مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە هاوبەشەکان، تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی لە گشت بوارەکان دووپات کردەوە، بە شێوەیەک كه لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری و دراوسێیەتیی باش بکات.
لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ویستی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.
گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.