لێده‌كه‌م له‌رۆژانی پشوو‌دا توانای زياترى خۆتان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دابینكردنی كه‌شێكی ئارامتر و سه‌قامگیرتر له‌وڵاته‌كه‌ماندا.

مه‌سرور بارزانی
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
20 ی ئاداری 2016

Thursday, March 17, 2016

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی هزر و لێكۆلینەوەی ئەتلەنت...

مه‌سرور بارزانی: كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته‌فاكته‌ری سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌دا





ئه‌مڕۆ 17ی ئاداری 2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌شاندێكی باڵای تیمی كاری ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تلانتیك به‌سه‌رۆكایه‌تی رایان كرۆكه‌ر باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له‌عێراق كرد، كه‌پێكهاتبوو له‌كنیپ پۆڵاق شاره‌زا له‌كاروباری سیاسی و سه‌ربازی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نوسه‌یبه‌یونس شاره‌زا له‌كاروباری سیاسی عێراق و رێكخراوی تیرۆریستی داعش، مایكل نایتس پسپۆر له‌كاروباری ئاسایش و سه‌ربازی عێراق و وڵاتانی كه‌ندا و پیته‌ر گالبرێپ دیپلۆماتكاری پێشووتری ئه‌مریكاو نووسه‌ری كتێبی كۆتایی عێراق.

له‌دیدارێكدا بیروڕا له‌باره‌ی كێشه ‌و قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و ئاینده‌ی عێراق و درزی نێوان پێكهاته‌كانی ئالوگۆڕكرا و دووپات له‌وه‌كرایه‌وه‌، كه‌له‌پێناو چاره‌سه‌ری جیاوازییه‌كان و چه‌سپاندنی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی ناكرێ هه‌ڵه‌كانی رابردوو له‌ناوچه‌كه‌دووباره‌بكرێته‌وه‌. 

مه‌سرور بارزانی له‌وته‌یه‌كیدا تیشكی خسته‌سه‌ر ره‌گوڕیشه‌و هۆكاری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان و رایگه‌یاند، كاتی ئه‌وه‌هاتووه‌رۆژئاوا چاره‌سه‌ری ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌بكات، كه‌پێش 100 ساڵ له‌ناوچه‌كه‌دا كراوه‌.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئێمه‌له‌عێراق زۆر له‌ بژارده‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌سه‌ره‌كیه‌كانمان تاقیكردۆته‌وه‌، با بژارده‌ی دیكه‌ش تاقیبكه‌ینه‌وه‌و گوتی: كوردستانی سه‌ربه‌خۆ تاكه‌بژارده‌یه، كه‌‌تا ئێستا تاقینه‌كراوه‌ته‌وه و بێگومان ده‌بێته‌فاكته‌ری سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر ناتوانین پێكه‌وه‌له‌یه‌ك وڵاتدا بژین، ده‌كرێ دوو دراوسێی باشی یه‌كتری بین. هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌، كه‌ناكرێ گه‌لی كوردستان باجی هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌بدات و چاوه‌ڕێی كاتی گونجاو بكات.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا عێراق وڵاتێكی سه‌قامگیر نه‌بووه‌و گوتی: ئێستا ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌شه‌ڕی داعشه‌، به‌ڵام ناكرێ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بكرێته‌بارمته‌ی ئه‌و شه‌ڕه، چونكه‌گرنگه‌ئه‌م ریفرانۆمه‌ئه‌نجام بدرێ بۆ زانینی ئه‌وه‌ی كورد چی ده‌وێ، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش‌كرده‌وه‌، كه‌پێویسته‌ و كاتی هاتووه‌گوێ له‌گه‌لی كوردستانیش بگیردرێ، كه‌داواكارییه‌كانی چین.

دواتر ئاماده‌بووان ژماره‌یه‌ك پرسیاریان كرد و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی یه‌ك به‌یه‌كی پرسیاره‌كانی دانه‌وه‌.

