Masrour barzaniمەسرور بارزانی و جێگری وەزیری هاوكاری ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە
ئەمرۆ شەممە 15/6/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارتن جایگەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەبوون، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و دوا رەوش و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە لە رێگەی گفتوگۆ کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیارە لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگی بنیاتنەرانە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، چونکە ئاشتی و سەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لە ئاماژەیەکدا بۆ کاری داهاتوو، مەسرور بارزانی جەختی لە فرەچەشن کردنی ئابووری ناوخۆ و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لەبەرامبەر داواکاری هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بە مەبەستی گەشەپێدان و زیادکردنی وەبەرهێنانی بیانی کردەوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دەکات.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خرانە بەرباس، کە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش تووشی زیان بوونە.
No comments:
Post a Comment