مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له عێراق كرد و له دیدارێكدا رایگه‌یاند، ده‌رفه‌تێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له ئارادایه.
مه‌سروور بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 5/12/2018 له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ روار هۆگسدال، هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له عێراق ئاماژه‌ی به سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا و ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند، ده‌رفه‌تێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له ئارادایه.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه له‌و بابه‌ته به‌غدا و هه‌ولێر پێویستیان به یه‌كدی هه‌یه و ئاماژه‌ی به فه‌رامۆشكردنی جێبه‌جێكردنی ماده‌كانی ده‌ستوور و كه‌موكوڕییه‌كانی پرۆژه بودجه‌ی عێراق به‌رامبه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دا.
له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی عێراق كرا.
له‌لای خۆیه‌وه هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له عێراق سوپاسی مه‌سروور بارزانی كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته و پیرۆزبایی به‌ربژێركردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێ‌كرد و هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان و فره‌وانكردنی هاوكاریی و پاڵپشتی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا.
هۆگسدال وێرای به‌رزنرخاندنی هاوكاری و ئاسانكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ تیمی وڵاته‌كه‌ی، پوخته‌یه‌كی له كاروچالاكییه مرۆییه‌كانیان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه به‌تایبه‌تی له نه‌ینه‌وا خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها رۆڵی وڵاته‌كه‌ی له هاوپه‌یمانی جیهانی دژ به داعش دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌وان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌رده‌وام ده‌بن.
No comments:
Post a Comment