مهسرور بارزانی و جێگری سهرۆك وهزیرانی بهلجیكا پرسه ههره گرنگهكان تاوتوێ دهكهن
ئەمرۆ سێشەممە ١٩-٢-٢٠١٩ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلێکسەندەر دی کرو، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و کریستۆس ستایلینادیس, کۆمیساری یەکێتیی ئەوڕوپا بۆ یارمەتیی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندن و پێشهاتەکان و کاریگەریی شەڕی تیرۆریستان لە ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا و یارمەتیی مرۆیی و هەماهەنگیی یەکێتیی ئەوڕوپا، خرایە بەرباس.
مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی بەلجیکای کرد, لە بەرامبەر هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا و هيواى خواست, ھاوکارییەکانی بەلجیکا و یەکێتیی ئەوڕوپا بۆ ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستاندا، فراوانتر بکرێت و زەمینەیەکی لە بار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی خۆیان برەخسێندرێت.
لەلای خۆیەوە، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، پێزانینی هەبوو بەرامبەر قوربانییەکانەکانی هێزی پێشمەرگە و تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەی، کە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراقە و رایگەیاند، بۆ ئەوە لێرەن تا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی.
لەلای خۆیشیەوە، کۆمیساری یەکێتیی ئەوڕوپا بۆ یارمەتیی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەکان، ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستاندا لە داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی یەکێتیی ئەوڕوپای لە زیاترکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و هەماهەنگی لە گشت بوارەکان نیشاندا.
No comments:
Post a Comment