Thursday, May 9, 2019

Masrour barzaniمەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای ئەمریکا کۆبوونەوە




مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە



ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە داڤید ساتەرفیڵد هەڵسوڕێنەری کارەکانی یاریدەدەری وەزیر و بەرپرسی نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە جۆی هود هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە عێراق و جەنەڕاڵ پۆڵ لاکامیرا فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرس ئامادەبوون، پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمریکا تاوتوێ کرا.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وێڕای تیشکخستنە سەر رۆڵی کارای هەرێمی کوردستان لە شەڕی تیرۆریستان و سەقامگیری عێراق و راگرتنی پەیوەندی هاوسەنگ لە ناوچەکە، هاوکات ئاماژەی بە هۆکاری کێشە و ناسەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دا و جەختی لە بایەخی دیالۆگ و گفتوگۆی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێکرا و روون کرایەوە، کە گفتوگۆکان بۆ کۆی کێشەکان لەنێوان هەردوولا بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەری درووست بەردەوامن و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە. 

لەلای خۆیەوە بەرپرسی نوسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، کە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کێشە و پرسەکان یارمەتیدەر دەبێت لە بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لە عێراق و ناوچەکە و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

No comments:

Post a Comment