جێی باسه‌تیمی كار له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تلانتیك له‌25 پسپۆر و شاره‌زا پێكهاتووه‌بۆ لێكۆڵینه‌وه‌له‌چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاینده‌ی عێراق، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستانن، كه‌دواتر ئه‌نجامی دیداره‌كانیان له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی ئاینده‌ی عێراق ده‌خه‌نه‌به‌ر ده‌ست بڕیارسازانی ئه‌مریكا.

Monday, March 14, 2016

مه‌سروور بارزانی: زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان ڕۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌كانی داهاتوو ده‌گێڕێت



سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك ڕایگه‌یاند، زانكۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك، ڕۆڵێكی كارا له‌ پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌كانی داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا ده‌بینێت. 

مه‌سرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك، له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌ له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك پێشكه‌شی كرد، ڕایگه‌یاند: ”تكایه‌ هاوكارم بن له‌ یادكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و نه‌وه‌د و یه‌ك و ئازادكردنه‌وه‌ی دهۆك له‌ هه‌مان ڕۆژ. دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ساڵی دوو هه‌زار و سێزده‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه‌ به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و زانكۆیه‌م دانا، ئه‌مڕۆ لێره‌ین و ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌ی جه‌نه‌ڕال مسته‌فا بارزانی ده‌كه‌ینه‌وه‌. هاوكات سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ له‌ دامه‌زراندنی زانكۆكه‌دا هاوكارییان كردووه‌. 
مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كار كردن له‌ دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك كارێكی ئاسان نه‌بووه‌، چونكه‌ له‌و كاته‌دا پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی توندڕه‌وی داعشدا بووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش، سوپاسی پێشمه‌رگه‌ی كرد. 

سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: هه‌ندێك له‌ ئێوه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ خێزانی ئێمه‌ ده‌مێكه‌ له‌ پێناوی په‌روه‌رده‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گرنگییه‌كان و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌و باڵاخانه‌یه‌ی لێره‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ ناوی به‌ڕێز جه‌نه‌ڕال بارزانی ناو نراوه‌. جه‌نه‌ڕال مسته‌فا بارزانی به‌رده‌وام داكۆكی كردووه‌ و خوازیاری په‌ره‌پێدانی په‌روه‌رده‌ بووه‌. من زۆر گه‌نج بووم كه‌ ئه‌و كۆچی دوایی كرد. سوپاسگوزاری ئه‌وم بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌یبووه‌. جێی شانازییه‌ كه‌ من ببمه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك و درێژه‌ به‌ ڕێبازه‌كه‌ی بده‌م“. به‌ پێویستیشی زانی كه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ پێشوازی له‌ پڕۆژه‌كه‌ بكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانكۆكه‌ ڕۆڵێكی كارای له‌ په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانی قوتابیان ده‌بێت. گوتیشی: ”ئێمه‌ ناتوانین سوود له‌ به‌هره‌ی قوتابیان وه‌ربگرین، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاهێنانی پێویست له‌ ئاستێكی به‌رز وه‌ربگرن. ئه‌و قوتابییانه‌ ده‌بنه‌ سه‌ركرده‌ی داهاتوو له‌ كۆمه‌ڵگادا و گرنگی زۆریان ده‌بێت، به‌ هاندانی زانكۆی ئه‌مریكی ئامانجمان داكۆكیكردن له‌ به‌ها دیموكراسییه‌كان و مافه‌كانی ژنانه‌ و خوازیارین سه‌ركه‌وتن له‌ داهاتوودا له‌م بواره‌ تۆمار بكات. 

مه‌سرور بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ، پێنج ژنی كوردی ئێزدییان له‌ ده‌ست ڕێكخراوی توندڕه‌وی داعش ڕزگار كردووه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: زانكۆكه‌مان ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ هاریكاریی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌ته‌وه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ ڕفێندرابوون. سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان - دهۆك، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ قوتابییان خواست و ڕایگه‌یاند: وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆكه‌، هه‌ر كارێك په‌یوه‌ندی به‌ هاندانی قوتابیانه‌وه‌ هه‌بێت، له‌ خزمه‌تیان داین.