Wednesday, November 28, 2018

مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و شاندێکی یەکێتی ئەوروپا کۆبۆوە




ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ ستیڤن فه‌یگن كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكران.

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا و نه‌جه‌ف دا و دووپاتی له‌ پشتگیریكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق كرده‌وه‌ له‌ ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی له‌ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ ببێته‌ هۆی هاوكاری و چاكسازیكردن له‌و بواره‌دا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا هاوكاری ته‌كنیكی و ئاسایش له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ وه‌ك زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان جه‌ختی لێكرایه‌وه‌.

هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك به‌ بۆری هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان به‌ هه‌نگاوێكی باش دانرا، به‌وه‌ی سوودی هه‌موو لایه‌كی تێدا ده‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا باس له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداری لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌‌كان كرا.



مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ژیل دی كاركۆڤا، هه‌ماهه‌نگیكاری كاروباری دژه‌ تیرۆر له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا و رامۆن بلیكوا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ عێراق كرد.

له‌و دیداره‌دا مه‌سرور بارزانی باسی له‌ شه‌ڕی داعش و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و زیاتربوونی جموجۆڵه‌كانی داعش و هۆكاره‌كان كرد و رایگه‌یاند، سیستمی سیاسی كارپێكرا و گه‌نده‌ڵی و دابین نه‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان هۆكارگه‌لێكن و ئاماژه‌ی به‌ لێپسراوێتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دا بۆ رێگه‌ گرتن له‌ تیرۆریستان‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی ئه‌ورووپا به‌ تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان جه‌ختی لێكرایه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی شه‌ڕی داعش، شه‌ڕێكی جیهانییه و به‌ته‌نيا په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌یه‌ك یا لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌و كه‌ناڵ و سۆشیاڵ میدیانه‌ كرد‌، كه‌ داعش بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر خه‌ڵكی سوودیان لێ ده‌بینێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌ عێراق تیشكی خسته‌ سه‌ر گفتوگۆكانی فره‌وانكردنی یارمه‌تییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازیكردن له‌ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان. په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی نوێی عێراق ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.‌

No comments:

Post a Comment